كۆمپانیاكانی کۆکردنەوەی زبڵ و خاشاک: چاوەڕێی رەحمی خوای گەورەین بۆ چارەسەركردنی كێشەكانمان

ڕاپۆرت

21/04/2022     ژمارەی بینراو 473

راچڵەكین-

كێشەی خەرجكردنی پارە بۆ كۆمپانیاكانی کۆکردنەوەی زبڵ و خاشاک لەسنووری پارێزگای سلێمانی، ئیدارەی گەرمیان و راپەڕین تا ئێستا چارەسەر نەكراوە، بەڕێوەبەری كۆمپانیایەكیش دەڵێت، كێشەكە زۆر ئاڵۆزە و چاوەڕیی رەحمی خوای گەورەن بۆ چارەسەركردنی، كۆمپانیایەكی دیكەش دەڵێت سكاڵامان تۆماركردوە و كەیسەكەمان لە دادگایە، جگەلەوەی حكومەت پارەشمان ناداتێ سزامان دەدات، وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاریش دەڵێت:" ئەمساڵ نزیكەی ٢٦ ملیار دینار بۆ كۆكردنەوە و چارەسەركردنی خۆڵ و خاشاكی سلێمانی تەرخان كراوە".

لەناو شاری سلێمانیدا سێ كۆمپانیا لە پێنج زۆندا رۆژانە كاری پاككردنەوە دەكەن و كۆی ئەو پارەیەی مانگانە بۆ كۆمپانیاكانی پاكەرەوەی سلێمانی تەرخانكراوە یەك ملیار و ٢٥٠ ملیۆن دینارە.

پێشتر وەزارەتی دارایی بە نووسراوێك بڕیاری خەرجكردنی سەدا ٦٠ی پارەی كۆمپانیاكانی داوە، بەڵام لە مانگی ١٠ی ساڵی ڕابردوووە بە نووسراوێكی تر بەبیانووی دابینكردنی مووچە خەرجكردنی پارەكە ڕاگیراوە.

خالید شینكی، بەڕێوەبەری كۆمپانیای خالید شینكی بە راچڵەكین-ی راگەیاند، بەهۆی خەرجنەكردنی شایستە داراییەكانمان لە  پیش جەژن كارەكانمان رادەگرین، چونكە لە تواناماندا نەماوە و كرێكارەكانمان بێ پارە كار ناكەن، لەبەرئەوەی لە سەرەتای ئەمساڵەوە هیچ شایستەیەكی دارایمان نییە و شار بەم دۆخە وا ناڕوات بەرێوە ".

بەڕێوەبەری كۆمپانیای خالید شینكی، رەخنە لە حكومەتی هەرێم دەگرێت و دەڵێت جیاوازی دەكات لە نێوان پارێزگاكاندا بۆ نموونە دهۆك كە نیوەی شاری سلێمانییە هەفتەی رابردوو شەش ملیار دیناری بۆ خەرجكرا بۆ پاككردنەوەی خۆڵ و خاشاك.

رۆژی ٧-٤-٢٠٢٢، وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بڵاویكردەوە كە مەسرور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕەزامەندی دا لەسەر خەرجكردنی گوژمەی بڕی (٥،٨٧٤،٣٧٢،٠٠٠ ) دینار بۆ پڕۆژەی خاوێنكردنەوە و داپۆشینی خۆڵ و خاشاكی پارێزگای دھۆك، گوژمەكە لەسەر بودجەی ئاسایی سەرۆكایەتیی شارەوانیی دھۆك خەرج دەكرێت.، بۆ ماوەی یەك ساڵ كە لە ڕێكەوتی ١-٩-٢٠٢١ تاوەكو ٣١-٨-٢٠٢.

ئەوە لە كاتێكدایە كە رۆژی ٨-٤-٢٠٢٢، وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بڵاویكردەوە كە لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٢وە،  ١٤ ملیار و نۆسەد و حەفتا و پێنج ملیۆن دینار بۆ كۆكردنەوە و چارەسەركردنی خۆڵ و خاشاكی سلێمانی تەرخان كراوە، هەروەها حەوت ملیۆن و ٥٠٠ هەزار دۆلار بۆ ڕیسایكلین و خاشاكی ڕەق لە سلێمانی تەرخان و خەرج كراوە.

لە مانگی ئاداری ئەمساڵیشدا بافڵ تاڵەبانی ملیارێك و ٢٠٠ ملیۆن دیناری بە قەرز دایە كۆمپانیاكانی کۆکردنەوەی زبڵ و خاشاک، بەڵام ئەوان ئەو كات رایانگەیاند، ئەو بڕە پارەیە بە زەحمەت بەشی مانگێكیان دەكات.

كۆمپانیای خالید شینیكی كە بەشی رۆژهەڵات و باشوری سلێمانی پاكدەكاتەوە و ٥٠٠ كارمەند و كرێكاری هەیە كە مانگانە بڕی  ٣٠٠ هەزار دیناریان پێدەدات و دەستەبەری كۆمەڵایەتیشیان بۆ دەكەن.

شینیكی وتیشی:" پێشنیارێكمان دا بە وەزارەتی شارەوانی مادام پارە بۆ كرێكارانی پاككەرەوە و كۆمپانیاكانی پاككردنەوە خەرج ناكرێت، كۆمپانیاكان خۆیان ئەو پارەیە وەربگرن كە بەناوی خۆڵ و خاشاكەوە لە هاووڵاتییان وەردەگیرێت، بەڵام رەتكرایەوە و قبوڵیان نەكرد".

ئەو دەشڵێت:" شارەوانی بڕێك پارەی بۆ تەرخانكردین، بەڵام لە بانك نەیاندا و كێشەی بۆ دروست بوو ئەم ئیشە نایات بەدەستەوە، سەرۆكی شارەوانی زۆر هەوڵدەدات، بەڵام پارەكە ناگاتە دەست ئێمە، لە هەموو لایەكەوە و كێشەی بۆ دروست دەبێت و وابە ئاسانی چارەسەر نابێت".

ئەو دەزانێت دوای ئەو هەموو هەوڵەی داویانە بۆ چارەسەركردنی كێشەكان بارودۆخەكە بە ئاسانی چارەسەر نابێت و لە دوای هەموو شتێك دەڵێت:"بەڵكو ئیشەڵڵا خوا دەروویەكی رەحەت لە هەموو لایەك بكاتەوە، كێشەكە چارەسەر بكات، كیشەكە لە دەسەڵاتی شارەوانیدا نییە دەبێت كێشەكە لە وەزارەتی دارایی و ئەنجوومەنی وەزیرانەوە چارەسەر بكرێت، دەبێت بوودجەیەكی تایبەتی دابنرێت نەك هەموو مانگێك ئێمە مانبگرین".

راگرتنی پارەی كۆمپانیاكانی کۆکردنەوەی زبڵ و خاشاک تەنها سنوری سلێمانی گرتووەتەوە و ئەمەش گرفتی بۆ ژینگە و پاكوخاوێنی شارەكە دروستكردووە.

بەگوێرەی راپۆرتی دەستەی ئاماری هەرێمی كوردستان كە دامەزراوەیەكی سەر بە وەزارەتی پلاندانانە، رۆژانە لە شارەكانی هەرێم بڕی حەوت هەزارو ٢٠٠ تەن خۆڵ‌و خاشاك كۆدەكرێتەوە‌و فڕێ دەدرێت كە لە سلێمانی بڕی ٢ هەزارو ٧٢٠ تەن خۆڵ‌و خاشاك كۆدەكرێتەوە، كە رێژەی ٣٨%ی كۆی گشتی زبڵ لە هەرێمی كوردستان پێكدەهێنێت.

شكار شۆڕش، جێگری سەرۆكی كۆمپانیای شكار كە بەشێكی سلێمانی و زۆنی چەمچەماڵ و دووكان پاكدەكەنەوە بۆ راچڵەكین- وتی:" تا ئێستا نزیكەی (١٠ ملیار) دینار قەرزمان لای حكومەتە، لە رۆژی٢٨-٤-٢٠٢٢، كارەكانمان رادەگرین و كار ناكەین، چونكە هەر ئەمڕۆ و بەیانیمان پێدەكەن، لەسەر خەرجنەكردنی پارەكانیشمان سكاڵامان تۆماركردووە و ئێستا كەیسەكەمان لە دادگایە، چونكە لە گرێبەستەكە هەیە كە دوای ٢٨ رۆژ ئەگەر پارەمان بۆ دابینەكرا دەتوانین كارەكانمان رابگرین".

دەشڵێت:"لەگەڵ ئەوەی پارەكانمان بۆ خەرج ناكەن، بەڵام ئەگەر رۆژێك كاری پاككردنەوە نەكەن سزا دەدرێین، كە لەلایەن وەزارەتی شارەوانی‌و سەرۆكایەتی شارەوانی سلێمانییەوە بەسەرماندا سەپێندراوە، كە كارێكی نایاساییە".

شكار شۆڕش ئاماژەی بەوەشكرد:" لە مانگی ١٠ی ساڵی رابردووەوە پارەمان وەرنەگرتووە، ئەوەشی داومانە بەكارمەندەكان لە گیرفانی خۆمان بووە تەلەفون دەكەن دەڵێن وەرە ١٠٠ ملیۆن دینار بببە من ئەوە بدەم بە كێ چی لێبكەم لە كاتێكدا مانگانە دەبێت ٩٥٠ ملیۆن دینار بۆ ٩٨٠ملیۆن دینار وەربگرم من پارەی مانگی (١ و٢) لە سنوری سلێمانی خۆم لە گیرفانی خۆم داومەتە كارمەندەكان بەڵام توانام نییە مانگی 3 پارەیان پێ بدەم بۆیە بە ناچاری كارەكانمان رادەگیرین" 

دەشڵێت:" حكومەت خۆی پارەی خۆڵ و خاشاك لە هاووڵاتییان و كاسبكاران وەردەگرێت، بەڵام پارەكە نە دەگەرێندرێتەوە خەزێنەی حكومەت و نە بۆ پاككردنەوەش خەرج دەكرێت كەس نازانێت چی لێدێت و ئاگاداریش نین چۆن خەرجدەكرێت كە بڕەكەی ملیارێك و ١٠٠ ملیۆن  دینارە ئەگەر ئەوە بدەن بە ئێمە ئێمە پێویستمان بە پارەی ئەوان نابێت".

"جگە لەوەی كێشەی خەرج نەكردنی شایستەكانمان هەیە، لایەن وەزارەتی شارەوانی‌و سەرۆكایەتی شارەوانی سلێمانییەوە سزامان بەسەریاندا سەپێندراوە، لە كاتێكدا ئەوە ئێمە نین كارمان نەكردبێت، بەڵكو كرێكارەكانن ئەوەش بەهۆی خەرجنەكردنی پارەشەوە بووە لەلایەن حكومەتەوە نەك كەمتەرخەمی ئێمە بێت" شكار شۆڕش وای وت. 

شکار شۆرش ئاماژە بەوەدەکات:" دەبێت ئەوە بابەتە بە تەواوی چارەسەربكرێت و ساڵانە پارەیان بۆ دابینبكرێت ناكرێت هەموو مانگێك ئەمە دووبارە بێتەوە، تا پێش جەژن پارە هەبوو بەردەوام دەبین نەبوو دەرگای كۆمپانیا قفڵی لێدەدەین. چونكە لە گربەستەكەماندا هەیە كە كۆمپانیاكانی پاككەرەوە لە ماوەی ٢٨ رۆژدا پارە وەرنەگرن دەتوانن كار نەكەن. ئێستاش سكاڵامان تۆماركردووە كەیسەكەمان لە دادگایە من خۆ بەتەنیا نزیكەی ٤ ملیار دینارم لە بانكدایە لای حكومەت". 

كۆردۆ شابان، وتەبێژی وەزارەتی شارەوانی لە لێدوانێكدا بۆ راچڵەكین وتی:" مامەڵەی خەرجكردنی شایستە داراییەكانی ئەو كۆمپانیایانە یەك رۆژ لای ئێمە دوانەخراوە، بەڵكو ئاڕاستەی وەزارەتی دارایی كراوە  لای ئەوانە".

وتیشی:" راستەوخۆ داهاتی وەزارەتەكان و بەڕێووەبەرایەتییەكان دەگەرێتەوە وەزارەتی دارایی و دواتر لەوێوە بەشێكی بۆ پرۆژە خزمەتگوزارییەكان خەرجدەكرێتەوە ئێمەش وەك وەزارەت شارەوانی لەسەدا ١٥مان بۆ دەگەڕێتەوە".

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن