هەڤاڵ ئەبوبەكر: ئەوەی بەقاچاغ هاتووەتەوەو خۆی ئاشكرا نەكردووە مامەڵەی تاوانباری لەگەڵدا دەكەین

چاوپێکەوتن

17/03/2020     ژمارەی بینراو 884

راچڵەكین-

پارێزگاری سلێمانی دەڵێت، لەدوای ئەم یەك دوو ڕۆژە خۆمان تەرخان دەكەین بۆ ئەوانەی بەقاچاغی گەڕاونەتەوە و وەك تاوانبار مامەڵەیان لەگەڵ دەكەین دواتر لەڕێگای داواكاری گشتیەوە سكاڵای یاساییان لەسەر تۆمار دەكەین كە ویستوییانە تەندروستی گشتی و ئاسایشی گشتی تێكبدەن.

هەڤاڵ ئەبوبەكر، سەبارەت  بە ڕێكارەكان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا ووتی:" لەسەرەتای بڵاوبونەوەی ڤایرۆسەكە ئێمە ڕێ و شوێنمان گرتووە تەبەر هەر لە فڕۆكەخانەكانەوە تا خاڵە سنورییەكان و ئامادەكردنی نەخۆشخانەكان بۆ قۆناغی چارەسەر و چاودێری ورد، كەرتی تایبەتی نیشتمانیش لەپاڵ كەرتی گشتیدا دەستپێشخەری جدییان هەبووە،هەروەها جێی خۆیەتی سوپاسی هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان و پارێزگاكەمان بكەین بۆ هاوكاریكردن و جێ بەجێ كردنی ڕێنماییەكان."

وتیشی:" لەئێستادا لەقۆناغی خۆپارێزیدان بەبەردەوامی ئەوەش وادەكات كە تەمەنی مانەوەی ڤایرۆسەكە كورت بكاتەوە، جگە لەوەی سەرچاوەی ڤایرۆسەكە نێوخۆیی نیە ئەو كەسانەی توشی بوون یان لە ئێران گەڕاونەتەوە یا تێكەڵی ئەو كەسانەن كە لە ئێران گەڕاونەتەوە كە ئەمەش خاڵێكی پۆزەتیڤە لەڕووی تەندروستیەوە بۆیە دەتوانم بڵێم بارودۆخەكە لەسلێمانی لەژێر كۆنترۆڵدایە، هەموو ئەو حاڵەتانەش دەزگا تەندروستی و ئەمنیەكان لەڕووی پشكنینەوە ڕوماڵیان كردوون بەسوپاسەوە، واتە حاڵەتی كتوپڕ و لەناكاو نەبوون."

پارێزگاری سلێمانی ئەوەشی وت:" بەهۆی ئەوەی كە ئێمە لەپێشتردا ڕێ و شوێنمان گرتووەتەبەر بۆیە چەند هەنگاوێك لەپێشەوەین لەڕووی دابینكردنی پێداویستی ڕۆژانە و كەلوپەلی پاككردنەوە بۆیە ئومێد دەكەین حاڵەتی بەكۆمەڵ ڕونەدات و دۆخەكە لەكۆنترۆڵ دەرنەچێت، بەهیمەتی حكومەتی هەرێمی كوردستان و ژمارەیەك لەو وڵاتانەی كۆمەكیان پێبەخشیوین وەك چین و ئەڵمانیا دەتوانم بڵێم بارودۆخەكان تا ئێستا لە ئاستێكی باشدان و عەمارێكی زۆرمان هەیە لەڕووی سوتەمەنی و خۆراكی (وشك و تەڕە، سوپاس بۆ قایمقامیەت و لیژنەكانی قایمقامیەتی سلێمانی كە بەشێوەیەكی ورد لەمەدا كارییان كردووە بیست و چوار سەعاتە، وە سەرمایەدارەكانمان هانداوە بە بڕی ملیۆنان دۆلار خواردن و پێداویستی بكڕن و بیهێننە هەرێمی كوردستان، جگە لەوەی شەوی ڕابردوتر حكومەتی هەرێمی كوردستانیش بڕیاری دا بە هاوكاری كردنی سەبەتەی خواردن بۆ هەژاران و یا ئەوانەی بەهۆی ئەم دۆخەوە زیان دەكەن."

هەڤاڵ ئەبوبەكر سەبارەت بەو كەسانەی بەقاچاغی لە ئێرانەوە هاتونەوە دەڵێت:" بەهۆی بوونی سنورێكی فراوان هەم لەلای ڕۆژهەڵاتی كوردستان هەم لە عیراق كە سنورێكی كراوەمان هەیە بەڵام بەسوپاسەوە بۆ هێزەكانی پاسەوانی سنور و پۆلیس و ئاسایش و لیوای یەكی پاراستنی سلێمانی و نشینگەوە توانیومانە كارێكی ورد بكەین بۆ ئەوەی بەشێكی زۆری خەڵك هانبدەین كە بەڕێگا یاسایی و دروستەكان بگەڕێنەوە كە ئەوانە هەمووی كەرەنتینە كراون و پشكنینیان بۆ كراوە بەشێكی تری خەڵك بەڕێگا قاچاغەكان هاتۆتەوە چ قاچاغچیەكە وە چ ئەو خەڵكانەمان گرتووە، وە ئەوانەی لە مونزریە و ڕێگاكانی ترەوە هاتونەتەوە ناو و ژمارە و ئەدرەسی هەمویان لەبەردەم دامودەزگاكانی ئێمەدایە ئێمە لەڕێگای بەڕێز داواكاری گشتی سلێمانیەوە ڕاگەیەنراوێكمان بڵاوكردەوە داوامان لەهەموو ئەو خۆشەویستانەكردووە كە خۆیان بەدامودەزگا تەندروستیەكان بناسێنن تا پشكنینیان بۆ بكەین چونكە لەدوای ئەم یەك دوو ڕۆژەوە كە بەتەواوی سنور داخراوە لەدوانزەی شەوی ڕابردووە بەتەواوی خۆمان تەرخان دەكەین بۆ پشكنینی ئەو بەڕێزانە داوایان لێدەكەین بەڕەزامەندی خۆیان بێن پشكنینیان بۆ بكرێت وە بەسوپاسەوە دەتوانم بڵێم لەڕۆژانی ڕابردووە وە بەسەدان كەسیان خۆیان بەدامودەزگا تەندروستیەكان ناساندووە و پشكنینیان بۆ كراوە ئەگەر هەركەسێك سەرپێچی بكات و خۆی بشارێتەوە دڵنیای دەكەینەوە لەچاوی ئاسایشی تەندروستی و دامودەزگاكانی ئێمە بەدوور نیە بەڵام ئەگەر ئێمە بیاندۆزینەوە مامەڵەی تاوانبارییان لەگەڵ دەكەین جگە لەوەی لەڕێگای داواكاری گشتیەوە سكاڵایان لەسەر تۆماردەكەین كە ویستوییانە تەندروستی گشتی و ئاسایشی گشتی و نیزامی عام تێكبدەن."

پارێزگاری سلێمانی جەختی كردەوە، دڵنیایی دەدەینە هاوڵاتیان كەناو و ژمارە و ئەدرەسی هەموو ئەو كەسانەیان لایە كە بەقاچاغ گەڕاونەتەوە هەرێمی كوردستان و ڕونیشیكردەوە" سەرچاوەی زانیارییەكانمان لەناو خودی هاوڵاتیانە كە چاوی هاوڵاتیان تیژتر لەچاوی دەوڵەتە بۆیە داوا لەوكەسانە دەكەین خۆیان بێن بۆ ڕێكارە پزیشكیەكان نەك ئێمە وەك تاوانبار مامەڵەیان لەگەڵدا بكەین."

دەربارەی ئەگەری درێژكردنەوەی قەدەغەی هاتوچۆ جارێكی تر لەنێوان شارەكان و ناو خودی شارەكان؟ هەڤاڵ ئەبوبەكر دەڵێت" دیاریكردنی هەر ماوەیەك بۆ قەدەغەی هاتوچۆ و كۆڕوكۆبونەوە و قەرەباڵغی بەستراوە بەو ڕاپۆرتانەی لایەنی تەندروستی دەیخەنە بەردەست ئێمە و بەڕێز وەزیری ناوخۆ، بەڵام بەبڕوای ئێمە ئەم پێنج ڕۆژی قەدەغەكردنی هاتوچۆیە ئەنجامێكی باشی هەبووە ئومێد دەكەم ئەمە خۆڕاگرییەكی لای خەڵك دروست كردبێت كە هەموو ئامانج لەم قەدەغەكردنە بۆ ئەوەیە خەڵك كۆنەبێتەوە و قەرەباڵغی و مۆڵ دروست نەكات لەشوێنێكدا وە دابونەریتە كۆمەڵایەتیەكانی وەك تەوقە و ماچكردن و باوەش پێداكردن و نان خواردن لەسەر كاسەیەك واز لێبهێنێت ئەوا درێژكردنەوەی ماوەی قەدەغەكردن پێویست ناكات چونكە ئامانج لێی فێركردنی خەڵكە بە كلتوری لێكدوركەوتنەوە بۆ خۆپاراستن لەم قۆناغەدا.

س/ بەشی كوردی دەنگی ئەمریكا

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن