نەخۆشخانەیەكی تایبەت بە چارەسەركردنی ئالودەبووانی ماددەی هۆشبەر درستدەكرێت

کوردستان

25/11/2021     ژمارەی بینراو 232

راچڵەكین –

بۆ یەكەم جار لە عیراق و هەرێمی كوردستان، نەخۆشخانە و ناوەندێكی تایبەت بە چارەسەركردنی ئاڵودەبووانی ماددەی هۆشبەر لەشاری هەولێر دروستدەكرێت، كە رووبەری 20 هەزار مەترو 19 ملیۆن دۆلاری بۆ تەرخانكراوە.

ئیبراهیم ئیدریس باپیر، سەرۆكی بۆردی كۆمپانیای داڤینشی، كە ئەركی دروستكردنی پرۆژەكەی لەئەستۆ گرتووە، بە ماڵپەڕی فەرمی حكومەتی هەرێمی راگەیاندووە، ئێمە سەرقاڵی دروستكردنی پڕۆژە‌یەكین وەك ناوەند و نە‌خۆشخانەیەكی تایبەت بە ئالودەبووانی ماددەی هۆشبەر، بۆ ئەو مەبەستەش پرۆپۆزەلێكمان پێشكەش بە بەڕێوەبەرایەتی ئاسایش‌ كردو ئەوانیش بۆ ئەنجومەنی وەزیرانیان بەرزكردەوەن دوای ئەوەی لەلاەین ئەنجومەنی وەزیرانەوە ڕەزامەندی لەسەر درا، ڕەوانەی وەبەرهێنان كراین.

وتیشی:" لەم هەنگاوەدا حكومەتی هەرێم پشتیوانی لێمان كرد و لە سەرۆكایەتی و وەزارەتی شارەوانییەوە بە پانتایی 20 هەزار مەتر، زەوی پێویست بۆ پڕۆژەكە دابینكراو ئێستا هەموو ڕێكارەكان تەواو بوون‌ و بڕیار وایە بەم زووانە دەست بە دروستكردنی باڵەخانەی نەخۆشخانەكە بكەین".

سەرۆكی بۆردی كۆمپانیای داڤینشی، روونیكردەوە، لەو نەخۆشخانەیە چارەسەركردنی ئاڵوودەبووان بەچەند بەش و قۆناغێك دەدرێت، لە مانگی یەكەمدا چەند هەفتەیەك چارەسەری سەرەتایی دەستپێدەكات، لە ماوەی سێ مانگدا تووشبوو دەتوانێت بە سوودوەرگرتن لە چارەسەرییەكان، جەستەی خۆی لە ماددەی هۆشبەر پاكبكاتەوە، وتیشی:" ئێمە زیاتر كار لەسەر ئەو تووشبووانە دەكەین كە بەكارهێنانی ماددەكەیان لە سەرەتایە، یانیش ماوەیەكی كەمە دەستیان پێكردووە".

سەبارەت بە خەرجیی چارەسەركردنی ئالودەبووانی ماددە هۆشبەرەكان، ئیبڕاهیم ئیدریس رایگەیاند: بە گشتی لەبەر ئەوەی پڕۆژە‌یەكی وەبەرهێنانە، هەوڵ دەدرێت تەنها لایەنە ماددییەكە مەبەست نەبێت، هاوكات ڕێكخراوی تری پەیوەندیدار پشتیوانی كەسانی تووشبوو دەكەن، لەلایەكی ترەوە خودی خانەوادەكان كە توانای داراییان هەیە، پێیان خۆشە لە ڕووی ماددیەوە هاوكاربن و بە جۆرێك لە جۆرەكان خەرجی منداڵەكانیان بكەن كە ئاڵوودەی ماددە هۆشبەرەكان ‌بوونە، حكومەتی هەرێمیش پشتیوانی ئەم حاڵەتانە دەكات.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن