پەیامێك لە بافڵ جەلال تاڵەبانی-یەوە

کوردستان

28/11/2021     ژمارەی بینراو 2880

راچڵەكین-

بافڵ جەلال تاڵەبانی، رایدەگەیەنێت، بۆ رووبەڕووبوونەوەی پاشماوەكانی داعش و رێگری لە جموجۆڵەكانیان كە مایەی ھەڕەشەی جددین لەناوچە كێشە لەسەرەكان:" جارێكی تر داوادەكەین دۆسیەی ئەمنی ئەو ناوچانە بە ھاوبەشی، بە سیاسەت و تێڕوانینێكی ترەوە لەپێناو سەقامگیریی، ئاسایش و ئارامی زیاتر بەڕێوەببرێن."

شەوی رابردوو چەكدارانی داعش لە ناوچەی تەپی تەڵان لە سنووری كوڵەجۆ هێرشیانكردە سەر هێزەكانی پێشمەرگە، لەكاتی بەهاناوەچوونی پێشمەرگەكانیش، بۆمبێكی چێندراو بە ئۆتۆمبێلێكی پێشمەرگەدا تەقییەوە و بەهۆیەوە پێنج پێشمەرگە شەهیدبوون و چواری دیكەش برینداربوون.

بافڵ جەلال تاڵەبانی، لەپەیامێكی هاوخەمیدا رایگەیاندووە:" شەوی رابردوو لە ھەوڵێكی ترسنۆكانەی دیكەی تیرۆریستاندا، پەلاماری سەنگەرەكانی پێشەوەی پێشمەرگە لە سنووری كوڵەجۆی گەرمیان درا، بەداخ و پەژارەیەكی زۆرەوە لە ئەنجامی ئەو كردەوە تیرۆریستییه،‌ پێنج پێشمەرگەی قارەمان شەھید بوون و چوار پێشمەرگەی دیكەش برینداربوون."

"بە نیگەرانییەكی زۆرەوە لە چەندبارەبوونەوەی ئەم پەلامارە تیرۆریستییانە بۆ سەر سەنگەرەكانی ھێزی پێشمەرگە، لە ناوچە كێشەلەسەر و دابڕێندراوەكانی ھەرێم دەڕوانم."

بافڵ جەلال تاڵەبانی دەڵێت:" بۆ بەرپەرچیدانەوەی ئەم پەلامارانە، پێویستی زیاترمان بە پلان، بەرنامەی ھاوبەش و ھەماھەنگی ھەیە، بەتایبەت چڕكردنەوەی كاركردنی پێكەوەیی زیاتر لە نێوان ھێزی پێشمەرگە و سوپای عێراقدا، بۆ رووبەڕووبوونەوەی پاشماوەكانی داعش و رێگری لە جموجۆڵەكانیان كە مایەی ھەڕەشەی جددین بۆ ئەو سنوورانە. لێرەوە جارێكی تر داوادەكەین دۆسیەی ئەمنی ئەو ناوچانە بە ھاوبەشی، بە سیاسەت و تێڕوانینێكی ترەوە لەپێناو سەقامگیریی، ئاسایش و ئارامی زیاتر بەڕێوەببرێن."

 بافڵ جەلال تاڵەبانی، لەكۆتایی پەیامەكەیدا ئامادەیی نیشانداوە بۆ ھەر ھاوكاری و چارەسەرێكی خێرا بۆ بریندارانی ئەو پەلامارە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن