لەماوەی دوو مانگدا ئاستی ئاوی ژێر زەوی لەسلێمانی 2.20 مەتر دابەزیوە

چاوپێکەوتن

23/04/2022     ژمارەی بینراو 448

راچڵەكین-

بەڕێوەبەری ئاوی ژێرزەوی سلێمانی رایدەگەیەنێت، ئەمساڵ لە ماوەی دوومانگدا لە ١٧ی شوباتەوە  بۆ ١٧ی نیسان ئاوی ژێر زەوی دابەزینێكی زۆر "عەجیبی" بەخۆیەوە بینیوە بە جۆرێک لە ٦٠سم بۆ ٢.٢٠م دابەزیوە کە ئەوە زۆر زۆرە.

عەباس عەلی، بەڕێوەبەری ئاوی ژێرزەوی لەم چاوپێکەوتنەدا لەگەڵ راچڵەکین باس لە کەمبوونەوەی ئاوی ژێر زەوی و مەترسییەکانی بۆ سەر ئاوی خواردنەوە و کەرتی کشتوکاڵ دەکات و دەڵێت:" داوا لە هاووڵاتییان دەکەین ھاوكارمان  بن، دەست بە ئاوەوە بگرن ئاو بە ژیانی ڕۆژانە ھەژمار بكەن زیادەڕۆیی لەسەر نەكەن چ لە شۆردنی ڕۆژانە یاخود بۆ پێداویستیەكانی ڕۆژانە ھەتا شۆردنی لە كەرتی تایبەت یان بەكارھێنانی لە كەرتی كشتوكاڵی بۆ كشتوكاڵ، هەروەها پێویستە خەڵك لەسەر سیستەمێك و ستراتیژێك بێت بۆ کۆكردنەوەی ئاو ئەو ستراتیژییە زۆر پێویستە کە ئێستا لە حكومەتەوە دەستیپێکراوە دەبێت شۆڕ بێتەوە بۆ خوارەوە بۆ ھاووڵاتیانیش لە ماڵەوە کاربکەن بۆ كۆكردنەوەی ئاو و کەمتر بەکارهێنانی یاخود بە شێوازی زانستی بەکاریبهێن.

دەقی چاوپێکەوتنەکە

راچڵەکین: ئاوی ژێر زەوی چییە؟

عەباس عەلی: ئاوی ژێر زەوی بریتییە لەو ئاوە قەتیس بووەی كە وا لەسەر زەوی فلتەر ئەكاتەوەو ئەچێتە خوارەوە ناو چینە بەردەكانەوە كۆ ئەبێتەوە، ئەو شوێنەی كە ئاوی ژێر زەوی لێ كۆدەبێتەوە پێی دەڵێن حەوزی ئاوی.ئەو حەوزە ئاوییە ھەر یەكێكیان بە پێی شێوازی جیۆلۆجیا و هایدرۆجۆلۆجیا و جیۆمۆرفۆلۆجیای ناوچەکە و قوڵ و نزیكی دەرئەكەوێتەوە كە ئەو چینە چەندێك ئاو ھەڵگر بێت حەوزەكەی باشتر دەبێت چەنێکیش ئاو ھەڵگرنەبێت حەوزەكەی  خراپ تر دەبێت.ئەو ئاوی ژێر زەویە كە لە شوێنێكدا قەتیس دەبێت ئاوێكی زۆر سازگار و پاكە تەنھا لەو كاتەدا نەبێت كە چینە بەردەكە خۆی مادەیەكی كیمیایی تێدا ھەبێت كە ئاوەكە پیس بكات. ئەگەر بە سازگارترین ئاوی سەر زەوی دا ئەندرێتەوە كە ئەگەر بێت و بەكاربھێندرێت.

راچڵەکین: چۆن پێوانی ئاوی ژێر زەوی دەکرێت؟

عەباس عەلی: پێوانەی ئاوی ژێر زەوی بە چەند ڕێگەیەك دەكرێت:
ڕێگەی یەكەمیان بریتییە لەوەی كە وا ساوندەرمان ھەیە ساوندەر شۆڕدەکرێتە خوارەوە خوارەوە لەگەڵ گەیشتن بە ئاوەكە خۆی ئیشارەتمان پێدەدات و دەزانین ئاوی ژێر زەوی لە كوێدایە وە چۆنیش دەكرێت.

رێگەی دووەمیان ئەلیكترۆنیە كە بەشێوەی نیزامێکی سەتەلایتی ڕۆژانە ئاگادارمان دەكاتەوە لە ئاستی ئاوی ژێر زەوی چەند بەرز دەبێتەوە و چەند دادەبەزێت.چەند ئاو پاراو بێتەوە ئاستی ئاوەكە بەرز دەبێتەوە بۆ سەر ڕوی زەوی چەند پاراو نەبێتەوە لە رێگەی باران و ئاوی ژێر زەوییەوە پاراو نەبێتەوە ئاستەكە دادەبەزێتە خوارەوە. ئێمە وەك و بەڕێوەبەرایەتی ئاوی ژێرزەوی سلێمانی بەهۆی کەمی بودجەوە ساڵی چوار جار واتا لە وەرزەکاندا پێوانەی دەکەین لە سنورەكانی سلێمانی  ھەڵەبجە و ڕاپەڕین.

راچڵەکین: بەراورد بە ساڵی ڕابردوو ھەر ئاوی ژێر زەوی چەند دابەزیوە؟

عەباس عەلی: تەنها لە سنوری شاری سلێمانی بەراورد بە ساڵی  ڕابردوو ئاوی ژێر زەوی لەگەڵ ئێستادا نزیكەی دوو مەتر و نیو دابەزیوە، بەڵام ساڵی ٢٠٢١ بەراورد  بە ٢٠١٨ مانگی ١١ پێنج ٥،٢٠م ئاوی ژێر زەوی  لەسەرجەم سنوری شاری سلێمانی لە حەوزی سەرچنار و عەربەت دەگرێتەوە. بەڵام ساڵی ٢٠٢١، ٢،٤ سەركەوتەوە لەو ٥،٢٠م كە دابەزیبوو. بەڵام  ئەمساڵ لە مانگی شوباتەوە بۆ مانگی نیسان لە ١٧ی شوباتەوە  بۆ ١٧ی نیسان دوبارە دابەزینێكی زۆر عەجیب بینیوە لە ئەم دوو مانگەدا لە ٦٠سم بۆ ٢،٢٠م لە زۆربەی شوێنەكان بە پێی بەرز و نزمیەكەی ئاوی ژێر زەوی دوبارە دابەزیوەتەوە.

راچڵەکین: ئایا مەترسی بۆ سەڕ ئا خواردنەدەوی ھاوڵاتییان وكشتوكاڵ دروست دەبێت كە ئاو دابەزیوە؟

عەباس عەلی: سلێمانی پێویستی بەوە نییە لێی بترسین، چونكە سلێمانی لەگەڵ دوكان لەگەڵ دەوروبەریشی پەیوەستە بە ئاوی سلێمانییەوە، وە ئەو لە مەشروعی یەك و دووی دوكان ومەشروعی ئاوی سەرچنار كە ئەوە ھەندێك دادەبەزێت ئاوەكەی كەم دەبێتەوە ئەو ترسەمان نیە ئەگەر بێت وئێران ئاوەكە نەگرێتەوە كێشەمان بۆ دروست نەكات، بەڵام ئاوی دەوروبەری سلێمانی لەگەڵ ئاوی ڕاپەڕین لەگەڵ ئاوی ھەڵەبجەش ئەگەر بێت و مەشروعەكانیان دابەزێت و كەبێتەوە پەیوەستن بە ئاوی  ژێر زەوییەوە ئاوی ژێر زەوی چەند دابەزێت ڕێژەی دەرھێنانی ئاوەكە كەم دەبێتەوە تا حەدێك ئەگەر بێت و ئیدارەكان ڕێكبخرێتەوەو توندبكرێتەوەو خەڵكیش ھاوكاریمان بكات مەترسی نابێت ئەگەر بێت و بتوانین كۆنتڕۆڵی حاڵەتەكە بكەین.بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا حەزەر زۆر  واجبە دەبێت بەرنامەی بۆ دابڕێژین دەستی پێوە بگرین و ھۆشیاری كۆمەڵایەتی زیاد بكەین  بۆ ئەوەی بتوانین ئەم قۆناغە تێپەڕ بكەین.

راچڵەکین:  تا چەند لێدانی بیری نایاسایی دەبێت ھۆی كەمبونەوەی ئاوی ژێر زەوی؟

عەباس عەلی: چەند ھۆكارێك ھەیە بۆ كەمبونەوەی ئاوی ژێر زەوی، باڵانسێك لە بەینی پاراو بونەوەو ئاو دەرھێنان هەیە چەند پاراوبونەوە كەمبێت ئاوی ژێر زەوی كەمدەكات.چەند دەرھێنانەوە زیاد بكات ئاوی ژێر زەوی دووبارە كەمدەكاتەوە. بەدڵنیاییەوە بیری نایاسایی لەبەر ئەوەی بە شێوازێکی نایاسایی لێدەدرێت بە شێوازێكی زانستی نییە دورییەكانیان زۆر نزیكن لە یەكەوە قوڵییەكانیان و شێوازی لێدانەكەی نایاسایە ھەم ئاوەكە لەزەوییەكە دەتۆرێنێت ھەم ئاوەكە زیاد لە حەدی خۆی دەردەچێت. بۆیە کاریگەری دەبێت بۆ کەمبوونەوەی ئاوی ژێر زەوی، لەبەرئەوە دەبێت بەرنامەی جێگیر و تۆکمە تر دابنێین بۆ بنبڕکردنی ئەو دیاردەیەو رێکارەکان زیاتر توندبکەینەوە بە تایبەت کە ئەمساڵ و ساڵی رابردووش بارانێکی باش نەباریوە و وشکەساڵی هەبووە.

راچڵەکین: چەند بیری نایاسایی لە سنوری پارێزگای سلێمانی بوونی ھەیە؟

عەباس عەلی: ئامارەكان زۆر وازح نین، چونكە دوور لە چاوی  دامودەزگای دەوڵەتەوە چ ئی ئێمە بێت یان لایەنی جێبەجێكار بێت كە پۆلیسە، بەڵام بەپێی ئامێرەکان تا ئێستا لای ئێمە نزیكەی ١٥٠٠ ئامێر گیراوە وە بە پێی یاسای ژمارە ٢٤٠ سزادانی عیراقی مامەڵەی لەگەڵ کراوە، ئەوەی رادەستی ئێمەش كراوە ئێمە بەپێی  بووەتە موڵكی حكومەت ئێمەش بە پێی یاسای ژمارە ٣٢ ساڵی ١٩٨٦ ئامێرەكان  دەبنە موڵكی حكومەت لە ماددەی ١٥ی رێنمایی ژمارە (١) دا جێگەی بۆ كراوەتەوە كە  بووە بە موڵكی حكومەت ئێمەش بە پێی یاسای ژمارە ٣٢ ساڵی ١٩٨٦ مامەڵەی لەگەڵدا دەكەین و وەك كە موڵكی حكومەتە و پارچە پارچە دەكرێت و دەكرێت بە  ئاسن و دەفرۆشرێتەوە بە مەعمەلی  تواندنەوەی ئاسن كە  دەتوێتەوە وە پارەكەشی دەبێت بە  ئیرادی کۆتایی بۆ حكومەت .بەڵام چەند بیری نایاسای ھەیە  ئێمە نازانین بەڵام  ئەگەر ئێمە دابەشی بکەین هەزار و ٥٠٠ ئامێری هەڵکەندنی بیری نایاسایی گیراوە  ئەگەر ھەریەكی دە بیری لێدابێت دەكاتە ١٥ هەزار بیری نایاسایی لە سنوری پارێزگای سلێمانی  و پارێزگای ھەڵەبجەو  وە ڕاپەڕینیش دەگرێتەوە.

راچڵەکین:ماوەی دوو ساڵە باران وەک پێویست نابارێت ئەگەر لە داهاتوو بەردەوام بێت مەترسییەکانی بۆ ساڵانی ئایندە چییە ؟

عەباس عەلی: ماوەی دوو ساڵە بڕی باران بارین کەمە ساڵی ڕابردوو ٤٠٩ملم باریوە ئەمساڵ نەگەیشتووە ٤٠٠ملم  ئێمە وشكەساڵی چوار جۆرمان ھەیە:
جۆری یەكەم ئاوهەوایە کە ئەمساڵ و ساڵی رابردووش دروستبوو، لە گەرمیان زەنگی وشكەساڵی لێدرا بەڵام لە سلێمانی هێشتا ماومانە مانگی (٤،٥) مانگێكی باراناوییە  لەوانەیە كەشوھەوا لە بار تر بێتەوە بتوانین تەسەڕوفاتی لەگەڵدا بكەین، بەڵام بە نسبەتی ئیدارەی ڕاپەڕین رێژەکەی خۆی تەواو كردوە لە وشكەساڵی دەرچووە ھەڵەبجەش نزیكی ئەوە بووەتەوە لە وشكەساڵی دەربچێت، بەڵام ڕێژەی ئاو دابەزینی ھەر ھەیە، بەڵام سلێمانی و سنوری حەوزەكانی سلێمانی بەڵێ ئەگەر باران نەبارێت دەبێت زۆر ئیدارەكەمان توند بكەینەوەو كەرەستەكانی بەردەستمان چاك بكەینەوەو كادرەكانمان ڕێكبخەینەوە بۆ ئەوەی بتوانین سەیتەرە بەسەر ئەو وەزعەیا بكەین ئەگەر ھاووڵاتیان ھاوكارمان بن وشیاری كۆمەمەڵایەتی بڵاو بێتەوە بۆئەوەی بتوانین ئەو قۆناغە تێبپەڕێنین.

راچڵەکین: پڕۆژەو پلانی ئێوە چیە بۆ پارێزگارییکردن لە ئاوی ژێر زەوی؟
عەباس عەلی: ئێمە لە مانگی ٨ی ساڵی ٢٠١٩ ۆرکشۆپێکمان كرد کە پلانمان داڕشت ھەتا بۆ وشكەساڵیش و بۆ نەھێشتنی زیادەڕۆیش پلانمان ھەیە ھەمو پڕۆژەیەكیش یەكەم:بە پلان و بە دواداچون دووەم: بەیاساو ڕێنمایی سێیەم: بە ڕێكخستنەوەی ئیدارە و بەکەرەستەی بەردەست و ھێزی كار و بودجە بەڕێوەدەچێت، ئەگەر بێت و بوجەكە لە بار بێت  پلان مەوجودە وە یاسای پاراستنی ئاو لە پەرلەمانی كوردستان ئەگەر تەسدیق بکرێت ئێمە ڕێنماییەكان ڕێكبخەینەوە بۆ ئەوەی بگونجێ لەگەڵ  حاڵەتی خزمەتگوزاری ئێستا و وشکەساڵیدا، وە ئەگەر بێت و ئێمە كەرەستەكانمان بوجەمان بۆ سەرف بكرێت و كەرەستەكانمان چاك بكەینەوە ھێزی کاری باشمان ھەیە لەو بابەتەوە.ئەتوانین ئیشی لەسەر بكەین وە پلانەكانیش مەوجودە لەو حاڵەتەدا.بەڵام باشترین شت بۆئەوەی لە پلانەكانماندا سەركەوتو بین پێویشتیمان بە ھاوكاری ھاووڵاتیان ھەیە دەبێت ھۆشیاریەكیان ھەبێت بەرامبەر بە ئاوی ژێر زەوی و دەست بە ئاوەوە بگرن ھاوكاریمان بكەن لە كەمكردنەوەی سەرفیاتی ئاو كەمكردنەوەی زیادەڕۆیی لەسەر ئاو هەروەها ھاوكاری بەڕێوەبەرایەتییەكانی ئاو بن بۆ ئەوەی بتوانین سەیتەرە بكەین بەسەر هەرسێ سێکتەری ئاوی خواردنەوە وە كەرتی تایبەت لەگەڵ ئاوی كشتوكاڵ.

راچڵەکین: لە سنوری سلێمانی چەند حەوزی ئاوی ژێر زەوی ھەیە؟

عەباس عەلی: ئێمە لە سنوری سلێمانیدا چوار حەوزی ئاویمان ھەیە ئەو چوار حەوزە ئاوییە دەکەینە ١٢ حەوزی لاوەكی کە ئەمانەن:

-حەوزی پێنجوێن کە کردوومانە بە دووبەشەوە ئەوانیش حەوزی شلێر و قزڵجەن، هەروەها 

-حەوزی چەمچەماڵ و سەنگاومان ھەیە ئەویش کراوە بە دوو حەوزی لاوەكی کە حەوزی سەنگاو حەوزی چەمچەماڵن.

-حەوزی مەركەزی دوكانمان ھەیە كە حەوزی بنگرد و سورداش دەگرێتەوە.

 -حەوزی قەڵادزی- سەنگەسەر ، ڕانیە ، چوارقوڕنە.

-حەوزی شارەزوری خوارەوەمان ھەیە ئەمەمان كردووە بە پێنج بەشەوە حەوزی بازیان، حەوزی قەرەداخ، حەوزی سەرچنار-عەربەت  کە سەنتەری سلێمانی لەسەر ئەم حەوزەیە حەوزی خورماڵ- ھەڵەبجەیە لەگەڵ حەوزی چوارتا - بازیان.

راچڵەکین: رێنمایی ئێوە بۆ هاووڵاتییان چییە؟

عەباس عەلی: داوا لە هاووڵاتییان دەکەین ھاوكارمان  بن، دەست بە ئاوەوە بگرن ئاو ئاو بە حەیاتی ڕۆژانە ھەژمار بكەن زیادەڕۆیی لەسەر نەكەن چ لە شۆردنی ڕۆژانە یاخود بۆ پێداویستیەكانی ڕۆژانە ھەتا شۆردنی لە كەرتی تایبەت یان بەكارھێنانی لە كەرتی كشتوكاڵی بۆ كشتوكاڵ  بەتایبەتی ئەو ئاوانەی كە بەكار دێت زۆر بە ناڕیکخراو بەكاردەھێندرێت لە كەم شوێن دەیبینین كە بەشێوازێكی دڵۆپاندن و قەترە کشتوکاڵ بکرێت، بەڵکو زۆر بە شێوازێكی ھەڕەمەكی تەنھا بە جۆگا دەكرێت، بۆیە ئەگەر جۆگا ئاودێریەكان باشتر بكرێتەوە  حکومەت کاری لەسەر بکات باشتر دەبێت، هەروەها پێویستە خەڵك لەسەر سیستەمێك و ستراتیژێك بێت بۆ کۆكردنەوەی ئاو ئەو ستراتیژییە زۆر پێویستە کە ئێستا لە حكومەتەوە دەستیپێکراوە دەبێت شۆڕ بێتەوە بۆ خوارەوە بۆ ھاووڵاتیانیش لە ماڵەوە کاربکەن بۆ كۆكردنەوەی ئاو  و کەمتر بەکارهێنانی یاخود بە شێوازی زانستی بەکاریبهێن.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن