راچڵەكین-
بەھۆی شەپۆلی خۆڵبارین كە دوو رۆژە ھەرێمی كوردستانی گرتووەتەوە، تا ئێستا 328 كەس بەھۆی هەناسەسوارییەوە لە سنووری پارێزگای دھۆك گەیەندراونەتە نەخۆشخانەكان.
حەمزە رەزیكی، بەڕێوەبەری راگەیاندنی تەندروستیی پارێزگای دھۆك، رایگەیاند: "لە پارێزگای دھۆك بەھۆی كاریگەریی شەپۆلی خۆڵبارین و ھەناسەسوارییەوە تا ئێستا 328 كەس سەردانی بەشەكانی فریاكەوتنی نەخۆشخانەكانیان كردووە".
بەپێی راگەیەندراوێكی بەڕێوەبەرایەتی كەشناسیی و بومەلەرزەزانیی پارێزگای دھۆك بەھۆی كاریگەریی خۆڵبارینی ئەمڕۆ، مەودای بینین لە سەنتەری شاری دھۆگ بووە بە ٣٠٠ مەتر و لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ بۆتە ٥٠٠ مەتر، هەروەها لە قەزای ئاكرێ ٢٠٠ مەتر.
بەپێی پێشبینیەكانی بەڕێوەبەرایەتی كەشناسیی و بوومەلەرزەزانیی ھەرێم، سبەی چوارشەممە لە شاری دھۆك ئاسمان ساماڵ دەبێت لەگەڵ درووستبوونی تۆز و خۆل و لە كاتەكانی ئێوارەدا دەگۆرێت بۆ نیمچە ھەور و كاریگەری خۆلبارین كەم دەبێتەوە.