133 هەزار كرێكار لە هەرێمی كوردستان دەستەبەركراون

چاوپێکەوتن

01/05/2022     ژمارەی بینراو 289

راچڵەكین-

بەڕێوەبەری گشتی كار و دەستەبەری كۆمەڵایەتی لە وەزارەتی كاروكاروباری كۆمەڵایەتی، عارف حیتۆ دەڵێت، تا ئێستا ١٣٣ هەزار كرێكار لە دەستەبەری كۆمەڵایەتی تۆماركراون و ئەوەش دەخاتەڕوو كە لەو ژمارەیەش ١٤ هەزاریان كرێكاری بیانین و ئەوانی دیكە كرێكاری ناوخۆن.

عارف حیتۆ، بە بۆنەی رۆژی جیهانی كرێكارانەوە، دوا زانیارییەكانی دۆخی كرێكاران لە هەرێمی كوردستان خستەڕوو.

لەبارەی پێناسەی كرێكار لە یاساكانی وەزارەتی كار و ئامارەكانی كرێكار لە هەرێمی كوردستان دا، بەڕێوەبەری گشتی كار و دەستەبەری كۆمەڵایەتی لە وەزارەتی كاروكاروباری كۆمەڵایەتی، دەڵێت: "هەر كەسێك بەپێی گرێبەستێك لە كەرتی تایبەت كار بۆ خاوەنكارێك بكات و مووچەیەك وەربگرێت، پێی دەڵێین كرێكار، ئەوانەی لە كەرتی گشتیش كار دەكەن پێی دەڵێن فەرمانبەر، تا كۆتایی ساڵی ٢٠٢١ ژمارەی كرێكارەكان بریتیی بوو لە ١٢٧ هەزار و ١٦٠ كرێكار، لەم سێ مانگەی دواییشدا، چوار هەزار و ٩٩٨ كرێكار تا ئێستا لە دەستەبەری كۆمەڵایەتی تۆماركراون لەو ژمارەیەش ١٤ هەزاریان كرێكاری بیانین".

بەپێی ئامارەكانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی كار و دەستەبەری كۆمەڵایەتی لە وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی، لە ساڵی ٢٠٢١ دا، ١١٠ هەزار و ٩١٧ كرێكاری خۆماڵی تۆماركراون بە جۆرێك لە بەڕێوەبەرایەتی كار و دەستەبەری كۆمەڵایەتی هەولێر٥٠ هەزار و ٦٠٤ كرێكاری خۆماڵی تۆماركراون، لەو ژمارەیەش ٤٧ هەزار و ٢٨ كەس پیاو و، سێ هەزار و ٥٧٦ كەس ئافرەتن.

لە بەڕێوەبەرایەتی كار و دەستەبەری كۆمەڵایەتی سلێمانی، ٤١ هەزار و ٧٩٠ كرێكاری خۆماڵی تۆماركراون، لەو ژمارەیەش ٣٣ هەزار و ٢٩٤ پیاو و، هەشت هەزار و ٤٩٦ ئافرەتن. هاوكات لە بەڕێوەبەرایەتی كار و دەستەبەری كۆمەڵایەتی دهۆكیش ١٨ هەزار و ٥٢٣ كرێكار تۆماركراون لەو ژمارەیەش ١٦ هەزار و ١٠٨ پیاو و هەزار و ٤١٥ كرێكاریش ئافرەتن.

دكتۆر عارف حیتۆ دەشڵیت: "لە وەزارەتی كار لەگەڵ قەیرانی دارایی پلانێكمان دانا بۆ كەمكردنەوەی كرێكاری بیانی و رەخساندنی دەرفەتی كار بۆ كرێكاری خۆماڵی، بۆیە ئەو كرێكارانەی لە رێگای وەزارەتەوە دێنە هەرێمی كوردستان، زۆربەیان كرێكاری خزمەتكاری ناوماڵن چونكە ئەو جۆرە كرێكارانە لە كوردستان دەستناكەوێت بۆیە ئەو خەڵكانەی كە كرێكاری ناوماڵیان پێویستە، ئەوا كرێكارەكان دەهێنن، ئەوانە زیاتر لە وڵاتە ئەفەریقییەكان و ئەندۆنیزیا و وڵاتە ئاسیاییەكانەوە دێن".

لەبارەی ژمارەی ئەو كۆمپانیایانەی كە كرێكارانی بیانی دەهێننە هەرێمی كوردستان، دكتۆر عارف حیتۆ دەڵێت: "بە گشتی مۆڵەت بە ١٩٧ كۆمپانیا دراوە كە كرێكاری بیانی دەهێننە هەرێمی كوردستان، بەڵام لەو ژمارەیەش لە ئیستادا تەنیا ٥١ كۆمپانیا كاران، ئەوانی دیكە یان راگیراون یان لە لیستی رەشدان، هەر كۆمپانیایەكی هێنانی كرێكاری بیانی بەپێی رێنماییەكانی ئێمە كار نەكات ئەوا بەپێی سەرپێچییەكە جۆری مامەڵەی لەگەڵ دەكرێت".

بەپێی ئامارەكانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی كار و دەستەبەری كۆمەڵایەتی لە وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی، هەر لە ساڵی ٢٠٢١دا، ١٦ هەزار و ٢٤٣ كرێكاری بیانی تۆماركراون، بەجۆرێك لە بەڕێوەبەرایەتی كار و دەستەبەری كۆمەڵایەتی هەولێر ١٢ هەزار و ٢٧٤ كرێكاری بیانی تۆماركراون لەو ژمارەیەش دە هەزار و ١٣٩ پیاو و دوو هەزار و ١٣٥ ئافرەتن.

لە بەڕێوەبەرایەتی كار و دەستەبەری كۆمەڵایەتی سلێمانی، دوو هەزار و ٨٦٦ كرێكاری بیانی تۆماركراون، لەو ژمارەیەش دوو هەزار و ٤٠٧ پیاو و، ٤٥٩ كرێكاریش ئافرەت بوونە، هاوكات لە بەڕێوەبەرایەتی كار و دەستەبەری كۆمەڵایەتی دهۆكیش هەزاری و ١٠٣ كرێكار تۆماركراون، لەو ژمارەیەش هەزار و ١٦ پیاو و ٨٧ كرێكاریش ئافرەتن.

هەر بەپێی ئامارەكانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی كار و دەستەبەری كۆمەڵایەتی لە وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی، لە سێ مانگی سەرەتای ساڵی ٢٠٢٢ دا، چوار هەزار و ٩٩٨ كرێكار تۆماركراون، لەو ژمارەیەش چوار هەزار و ٤٧٥ كرێكار خۆماڵی و ٥٢٣ كرێكاریش بیانین.

سەبارەت بە ئاماری خانەنشینانی كەرتی تایبەت، دكتۆر عارف حیتۆ دەڵێت: "خانەنشینەكانی كەرتی تایبەت ژمارەیان لە ٨٠٠ كەس تێنەپەڕیووە، هۆكارەكەیشی ئەوەیە كە كاتێك كرێكارێك ساڵێك بەسەر تەواوبوونی گرێبەستەكەی تێپەڕدەبێت، دێ داوای پاداشتی كۆتایی خزمەت دەكات، ئەو پاداشتەی كە لەلای ئێمە وەردەگیرێت دوای ئەوە دەستبەرداری هەموو مافێكی خۆی دەبێت بۆ خانەنشینكردن، هەر بۆیە گرنگی دەستەبەركردن ئەوەیە كە كۆمەڵێك ئیمتیازی تێدایە ئەویش بریتیە لەوەی كە كرێكاری كەرتی تایبەت وەكو كارمەندی كەرتی گشتی بۆی هەیە خانەنشین بێت بەڵام بە مەرجێك پیاو تەمەنی بگاتە ٦٠ ساڵ و ئافرەت ٥٥ ساڵ، یان پیاو ٢٥ ساڵ و ئافرەت ٢٠ ساڵ خزمەتی هەبێت، ئەوا ئەوكاتە مافی خانەنشینی دەبێت، ئەگەر تەمەنەكە گەیشتە ٦٠ ساڵ و ئەو خزمەتەی نەبوو، ئەوا پاداشتی كۆتایی پێ دەدرێت".

لەبارەی ئەوەی بۆچی دەستەبەری كۆمەڵایەتی ئەو فەرمانبەرانە ناگرێتەوە كە لە كەرتی تایبەت كار دەكەن، دكتۆر عارف حیتۆ دەڵێت: "پڕۆسەی دەستەبەركردن بابەتێكە كە كرێكار پشتڕاست بێت كە مافی ژن و منداڵەكەی پارێزراوە، ئەوەی لە حكوومەت خانەنشین بێت ئەوا ئەو مافەی هەیە و ناتوانێت دەستەبەر بكرێت".

هەندێكجار كرێكار لەمیانی كاركردندا تووشی پێكان یان كەمئەندامی دەبێت و ئەمەش توانای كاركردنی لەدەست دەدات، سەبارەت بەم پرسەش، دكتۆر عارف حیتۆ دەڵێت: "بەپێی یاسا هەر كەسێك لەسەر كار تووشی پێكانی كار ببێت، ئەگەر پلەی پەككەوتنی سەد لە سەد بێت ئەوا مووچەی سەد لە سەدی پێ دەدرێت و ئەگەریش كەمتر بوو ئەوا شەش مانگ جارێك دەبێت راپۆڕتی پزیشكی هەبێت بۆ ئەوەی لەسەر بنەمای ئەو راپۆڕتە، مووچەی پێ دەدرێت".

رۆژی یەكی ئایاری هەموو ساڵێك بە رۆژی جیهانی كرێكاران یان جەژنی كرێكاران ناسێندراوە، ئەمەش پەیوەستە بە رووداوێكی ١٣٦ ساڵ لەمەوبەر كە تیاییدا كرێكارانی شیكاگۆ داوای كەمكردنەوەی كاتی كاركردنییان كرد و لەژێر دروشمی 'هەشت كاتژمێر كاركردن، هەشت كاتژمێر پشوودان، هەشت كاتژمێر خەوتن' بەهەزاران كرێكار رژانە سەر شەقامەكان و لە ئەنجامی رووبەڕووبوونەوەكاندا ژمارەیەك كرێكار كوژران و دواتر بۆ ئاساییكردنەوەەی دۆخەكە كۆنگرێسی ئەمریكا یەكی ئایاری وەك رۆژی كرێكاران بە كۆی دەنگ پەسەند كرد و تیاییدا داواكاری كرێكاران چەسپێنران و كاتەكانی كاركردن كەمكرانەوە.

ساڵانە لەم رۆژەدا لە عیراق و هەرێمی كوردستان هاوشێوەی بەشێكی زۆری وڵاتان، پشووی فەرمییە و چەندین بۆنە و چالاكی جۆراوجۆر بۆ بەرەو باشتركردنی ژیانی كرێكاران بەڕێوەدەچێت.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن