ژنە ئەفسەرێك حوكمدراوێك لە زیندان دەرباز دەكات و بەیەکەوە هەڵدێن

هەمەڕەنگ

08/05/2022     ژمارەی بینراو 515

راچڵەكین –

لە حاڵەتێكی نامۆدا لە ئەمریكا، ژنە ئەفسەرێكی پۆلیسی ئەو وڵاتە، تاوانبارێك لە گرتووخانە دەرباز دەكات، كە بە 75 ساڵ زیندانیكردن حوكمدراوە، هەردووكیان بەرەو شوێنێكی نادیار هەڵاتوون و پۆلیسیش بەدوایاندا دەگەڕێت.

بەگوێرەی میدیاكانی ئەمریكا، رووداوەكە رۆژی 29ی مانگی رابردوو لە گرتوخانەیەكی ناوچەی لودردیل-ی سەر بە ویلایەتی ئەلەباما (باشووری رۆژهەڵات)ی ئەمریكا روویداوە، فیكی وایت-ی تەمەن 56 ساڵ كە ژنە ئەفسەرێكی گرتوخانەكەیە، بەبیانووی بردنی كیسی وایت-ی تەمەن 38 ساڵ، بۆ نەخۆشخانە بەمەبەستی ئەنجامدانی پشكنین بۆ رادەی ژیری، كە بەهۆی چەند تاوانێكەوە، 75 ساڵ حوكمدراوە، هەردووكیان رادەكەن و چارەنووسیان نادیارە.

پۆلیسی ناوچەی لودردیل، كە ماوەی 9 رۆژە بەدوایاندا دەگەڕێت، رایگەیاندووە، ژنە ئەفسەرەكەو تاوانبارە حوكمدراوەكە، بە ئۆتۆمبیلێكی پۆلیس هەڵاتوون و خۆیان گەیاندووەتە ویلایەتی تینیسی، وەك لە كامێراكانی چاودێرییش دەركەوتووە، دوای ئەوەی لە گرتوخانەكە دووردەكەونەوە، ئۆتۆمبیلەكە جێدەهێڵن و سواری ئۆتۆمبیلێكی تایبەت دەبن، كە خاوەندارێتییەكەی بۆ ژنە ئەفسەرەكە دەگەڕێتەوەو خۆیان دەگەیەننە سنووری ویلایەتی تینیسی.

هێزەكانی پۆلیس لەمیانی لێكۆڵنەوەوەو بەدواداچوونەكانیان، رۆژی هەینی رابردوو ئۆتۆمبیلە تایبەتەكە دەدۆزنەوە، كە لەناوچەیەكی دوورەدەست جێهێڵدرابوو، گومانی ئەوە دەكەن بەهۆی دروستبوونی گرفتی تەكنینی، ئەفسەرو حوكمدراوەكە ئۆتۆمبیلەكەیان جێهێشتبێت، بەڵام نازانن دواتر بەرەو چ شوێنێك هەڵاتوون و ئێستا لەكوێ خۆیان شاردووەتەوە.

فەرماندەی پۆلیسی ناوچەی لودردیل، بە میدیاكانی راگەیاندووە، كیسی وایت لەساڵی 2015ەوە لە زیندانە، چەندین تاوانی وەك كوشتن و هەڵكوتانە سەر ماڵان و دزیكردن و رێگری لە خەڵك و تەقەكردن لە پۆلیس، لەسەری ساغبووەتەوەو لەلایەن دادگاوە بە 75 ساڵ زیندانیكردن حوكمدراوە.

هەرچەندە تائێستا جۆری پەیوەندی نێوان ژنە ئەفسەرەكەو حوكمدراوەكە ئاشكرا نەبووە، بەڵام پۆلیسەكانی هاوڕێی فیكی، گومان دەكەن پەیوەندی سۆزداری لەنێوانیان هەبووبێت، بەڵام ئاشكراینەكردووەو بە نهێنی هێشتوویەتییەوە.

دەسەڵاتدارانی ویلایەتی ئەلەباما خەڵاتی 15 هەزار دۆلاریان راگەیاندووە بۆ ئەو كەسەی زانیاری لەبارەی شوێنی ژنە ئەفسەرەكەو حوكمدراوە هەڵاتووەكە بە پۆلیس بدات، كە ببێتە هۆی دەستگیركردنیان.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن