ستاربەكس دوای نزیكەی ١٥ ساڵ كاركردن لە رووسیا دەكشێتەوە

جیهان

24/05/2022     ژمارەی بینراو 168

راچڵەكین-

دوای نزیكەی ١٥ ساڵ كاركردن، زنجیرەی قاوەی ستاربەكسی ئەمریكی بڕیاریدا بازاڕەكانی رووسیا جێبهێڵێت.

لەو راگەیەندراوەدا كە لەلایەن كۆمپانیای ستاربەكسەوە بڵاوكراوەتەوە، ئەوە وەبیرھێنەراوەتەوە كە ستاربەكس لە ٨ی ئادارەوە سەرجەم چالاكییە بازرگانییەكانی لە رووسیا ھەڵپەساردووە.

باس لەوەش كراوە كە كۆمپانیاكە بریاری جێهێشتنی بازاری رووسیای داوە و چیتر خاوەنی براندێك نییە لەو بازاڕە.

ستاربەكس لە راگەیەندراوەكەیدا ئەوەشی خستووەتەڕوو كە بۆ ماوەی شەش مانگ مووچەی نزیكەی دوو ھەزار كارمەندیان لە رووسیا دەدەن و بۆ دۆزینەوەی كاری نوێ لە دەرەوەی ستاربەكس ھاوكارییان دەكەن.

كۆمپانیای ستاربەكس كە لە رووسیا خاوەنی ١٣٠ فرۆشگایە، یەكەم لقی لە وڵاتەكە لە ساڵی ٢٠٠٧دا كردەوە و سەرجەم لقەكانی لەلایەن گرووپی ئالشایا-وە بەڕێوەدەبرێت.

لە دوای ھێرشی رووسیا بۆسەر ئۆكراینا، ستاربەكس لە ٨ی ئادار ھەڵپەساردنی سەرجەم چالاكییە بازرگانییەكانی لە رووسیا راگەیاندبوو.

لەگەڵ بەردەوامبوونی ھێرشەكانی رووسیا بۆ سەر ئۆكراینا، ژمارەی ئەو كۆمپانیایانەی كە پێداچوونەوە بە كارەكانیان لە رووسیا دەكەن، رووی لە هەڵكشان كردووە.

دوایینیان كۆمپانیای ماكدۆناڵدس بوو كە دوای زیاتر لە ٣٠ ساڵ كاركردن كشانەوەی خۆی لە بازاڕەكانی رووسیا و دەستپێكردنی پرۆسەی فرۆشتنی ئاشكرا كردبوو.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن