هۆشدارییەکی بەپەلە لە بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی منداڵانی سلێمانییەوە

تەندروستی

13/12/2021     ژمارەی بینراو 880

راچڵەکین-

بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی جەمال ئەحمەد رەشیدی منداڵانی سلێمانی رایدەگەیەنێت،  نەخۆشخانەکەیان کێشەی کەمی کارمەندی هەیە، داواش دەکات هەرچی زووترە کارمەندو پەرستاریان بۆ دابمەزرێنن.

د. پشدەر عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەکە لە نووسینێکدا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بڵاویکردووەتەوە، نەخۆشخانەی دکتۆر جەمال ئەحمەد ڕەشیدی منداڵانی فێرکاری بەدەست کەمی کارمەندەوە دەناڵێنێت.

دەشڵێت:" پێش دەستپێکردنی نۆژەنکردنەوەو کردنەوەی بەشی تازە تەنها سێ نهۆمی نەخۆشخانەکە نەخۆشی تێدا ئەخەوێنرا، بەڵام دوای نۆژەنکردنەوە و فراوانکردنی نەخۆشخانەکە لە ئێستادا بەخۆشحاڵییەوە شەش بەش واتە دوو ئەوەندەی جاران بەشەکانی نەخۆشی تێدا ئەخەوێنرێت، لەداهاتوویەکی نزیکدا بەشێکی تریشمان ئەکرێتەوەو ئەخرێتە خزمەت منداڵانی کوردستان".

" لەگەڵ زیادبوونی توانای وەرگرتنی نەخۆش بۆ دوو ئەوەندە کارمەندمان نەک زیادی نەکردووە بەڵکوو بەپێچەوانەوە بەهۆی خانەنشین کردن و بەشێکیشیان بەهۆی گواستنەوەیان زۆر کەمی کردووە". بەڕێوەبەری نەخۆشخانەکە وا دەڵێت.

ئاماژەی بەوەشکردووە:" ماوەیەکە کارمەندەکانمان زۆر هیلاکن و ماندوون بەهۆی لۆدێکی زۆری نەخۆش،بەهیچ شێوەیەک لەتوانایاندا نەماوە، لەکام نەخۆشخانەی دونیادا هەیە یەک کارمەند فریای چارەسەری پانزە بۆ بیست نەخۆش بکەوێت لە کاتێکدا بەشێک لە کارمەندەکانمان تەمەنیان زۆرەو وەک پێویست توانای جارانیان نییە".

د.پشدەر لە کۆتایی نووسینەکەیدا ئاماژەی بەوەشکردووە:"چەندین جار داوامان کردووە دامەزراندن بکرێتەوە بەتایبەت بۆ نەخۆشخانەکەی ئێمە بەڵام  نەیان کرد،لە ئێستادا لۆدێکی زۆر لەسەر نەخۆشخانەکەمانە، هیوادارم هەرچی زووترە کارمەندو پەرستارمان بۆ دابمەزرێنن بۆ ئەوەی خزمەتی زیاتر بکەین"

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن