رووسیا هێزی سەربازی رەوانەی وڵاتێكی دراوسێ دەكات

جیهان

06/01/2022     ژمارەی بینراو 296

راچڵەكین –

وەزارەتی بەرگری رووسیا رایگەیاند، لەسەر داوای سەرۆكی كازاخستان، هێزێكی سەربازییان رەوانەی ئەو وڵاتە كردووە بۆ كۆنترۆڵكردنی دۆخی ئەمنی، كە بەهۆی خۆپیشاندانەوە توندوتیژی لێكەوتووەتەوەو دەیان كەسیش كوژراوو بریندار بوون.

وەزارەتكە لە راگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، رەوانەكردنی هێزەكانی وڵاتەكەی بۆ كازاخستان، لەچوارچێوەی رێككەوتننامەی بەرگریی بەكۆمەڵە، كە لەنێوان رووسیاو چەند وڵاتێكی دیكەی یەكێتیی سۆڤیەتی پێشوو واژۆكراوەو ئامانج لێی پاراستنی ئاسایشی ناوخۆی ئەو وڵاتانەیە كە دووچاری پشێوی ناوخۆیی دەبنەوە.

ماوەی چەند رۆژێكە بەهۆی گرانبوونی نرخی غاز لە كازاخستان، خۆپیشاندانی فراوان بەردەوامەو سەرۆكی ئەو وڵاتەش حكومەتی هەڵوەشاندەوەو بەڵێنی دا نرخی غاز وەك پێشووی لێبكرێتەوە، بەڵام خۆپیشاندەران رەتیانكردەوە كۆتایی بە خۆپیشاندانەكە بهێنن، كە چەندین شاری ئەو وڵاتەی گرتووەتەوەو تائێستاش دەیان كەس لە خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەكان كوژراون و بریندار بوون.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن