لە كاتێكدا ئێران لە هێنانەدی خەونە ئەتۆمییەكەی نزیك دەبێتەوە ئیسرائیل چی دەكات؟

ڕاپۆرت

16/12/2021     ژمارەی بینراو 288

راچڵەكین-

لە كاتێكدا زانیاری هەمەجۆر دڵنیای دەدەن لەوەی ئێران زۆر نزیكبووەتەوە لە ئامانجی بەدەستهێنانی ماددەی پێویست بۆ بەرهەمهێنانی چەكی ئەتۆمی، جیهانی خۆرئاوا و ئیسرائیل كۆمەڵێك پلان دادەڕێژن بۆ رێگریكردن لەوە.

حكومەتی ئەمریكا بەرامبەر ئەو مەرجانەی تاران بانگەشەیان بۆ دەكات هەڵوێستێكی دروستر لە چاوەڕوانییەكانی نیشانداوە لەبارەی هەڵگرتنی سزاكانی سەر ئەو وڵاتە.

لای خۆیەوە ئیسرائیل بەردەوامە لەسەر كردنەئامانجی ئێران هەرلە ئەنجامدانی هێرشی ئاسمانیی بۆسەر شوێنەكانی سەربە ئێران لە سووریا یان گرووپەكانی سەر بەو، ئەمە لە كاتێكدا گورزی كوشندە لەو وڵاتە دەدات لە رێگەی تەقاندنەوەی دامەزراوە ئەتۆمییەكانی، هەوڵی كوشتنی پسپۆڕانی و ئەنجامدانی هێرشی راستەوخۆ.

بەپێی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم لە كانوونی دووەمی ٢٠٢١ەوە لەوەتەی بایدن بووەتە سەرۆكی ئەمریكا تا ئێستا، ئێران بەردەوامە لەسەر هەوڵەكانی پیتاندنی یۆرانیۆم تا ئەوەی نزیكبووەتەوە لە بەرهەمهێنانی چەكی ئەتۆمی.

ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم ئەوەشی خستەڕوو كە لە شوباتی ٢٠٢١ەوە لەوەتەی ئێران پابەندی بە رێككەوتنی ئەتۆمی هەڵپەساردووە، هەوڵەكانی چاودێری چالاكییەكانی تاران لەو بوارەدا دووچاری شكست بووە، بەو شێوەیەش تاران دەرفەتی گەورەتری بەدەستهێناوە لە بواری پیتاندنی یۆرانیۆمدا.

- ئێران هەڵگرتنی سزاكانی كردووەتە مەرج بۆ دانوستانی راستەوخۆ

حكوومەتەكەی دۆناڵد ترەمپ كە دوای كشانەوەی لە رێككەوتنی ئەتۆمی لە ساڵی ٢٠١٨دا هەموو سزاكانی خستەوە سەر ئێران، بۆ گەڕانەوە بۆ دانوستانە ئەتۆمییەكان مەرجی ''تاوتوێكردنی بەرنامەی پەرەپێدانی مووشەكی بالیستی لە دانوستانەكاندا لەپاڵ دانوستانی ئەتۆمی و راگرتنی پشتیوانی دارایی رێكخراوە تیرۆریستییەكانی'' لەسەر ئێران دانا.

ئێران ئەو مەرجانەی پەسەند نەكرد. هەرچەندە حكوومەتەكەی بایدن ئەو مەرجانەی ترەمپی هەڵوەشاندەوە و گەڕایەوە بۆ دانوستان لەگەڵ ئێران، بەڵام تاران داوای هەڵگرتنی تەواوی ئەو سزایانە دەكات كە ترەمپ سەپاندوونی بۆ دەستپێكردنی دانوستانی راستەوخۆ.

حكوومەتی ئەمریكا بە رابەرایەتی بایدن، دەیانجار خواستی خۆی بۆ گەڕانەوە بۆ ئەو رێككەوتنە نیشان دا كە ساڵی ٢٠١٥ كراوە، بەڵام ئێران بانگەشەی ئەوە دەكات كە واشنتۆن لە ئایاری ٢٠١٨ەوە تا ئێستا رێككەوتنەكە پێشێل دەكات.

دانوستانەكان كە تیایاندا تاوتوێی دووبارە تەواو جێبەجێكردنی رێككەوتنی ئەتۆمی دەكرێت لەگەڵ گەڕانەوەی ئەمریكا بۆ ئەو رێككەوتنە لە ٢٩ی تشرینی دووەمدا لە ڤییەننای پایتەختی نەمسا سەرلەنوێ دەستی پێ كردەوە

بەڵام بەهۆی رێكنەكەوتنی لایەنەكان لەو كۆبوونەوانەی پێنج رۆژ بەردەوام بوون و بە سەرۆكایەتی بەڕێوەبەری سیاسیی و جێگری سكرتێری گشتیی دەزگای پەیوەندیە دەرەكییەكانی یەكێتیی ئەورووپا، ئێنریك مۆرا و بە بەشداری نوێنەرانی باڵای رووسیا، چین، ئەڵمانیا، فەڕەنسا، بەریتانیا و ئێران بەڕێوەچوو، دواخرا.

- لە هەڵوێستی ئێراندا ئەوە بەدی دەكرێت كە هەڵسەنگاندن بۆ رێگاچارەی سەربازیی ئەمریكا ناكات

بەگوێرەی راگەیاندنەكانی ئەمریكا حكوومەتی واشنتۆن لە دانوستانە لاوەكییەكانی ڤییەننادا كە لە نۆی كانوونی یەكەمەوە دەستیان پێ كردووە، ئەگەرچی كەمیش بێت، بەڵام بەرەوپێشچوونی بەخۆوەبینیوە.

لای خۆشییەوە جێگری وەزیری دەرەوە و سەرۆكی شاندی دانوستانكاری ئێران، عەلی باقری ئەوەی ئاشكرا كرد كە بە نیازی پلانێكی كاری گشتگیر دەستیان بە گفتوگۆكانی گەڕی دانوستانە لاوەكییەكانی نۆی كانوونی یەكەم، كردووە.

بەڵام وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا بانگەشەی ئەوە دەكات كە شاندەكەی ئێران وێڕای تۆماركردنی چەند بەرەوپێشچوونێك لە گەڕەكانی پێشووی دانوستانەكاندا، ئەمجارە هیچ پێشنیازێكی بنیاتنەرانەی پێشكەش نەكردووە.

شاندەكەی ئێران، داوای هەڵگرتنی تەواوی سزاكانی سەر حكوومەتی ئێران دەكات و لە هەمان كاتدا بانگەشەی ئەوەش دەكات كە ستراتیجێكی تایبەت بە ئەنجامدانی ئاسانكاری تەكنەلۆجیا بۆ بەكارهێنانی وزەی ناوەكی بۆ ئامانجی ئاشتییانە، پەیڕەودەكات.

بە رای چاودێران، حكوومەتی تاران لەبەر ئەوەی دەزانێت "ئەمریكا لە بەرامبەر بەرنامە ئەتۆمییەكەیدا رێگاچارەی سەربازی ناگرێتەبەر و ئیسرائیلیش لەم روانگەیەوە هیچ هەنگاوێكی نەگرتووەتەبەر" لە هەڵوێستەكانیدا گرنگی بە رێگاچارەی سەربازیی نادات.

هەروەها ئەوەش دەزاندرێت كە ئێران لە روانگەی پڕۆگرامە ئەتۆمییەكەیەوە لەلایەن چین و رووسیاوە پشتیوانی دەكرێت.

- ئێران و ئیسرائیل لێدوانی دژبە یەك دەدەن

ئێران و ئیسرائیل بەردەوامن لە لێدوانی توند دژبەیەك. وەزیری ناوخۆی ئێران، ئەحمەد واحیدی هەڕەشەی ئەوەی كرد كە هەر هەنگاوێكی ئیسرائیل دژبە ئێران دەبێتە "كۆتایی ئیسرائیل" گوتیشی: "ئێران و هاوپەیمانەكانی چاوەڕێن ئیسرائیل هەنگاوێك بنێت".

هەروەها بە بڕوای فەرماندەی گشتیی سوپای پاسدارانی ئێران، حسێن سەلامی، ئیسرائیل نیگەرانە لە هەڵوێستی ئەمریكا لە بەرامبەر هەڕەشەكانی ئێران لەسەر ئاسایشی نیشتیمانیی ئیسرائیل".

لەبەرامبەر ئەم لێدوانە توندانەی ئێران، ئیسرائیلیش هەڕەشەی بۆردومانكردن و ئاراستەكردنی مووشەك بۆ وێستگە ئەتۆمییەكانی ئێران دەكات.

ئەگەریش دانوستانەكانی ڤییەننا بە رێككەوتن كۆتاییان بێت، ئەوا ئەمریكا و نەتەوە یەكگرتووەكان تەواوی سزاكان لەسەر ئێران هەڵدەگرن و حكوومەتی تاران دەتوانێت دەستی بگات بە ملیارەها دۆلاری خۆی لە بانكە بیانییەكاندا، ئەمەش دەبێتە هەلێك بۆ ئێران تا ئابووری خۆی بژیەنێتەوە و پشتیوانییەكانیشی بۆ میلیشیا شیعەكانی عێراق، سووریا، یەمەن و لوبنان زیاد بكات.

