ستران عەبدوڵا: یەكێتی بۆ پۆستەكانی هەرێم.. كاندیدی دەبێت

چاوپێکەوتن

04/06/2022     ژمارەی بینراو 286

راچڵەكین-

ئەندامێكی مەكتەبی سیاسی یەكێتی دەڵێت، حزبەكەی نەك تەنها بۆ پۆستی سەرۆككۆمار، بەڵكو بۆ هەموو پۆستەكانی تری هەرێمی كوردستانیش كاندیدی دەبێت.

ستران عەبدوڵا، لەچاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ ئاژانسی ئەنادۆڵۆ، لەبارەی 47 هەمین ساڵەی دامەزراندنی یەكێتی نیشتمانی كوردستان رایگەیاند:" ''یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ٤٧ ساڵ پێش ئێستا دامەزرا بۆ پەرەپێدانی دیموكراسی لە عێراق و دابینكردنی مافەكانی گەلی كوردستان، راستە لە ماوەی ئەم ٤٧ ساڵە كە لەسەر دەستی مامجەلال تاڵەبانی دامەزراوە تا ئێستا لەوخەباتە و رێبازەی خۆی بەردەوامە، لەناو ئەو هەموو پێشهاتانەی كە لە جیهاندا هەیە یەكێتی لە نوێبونەوەدایە و لەمساڵیشدا لەیادی ٤٧ ساڵەی خۆیدا دیداری یەكێتی رێكخست بۆئەوەی سیاسەتەكانی خۆی رێكبخاتەوە".

ستران عەبدوڵا لەبارەی مەبەست لەدەستەواژەی (یەكێتی نوێ) ووتی، یەكێتی نوێ هەمان ئەو یەكێتیەی ٤٧ ساڵی رابردووە كە مام جەلال دایمەزراند و وتی: ''دیارە لەڕووی ستراتیجیی و ناسنامەی كاركردنەوە هەمان ئەو یەكێتیەیە، بەڵام وەك هەلومەرجی تازە زەمەن گۆڕاوە لەگەڵیشیا بێگومان بارودۆخ لە كوردستان و لە عێراق و ناوچەكەش گۆڕانكاری بەسەرهاتووە، بۆیە زۆرئاساییە كە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانیش گۆڕانكاری بەسەر بێت و لەم هەلومەرجەی ماوەی رابردوودا، ئێمە وەك یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دیدارێكمان بەست كە وەك نیمچە كۆنفراسێكی حزبی وابوو كە تێڕوانینی یەكێتی بۆقۆناغێكی داهاتوو دابڕێژین لە مەیدانی خەباتی سیاسیدا لە شێوەی ئیشكردنمان بۆ داهاتوو لە هێنانە پێشەوەی گەنجاندا لە هێنانە پێشەوەی ژناندا لە قۆناغی داهاتوودا، ئەو ئەركە بە باشترین شێوە جێبەجێ بكات".

ستران عەبدوڵا سەبارەت بە هەوڵەكان بۆ لێكنزیكبوونەوەی لایەنەكانی هەرێمی كوردستان و رێككەوتن لەسەر پرسی هەڵبژاردن و دیاریكردنی پۆستی سەركۆماری عێراق ئاماژەی بەوە دا، یەكێتی كاندیدی هەیە بۆ پۆستی سەركۆمار و وتی: ''وەك سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، كاك بافڵ جەلال تاڵەبانی رایگەیاند، نەك هەر بۆ سەرۆككۆمار بۆ هەموو پۆستەكانی تری هەرێمی كوردستانیش دەمانبێت، بێگومان ئەمەش دەكەوێتە سەر ئەو هەڵبژاردنەی كە لە كوردستان ئەنجام دەدرێت و ئەو رێژەی دەنگەی كە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دەیهێنێت، ئێمە هیوامان وایە كەلەم هەڵبژاردنەدا، بتوانین یەكەمی هەڵبژاردنەكە بین، بەگوێرەی ئەو هەڵسانەوە و گەشانەوەیەی یەكێتی هەیەتی بتوانین بە باشترین شێوە جێبەجێی بكەین، ئێمە یەك كاندیمان هەیە بۆ پۆستی سەركۆمار تا ئێستا گۆڕانكاری بەسەردا نەهاتووە، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان كاندیدی خۆی ناگۆڕێت، چونكە ئەمە بە هەڵسەنگاندنێكی دوور و دڕێژی سەركردایەتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ئەم كاندیدە دیاریی كراوە كە بەڕێز دكتۆر بەرهەم ساڵح-ە".

ئەو ئەندامەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی لەبارەی پلانی حزبەكەیان بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی هەرێم كە بڕیارە لە مانگی تشرینی یەكەمی ئەمساڵدا بەڕێوەبچێت كە لەئێستادا جێی ناكۆكی لایەنە سیاسییەكانی هەرێمە وتی: ''یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەگەڵ ئەوەدایە هەڵبژاردنەكان لە وادەی خۆیدا بكرێت و ئەو كێشانەی كە بە داخەوە لە هەڵبژاردنەكانی پێشوی كوردستاندا هەبوو بەشێوەیەكی گشتی زۆر جار كە دوا دەكەوێت یان دوا دەخرێت، ئەو كێشەیە بەشێوەیەكی رێكوپێك لێكتێگەیشتنی نێوان لایەنە سیاسییەكان كۆتایی پێ دەهێنرێت و بنبڕ دەكرێت، چونكە پابەندبوون بە وادەی هەڵبژاردنەكانەوە بەڵگەی رێزگرتنی هێزە سیاسییەكانە لە دیموكراسی و گەشەی دیموكراسی لە كوردستاندا، ئێمە وەك یەكێتیی نیشمانیی كوردستان پێمان وایە بۆئەوەی هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد بكرێت، پێویستە ئەم هەڵبژاردنە بتوانرێت لایەنە جیاجیاكان ناوبژیوانی دیموكراسی هەبێت لە ناوبژیوانی دیموكراسی بۆ هەڵبژاردنەكاندا كە سندوقێكی باشی دەنگدەران پاكرابێتەوە لە ساختەكاری كە تۆمارێكی دەنگدەرانی واهەبێت ئەو دیموكراسێتەی هەڵبژاردن یەتە كایەوە رەنگدەرەوەی ویست و ئارەزووی خەڵكی كوردستان بێت".

ستران عەبدوڵا سەبارەت بە خواستی یەكێتی بۆ یاسای هەڵبژاردنەكان وتی: هەڵبژاردن، ئێمە پێمان باشە چەند بازنەیی بێت، هێزە سیاسیەكانیش باشتر رێكبكەون لەسەر ئەم رێژەیە و رێشبكەون لەسەر ئەو شوێنەی كە هەڵبژاردنێكی دیموكراسیی دێتە كایەوە ئەگەر ئەوە هاتە كایەوە، ئێمە پێمان وایە بەسەركەوتوویی هەڵبژاردنێكی باش بۆ كوردستان دێنینە كایەوە، بەڵام بێگومان ئیرادەی هەموو حزبە سیاسییەكانی كوردستانی پێویستە و باوەڕیش ناكەم هێزێكی سیاسیی هەبێت بڵێت، من دەمەوێت كە هەڵبژاردنێك بكرێت كەمتر دیموكراسی بێت و كەمتر گوزارشت لە ئیرادەی خەڵكی كوردستان بكات".

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندۆرید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن