توركیا هەڵوێستی خۆی لەبارەی بڕینی بەشە ئاوی عیراق ئاشكرا دەكات

عێراق

18/05/2022     ژمارەی بینراو 353

راچڵەكین –

حكومەتی توركیا ئامادەیی خۆی بۆ بەردەوامبوونی هاریكارییەكانی لەگەڵ عیراق سەبارەت بە پرسی ئاو نیشاندەدات، باڵیۆزی ئەو وڵاتەش لە بەغدا رایدەگەیەنێت: بەشە ئاوی عیراق نابڕین و ئاڕاستەی رووبارەكانیش ناگۆڕین.

عەلی رەزا گونەی، باڵیۆزی توركیا لە عیراق، لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا، رەتیكردەوە وڵاتەكەی بەشە ئاوی عیراقی بڕیبێت و لەبارەی چارەسەركردنی كەمیی ئاویش كە بەهۆی گەرمبوونی جیهانەوە لە ناوچەكە دروست بووە، وتی: "بەداخەوە رەنگە ئەو ئاوەی ئەمڕۆ بەردەستە، لە ساڵی ٢٠٣٠ تەواو كەمبكات، ئەمە رووداوێكی زۆر جدییەو توركیاش پێویستی بە ئاو هەیە".

ئاماژەی بەوەشكرد كە سەرەڕای كەمبوونەوەی سەرچاوەكانی ئاوو پێویستی زۆری وڵاتەكەی بە ئاو، بەڵام دوای بەكارهێنانی، ئەو ئاوە ئازاد دەكات بۆئەوەی بەڕێڕەوی ئاسایی خۆیدا بڕوات بۆ وڵاتانی دیكە، راشیگەیاند: توركیا ئاوی فورات و دیجلەی نەبڕیوە و نایبڕێت، تەنانەت ئاڕاستەی رووبارەكانیش ناگۆڕێت.

سەبارەت بە دروستكردنی بەنداوەكانیش لەسەر هەردوو روباری دیجلەو فورات كە بەهۆیەوە بەشە ئاوی عیراق كەمبووەتەوە، باڵیۆزی توركیا لە بەغدا وتی:" دروستكردنی بەنداو زۆر سوودبەخشە لە رێكخستنی ئاوو رێگریكردن لە فیڕۆچوونی".

عەلی رەزا گونەی جەختی لەوەشكردەوە كە وڵاتەكەی بەردەوام دەبێت لە هاریكارییەكانی لەگەڵ عیراق سەبارەت بە پرسی ئاوو دابینكردنی بەشە ئاوی ئەو وڵاتە لەهەردوو روباری دیجلەو فورات.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن