ئەمساڵ نزیكەی 2 هەزار كەس لەهەرێمی كوردستانەوە بۆ حەجكردن دەچنە سعودیە

چاوپێکەوتن

27/04/2022     ژمارەی بینراو 338

راچڵەكین-

بەڕێوەبەری گشتی حەج و عومرەی هەرێمی كوردستان دەڵێت، ئەمساڵ نزیكەی دوو هەزار كەس بەمەبەستی حەجكردن لە هەرێمی كوردستانەوە سەردانی سعوودیە دەكەن.

شێخ نیاز راغب نەقشبەندی، بەڕێوەبەری گشتی حەج و عومرەی هەرێمی كوردستان، وردەكاری پرۆسەی بەجێگەیاندنی حەجی ئەمساڵی خستە ڕوو و ئاشكراشی كرد كە پرۆسەی حەجی ئەمساڵ جیاوازە و هەندێك لەو كەسانەی كە ناویان دەرچووە ناتوانن سەردانی حەجی ماڵی خودا بكەن.

شێخ نیاز راغب نەقشبەندی، رایگەیاندووە:" لە ساڵی ٢٠١٧دا، ٨٦ هەزار و٨٥٠ هاونیشتمانی داواكاری خۆیان لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومرەی هەرێمی كوردستان تۆمار كردووە بۆ ئەوەی بتوانن فەریزەی حەج جێبەجێ بكەن، بۆ ئەو مەبەستەش ساڵانی ٢٠١٧، ٢٠١٨، ٢٠١٩ دابە ئەنجامدانی تیروپشك ١٧هەزار كەس لە ماوەی ئەم سێ ساڵەدا ناویان گەڕاوەتەوە و حەجی خۆیان ئەنجام داوە. بۆ ئەو كەسانەش مابوونەوە و ناویان نەگەڕابووەوە لە ١٩ـی كانوونی یەكەمی ٢٠١٩دا، وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی دیدارێكی بە سەرپەرشتی وەزیری ئەوقاف و كاروباری ئایینی، پشتیوان سادق ئەنجام دا و بڕیار درا بۆ ساڵێكی دیكە حەج كردن هەر لەنێو ئەو كەسانەدا بكرێت كە لەو ساڵانەدا ناوی خۆیان تۆمار كردبوو و تیایدا چوار هەزار ٣٥٠ هاونیشتمانی دیكە ناویان دەرچوو، بەڵام بەهۆی هاتنی كۆرۆناوە ئەنجامدانی فەریزەی حەج بۆ ماوەی دوو ساڵ راگیرا."

ئەمساڵ چەند كەس دەتوانن بچنە حەج

بەڕێوەبەری گشتی حەج و عومرەی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، دوای دوو ساڵ لە راگرتنی پڕۆسەی حەج كردن بەهۆی هاتنی ڤایرۆسی كۆرۆناوە، ئەمساڵ وەزارەتی حەجی سعوودیە بڕیار درا ملیۆنێك كەس دەتوانن فەریزەی حەج جێبەجێ بكەن، كە ١٥٠ هەزار كەسیان بۆ ناوخۆی سعوودیە و٨٥٠ هەزار كەسیش بۆ وڵاتانی دیكە بێت، كە هەر وڵاتێك بە رێژەیەكی تایبەت و بە بەراورد بە رێژەی ساڵانی رابردووی خۆی ٤٥%ـی بۆ دەستنیشان كرا، بەم شێوەیە لە عێراق ١٥ هەزار ٢٥٢ كەس دەتوانن بەشداریی بكەن و لەو رێژەیەش هەرێمی كوردستان نزیكەی دوو هەزار كەس دەتوانن بەشدار بن كە دیاریكردنی ئەو رێژەیەش لەلایەن حكومەتی فیدڕاڵییەوە بە پێی ڕێژەی دانیشتووان دەبێت، بۆیە بە گوێرەی ئاماری پلاندانانی عێراق رێژەی دانیشتووانی هەرێمی كوردستان نزیكەی چوار ملیۆن ٥٠٠ هەزار كەس دەبێت، رێژەی پشكی هەرێمی كوردستان چوار هەزار یان سەرووی چوار هەزار و پینج سەد كەس دەبێت، واتە؛ بە نزیكەی چوار هەزار و ٦٩٩ كەس دەبێت، بەڵام ئەم ساڵ رێژەی ٤٥% لەم پشكە كەم بووەتەوە.

حەجی موجامەلە

شێخ نیاز راغب نەقشبەندی ئاماژەشی بەوەدا كە لە ساڵانی رابردوودا حكوومەتی سعوودیە رێژەیەكی لە حەج دەدا بە وڵاتان كە پێی دەگوترا (حەجی موجامەلە) ئەوەشی لە رێگەی كونسوڵخانەكانی خۆی لەو وڵاتانە دەكرد، بەو هۆیەشەوە عێراق و هەرێمی كوردستان بەشێكیان لەو رێژەیە هەبوو، بەڵام ئەمساڵ بەهۆی ئەوەی كە رێژەكە دیاری كراوە و نابێت لەو ڕێژەیە زیاتر بێت، بۆیە تاوەكوو ئێستا هیچ قسەیەك لەسەر ئەم شێوازەی حەج نییە.

ئەو بڕە پارەیەی كە لە حاجیان وەردەگیرێت

سەبارەت بەو بڕە پارەیەی كە لە حاجیان وەردەگیرێت بەڕێوەبەری گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی كوردستان ئاماژەی بەوەدا، كە ئەو پارەیەی كە بۆ حەج وەردەگیرێت تەنیا بۆ خزمەتكردنی ئەو كەسانەیە كە فەریزەی حەج جێبەجێ دەكەن، چونكە ئەو كەسانە بە فڕۆكە دەگەیێندرێنە سعوودیە و شوێنی مانەوەی لە مەككەی پیرۆز و لە مەدینەش بۆ تەرخان دەكرێت و هۆتێلی تایبەتیان بۆ دابین دەكرێت لەگەڵ هۆكارەكانی گواستنەوەی وەك ئۆتۆمبێل لە مەدینەوە بۆ مەككە و بۆ عەرەفە و بۆ مینا و ئەو شوینانەی كە ئەركە ئایینیەكانی تێدا بە جێ دەگەیەنرێت، هەروەها لەگەڵ دابینكردنی خواردن، بۆیە ئەو بڕە پارەیە نەك لە هەرێمی كوردستان، بەڵكو لە هەموو وڵاتان بە هەمان شێوەیە، تەنانەت زۆرجاریش بووە بڕە پارەیەی هەرێمی كوردستان لە وڵاتی عێراق كەمتر بووە، ئەمەش بۆ ئاستی جۆری خزمەتگوزاریەكان و كاتی مانەوەیان دەگەڕێتەوە، بۆیە ئەو بڕە پارەیە بۆ خزمەتی هاونیشتمانیان. ئەو بڕە پارەیەش حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ڕێگەی وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی و بەڕێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومرەوە وەردەگیرێت و بۆیان سەرف دەكرێتەوە، چونكە ئەو بڕە پارەیەی وەردەگیرێت لە هاونیشتمانی هەمان ئەو بڕە پارەیەیە كە پێویستە بۆ خزمەتكردنی هاونیشتمانیان بۆ تەواوكردنی جێبەجێ كردنی حەج و عومرەكەیان، وەربگیردێت.

كارئاسانی بۆ هاونیشتمانیان

بەڕێوەبەری گشتی حەج و عومرەی هەرێمی كوردستان ئاماژە شی بەوەدا كە، كاتێك هاونیشتمانی دەست بە مامەڵەی فەرمی حەج دەكات، وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی لە رێگەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومرەوە خزمەتگوزاریان پێشكەش دەكات و ئاسانكاریان بۆ دەكات، بۆ نموونە لە هەر پارێزگایەك و هەر شوێنێكی كوردستان بەڕێوەبەرایەتییەك هەیە بۆ ئەوەی لە سەنتەری شارەكەی خۆیان هاونیشتمانیان مامەڵەكانی خۆیان بكەن، جگە لەوەش خەرجی گواستنەوەی ئەو هاونیشتمانیانەی كە شوێنیان دوورە بۆ فڕۆكەخانە بەڕێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومرە لە ئەستۆی دەگرێت و دواتر (حەملەدار)ـیان بۆ دەستنیشان دەكات، بە واتای هەر ٤٧ یان ٥٠ حاجی بە كۆمپانیایەك دەسپێردرێت بۆ ئەوەی هاوەڵیان بێت و ئاسانكاریان بۆ بكات كاتێك لە مەدینە یان لە جەددە دادەبەزن و لە فڕۆكەخانە لەگەڵیان بێت فێری چۆنییەتی سەركەوتنیان بكات بۆ ناو فڕۆكە و فێری ڕێنمایی و ڕێكارەكانیان بكات، ئەوانەش هەموو خزمەتگوزارین لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە لە ڕێگەی بەڕێوەبەرایەتی حەج و عومرەوە پێشكەش بە حاجیان دەكرێت، هەروەها رێبەری رێنوێنیكار (موڕشیدی ئایینی)ـیان بۆ دابین دەكرێت، چونكە حەج پڕۆسەیەكی ئایینییە و پێویستە ئەو كەسە شارەزای ئەو بوارە بێت تاوەكو پێیان بڵێت لە كوێ خۆیان بپارێزن یان سوننەت چیە و چ شتێك ئەنجام بدەن، چونكە بێ بوونی موڕشید لەوانەیە كەموكوڕی زۆری هەبێت حەجەكە.

مەرجەكان بۆ ئەو كەسانەی ئەمساڵ حەج دەكەن

سەبارەت بە مەرجەكانی حەج شێخ نیاز راغب نەقشبەندی ئاماژەشی بەوەدا كە، بڕیار دراوە بۆ ئەو ئافرەتەی كە تەمەنی لە ٤٥ ساڵ كەمترە نابێت بەبێ بوونی مەحرەم حەج بكات، بۆیە سعوودیە بە بڕیارێكی نەگۆڕ ڤیزا نادات بەو ئافرەتانە، بەڵكو تەنیا دەبێت پیاوێكی مەحرەمی لەگەڵدا بێت، بەڵام ئەگەر تەمەنی لە سەرووی ٤٥ بێت، ئاساییە. ئەمساڵ ڕێنمایی وەرگرتنی حاجیان دوو مەرجی هەیە، یەكەمیان تەمەنی لە ٦٥ ساڵ بە سەرەوە نەبێت، دەبێ خوار ئەو تەمەنە بێت، واتە لەدایكبووی ساڵی ١٩٥٧ ناتوانێت حەج بكات، بەڵام ١٩٥٨ بە سەرەوە دەتوانن حەج بكەن. هەروەها یەكێكی تر لە مەرجەكان ئەوەیە پێویستە كارتی ڤاكسینی باوەڕپێكراوی هەبێت و پاسپۆرتی تەواو بێت. بۆیە لێرە بە دواوە دەست بە مامەڵە و ڕێكارە یاساییەكان دەكەین و بەهیواین خەڵك ئەو تێگەیشتنەیان هەبێت بۆمەرجی تەمەن، چونكە ئەوە یاسای وڵاتی سعوودیەیە و دیاریكردووە و لە دەسەڵاتی ئێمەدا نیە، بۆیە گلەیی لە ئێمە و حكومەتی هەرێم نەكەن، ئەوە لە دەسەڵاتی هیچ دەوڵەتیكدا نییە كەسێك زیاتر لە ٦٥ ساڵی بێت و بتوانێت بیباتە حەج. هەروەها ئەوەش بزانن ئەو ڕێژەیەی ناویان لە تیروپشك دەرچووە، هەموویان ناتوانن حەج بكەن، چونكە ئەمساڵ پشكی هەرێمی كوردستان و هەموو وڵاتان كەم بووەتەوە، بۆیە تەنیا ئێمە دەتوانین ٢ هەزار كەس یان كەمێك زیاتر بنێرین بۆ سەفەری حەج، چونكە لە تیروپشكی ساڵی ٢٠٢٠دا نزیكەی ٤ هەزار و ٣٠٠ كەس بوون، بۆیە ئەوانەی تەمەنیان ٦٥ ساڵە جیایان دەكەینەوە بۆ ساڵی ئاییندە، بەڵام بە هیچ شێوەیەك مافیان ناخورێت و شوێنیان پارێزراوە بۆ ساڵی داهاتوو، كە وڵاتی سعوودیە بڕیاری خۆی گۆڕی و مەرجی تەمەنی نەهێشت یەكەم كەس ئەوان حەج دەكەن. بۆ ئەم ساڵ تیروپشكمان ئامادەیە، بەڵام بۆ ساڵی ئاییندە بە سیستەمی تۆماركردن و ڕێكاری تر ئەم كارە دەكەین، چونكە دەمانەوێت پرۆسەی حەج لە شێوازە تەقلیدیەكەی دەربهێنین و هەموو هەوڵێكمان ئەوەیە پرۆسەی حەج بە سیستەمێكی راست و ڕێك تێپەڕێت و بەرچاوڕوونییەكی تەواوی تێدا بێت بۆ هاونیشتمانیان و حاجیان و دەمانەوێت بخرێتە سەر ڕێگایەكی دادپەروەرانە، بۆیە پێداچوونەوەمان كرد لە بواری مەرج و ئەركەكانی حەج و عومرە، چونكە پێشتر كۆمپانیاكان بە یەكەوە بوون، ئێمە هەموارمان كردووە دوای ئەوەی وەزیری ئەوقاف و كاروباری ئایینی پەسەندی كرد و هاونیشتمانیانی هەرێمی كوردستان دەتوانن داواكاری پێشكەش بكەن بۆ دامەزراندنی كۆمپانیای حەج بە تەنیا و كۆمپانیای عومرە بە تەنیا، چونكە پرۆسەی عومرە وەكوو دەزانرێت پرۆسەیەكی درێژخایەنە لە ساڵێكدا بۆ ماوەی ٨مانگ بەردەوامە و كارێكی هەمیشەییە.

ژمارەی حاجیانی ئەمساڵ

بە پێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتی حەج و عومرەی پارێزگاكان، ژمارەی ئەو حاجیانەی كە لە ساڵی ساڵی ٢٠٢٠دا ناویان دەرچووە بۆ حەج چوار هەزار و ٣٥٩ كەسە و ژمارەی حاجیانی بە تەمەن و مردووەكان واتە تەمەن (٦٥) ساڵ بە سەرەوە، بەم شێوەیە دابەش دەبێت: بەڕێوەبەرایەتی حەج و عومرەی پارێزگای هەولێر: ٤٨٨ حاجیە، دابەش كراون بۆ ژمارەی هاوەڵەكان ئەوانەی (دەیانگرێتەوە) (١٤٠) كەسن، ژمارەی هەردووكیان (٦٢٨) كەسن، ژمارەی مردووەكان (٢١) كەسن.

بەڕێوەبەرایەتی حەج و عومرەی سلێمانی: ژمارەی ئەو حاجیانەی لە (٦٥) ساڵ بەسەرەوەن (٥٤٠) حاجییە، كە دابەش كراون بۆ ژمارەی هاوەڵەكان (١٨٤) كەسن، ژمارەی هەردووكیان (٧٢٤) كەسن و ژمارەی مردووەكان (٩) كەسن.

بەرێوەبەرایەتی حەج و عومرەی پارێزگای دهۆك: ژمارەی حاجیانی لە (٦٥) ساڵ بەرەو سەرەوەن (٣٨٨) حاجییە، كە دابەش كراون بۆ ژمارەی هاوەڵەكان (١٣٤) و ژمارەی هەردووكیان (٥٢٢) كەسن و ژمارەی مردووەكانیش (٢٥ ) كەسە.

بەڕێوەبەرایەتی حەج و عومرەی هەڵەبجە: ژمارەی ئەو حاجیانەی لە (٦٥) ساڵ بەرەو سەرەوەن (٤٢) حاجییە و دابەش كراون بۆ ژمارەی هاوەڵەكان (١٣) و ژمارەی هەردووكیان (٥٥) كەسە و ژمارەی مردووەكانیش (٢) كەسە.

بەڕێوەبەرایەتی حەج و عومرەی ئیدارەی گەرمیان: ژمارەی ئەو حاجیانەی لە (٦٥) ساڵ بەرەو سەرەوەن (٨١) و دابەش كراون بۆ ژمارەی هاوەڵەكان (٤٧) و ژمارەی هەردووكیان (١٢٨) ژمارەی مردووەكانیش (٦) كەسە.

ژمارەی ئەو حاجیانەی لە (٦٥) ساڵ بەرەو سەرەوەن هەزار و ٥٣٩ حاجین و دابەش كراون بۆ ژمارەی هاوەڵەكان كە (٥١٨) كەسن، ژمارەی هەردووكیان دوو هەزار و (٥٧) كەسە و ژمارەی مردووەكانیش (٦٣) كەسە. 

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن