بارسیلۆناكەی چاڤی دووەم سەركەوتنی بەدەستهێنا

وەرزش

28/11/2021     ژمارەی بینراو 400

راچڵەكین-

 شەوی رابردوو، یاریی لوتكەی گەڕی 15ـی لالیگا لەسەر یاریگەی لاسیرامیكا بەڕێوەچوو، تیایدا یانەی  ڤیاڕیالی خاوەن ماڵ، میوانداری بارسێلۆنا برینداریكرد.

گێمی یەكەمی یاریەكە سەرباری هێرشی یاریزانانی هەردوو یانە كە هەندێكیان مەترسی راستەقینەبوون لەسەر تۆڕی گۆڵی یەكدی، بەڵام ئەنجامی ئەو گێمە بە بێ گۆڵ كۆتایی هات.

لە سەرەتای گێمی دووەمدا،  فرێنكی دی یۆنگ گۆڵی پێشكەوتنی بۆ بارسا تۆماركرد، بەڵام گۆڵەكە لەلایەن ناوبژیوانەوە رەتكرایەوە تا ئەو كاتەی ڤار  بە هانای كەتەلۆنییەكان هات و سەلماندی كە گۆڵێكی راست و دروستە.
 
یارییەكە بەو ئەنجامە مایەوە تاوەكو لە خولەكی 76 ساموێل چاكوێزی یاریزانی نایجیری توانی گۆڵی یەكسانبوون بۆ تیپی خاوەن یاریگا تۆماربكات.
 
دوو خولەك بەر لە كۆتاییهاتنی یارییەكە، مێمفێس دێپای توانی سوود لە هەڵەیەكی بەرگریكاری ڤیاڕیال وەربگرێت و گۆڵی دووەم و سەركەوتن بۆ بارسا تۆماربكات.
 
تیپی میوان بەوەش نەوەستا، تاوەكو كۆتینیۆی بەرازیلی لە كاتی زیادكراودا لێدانێكی سزای بەدەستهێنا و هەر خۆشی بەسەركەوتوویی جێبەجێیكرد.

بەو شێوەیە، یاریەكە بەئەنجامی سێ گۆڵ بەرامبەر بەگۆڵێك كۆتایی هات و یانە كەتەلۆنییەكە ئەوە دووەم یاریە لەژێر سەرپەرشتی چاڤیدا سەركەوتن بەدەست دەهێنن و كۆی خاڵەكانیان گەیاندە 23 خاڵ و لەپلەی حەوتەمی لالیگادا دەبینرێت. 

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن