راچڵەكین-
كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەكان لەعیراق رایگەیاند، ھەزار و ٤١٥ بڕیار، لەلایەن دەستەی دادوەرییەوە بۆ رەتكردنەوەی تانەكانی كاندیدان دەركراون.
كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەكان لە راگەیەندراوێكدا، دوایین پێشھاتەكانی لەبارەی بڕیارەكانی دەستەی دادوەریی بۆ ھەڵبژاردنەكان بڵاوكردەوە.
لە راگەیەندراوەكەدا ھاتووە: "دوایین پێشھاتەكانی پرۆسەی ھەڵبژاردنەكان، بۆ ئەنجوومەنی كۆمیسیاران خراوەتەڕوو، ئەوەیش دوای پێداچوونە بەسەرجەم ئەو تانانەی كە رەوانەی دەستەی دادوەریی بۆ ھەڵبژاردنەكان كران كە ژمارەیان ھەزار و ٤٣٦ تانە بوون".
ھەر بەپێی راگەیەنراوەكە، لە دوایین بڕیارەكانی دەستەی دادوەریی، ھەزار و ٤١٥ بڕیار بۆ رەتكردنەوەی تانەكانی كاندیدان دەركراون، ھەروەھا ٢١ بڕیاری ئەنجوومەنی كۆمیسیاران رەتكراونەتەوە و ١٥ بڕیاری دیكەیش بەھۆكارەكانی گرتنەبەری رێوشوێنەكان دەركراون كە بەھۆیانەوە كۆمیسیۆن پابەندكرا بەوەی پرۆسەی دووبارە ژماردن و جیاكردنەوەی دەنگەكان بەدەست بۆ ئەو وێستگانەی كە تانەیان لێدرابوو، ئەنجام بداتەوە.
باس لەوەیش كراوە، شەش بڕیاری دیكە لەلایەن دەستەی دادوەرییەوە دەركراون كە تیایدا لەبەر ھۆكارەكانی یاسایی و تەكنیكی، ژمارەیەك تانە پەسەندكراون و بەھۆیانەوە ئەنجامەكانی ژمارەیەك وێستگەی دەنگدان ھەڵوەشێندراونەتەوە.