- بژاردەكانی بەردەم تەل ئەبیب چین بەرامبەر بەرنامەی ئەتۆمی ئێران؟

ئیدارەی ئیسرائیل، رەزامەندی دەربڕیووە بە دابینكردنی نزیكەی یەك ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دۆلاری بوودجەكەی بۆ ئامادەكارییەكارییەكان بۆ زیانگەیاندن بە پێخشتنی بەرنامەی چەكی ئەتۆمی و مووشەكی بالیستی ئێران.

ئاماژە بەوە دەدرێت كە تەل ئەبیب جگە لە بژاردەی جۆراوجۆری سەربازیی بەرامبەر ئێران و گەشتە فڕۆكەوانییە چاودێرییەكان، هەروەها لەوانەیە سیستەمی چەكی زیرەك بەكار بهێنێت كە توانای ئەوەی هەیە دزە بكاتە ناوچەكانی دروستكردنی چەكی ئەتۆمی ئێران.

بەڵام پسپۆڕانی ئیسرائیلی ئاماژە بەوە دەدەن كە ئیسرائیل ئامادەكارییەكی لەم جۆرەی نەكردووە و ئەگەری هێرشكردنە سەر ناوچەكانی دروستكردنی چەكی ئەتۆمی ئێران لەئارادا نییە.

ئەم پسپۆڕانە باس لەوە دەكەن كە تەل ئەبیب بەردەوام دەبێت لە خۆپڕچەككردن وەك ئامادەكاری بۆ پەنابردنە بەر هێرشی سەربازی لە داهاتوودا و بەردەوام دەبێت لە كارە نهێنییەكان.

لەم میانەیەدا لە ئیسرائیل كەشێكی وا رەخسێندراوە كە لە ئەگەری گەیشتنە هەر رێككەوتنێك لە میانی دانوستانەكانی بەرنامەی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران، بە هیچ جۆرێك ئیسرائیل پابەندی ئەو رێككەوتنە نابێت.

بۆیە بیر لەوە دەكرێتەوە ئەگەر تەواوی چین و توێژەكانی ئیسرائیل بە تەنها لە جیهان بەرامبەر هەڕەشەكانی ئێران بمێننەوە، بەردەوام دەبن لە پێشخستنی بژاردەكانیان.

- هەڵوێستی واشنتۆن بەرامبەر بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران

رادیۆی سوپای ئیسرائیل لە ١١ی ئەم مانگە بڵاوی كردەوە كە وەزیری بەرگریی ئیسرائیل، بێننی گانتز ئەمریكای لەوە ئاگاداركردووەتەوە كە "رێنمایی داوە بە سوپای ئیسرائیل بۆ ئامادەكارییەكان بۆ پەنابردنە بەر بژاردەی سەربازیی بەرامبەر ئێران".‌

گانتز لە ١٠ی ئەم مانگە لە پنتاگۆن لەگەڵ هاوتا ئەمریكییەكەی تاوتوێی هەماهەنگی سەربازیی لە بەرامبەر هەوڵەكانی ئێران بۆ بەدەستهێنانی بەرنامەی ئەتۆمی و ئامادەكارییە سەربازییەكان بەرامبەر هەڕەشەكانی ئێرانیان كرد.

بەڵام پنتاگۆن لەو باوەڕە دایە كە هێشتا ئیدارەی ئەمریكا دەرفەتی لە بەردەم دایە بۆ ئەوەی لە رێگای دیپلۆماتییەوە لەگەڵ تاران بگاتە ئەنجام لەبارەی بەرنامەی ئەتۆمی ئێرانەوە.

میدیاكانی ئەمریكا بە پشتبەستن بە سەرچاوەكانی كۆشكی سپی ئاماژە بەوە دەدەن كە بایدن چەند هەفتەیەك لەمەوبەر داوای لە راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی، جەیك سولیڤان كردووە كە لە ئەگەری سەرنەكەوتنی هەوڵە دیپلۆماتییەكان، ئەوا چاو بەو هەنگاوە سەربازییانە بخشێنێتەوە كە دەندرێن.

بەرپرسانی ئەمریكی هەروەها ئاماژەیان بەوە داوە كە لەبری هەڵگرتنی سزاكانی سەر ئێران هەوڵ هەیە بۆ ئەوەی سزاكانی سەر ئێران زیاد بكرێن.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن