وەزارەتی دارایی: تائەمڕۆ وەزارەتی سامانە سروشتییەكان داهاتی نەناردووە

کوردستان

15/01/2022     ژمارەی بینراو 554

راچڵەكین-

بەرپرسێكی وەزارەتی دارایی و ئابوری حكومەتی هەرێم ئاشكرای كرد تا ئەمڕۆ وەزارەتی سامانە سروشتییەكان داهاتی خۆیان نەناردوە بۆیە "نەماتوانیوە بەپێی پێویست ئامادەكاری بكەین بۆ بودجەی 2022".

پەروین نوری، بەڕێوەبەری گشتیی بودجە لە وەزارەتی دارایی و ئابوری ئەمڕۆ شەممە لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوەكرد: "لەكابینەی نۆیەمدا سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان فەرمانیكرد كە هەموو داهاتی حكومەت بچێتەوە وەزارەتی دارایی، بەڵام بەداخەوە تا ئەمڕۆ وەزارەتی سامانە سروشتییەكان داهاتی خۆیانی بۆ ئێمە نەناردوە بۆیە ئێمە نەماتوانیوە بەپێی پێویست ئامادەكاری بكەین بۆ بودجەی 2022."

وتیشی:" هۆكارێكی دیكە ئەوەیە كە تا ئێستا پەرلەمانی عیراق كارەكانی نەچوەتە بواری جێبەجێكردن و لیژنەكان دروستنەكراون و حكومەتی نوێی عیراق پێكنەهێنراوە".

ئەو بەرپرسەی وەزارەتی دارایی ئەوەشی روونكردەوە: "هۆكارێكی دیكەی ئامادەنەكردنی پڕۆژەی بودجەی 2022 ئەوەیە كە تا ئێستا لەگەڵ حكومەتی عیراق نەگەیشتونەتە رێككەوتنێك و دیارنیە ئایا لەمساڵیشدا هاوشێوەی ساڵی 2021 دیارنیە بەردەوام دەبین یاخود نا، ئایا ئەوان بەشە بودجەی هەرێم دەنێرین یان نا، هێشتا دیارنیە".

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن