"هێزی پێشمەرگە بەرەو قۆناغێکی باشتر و گەشەسەندووتر هەنگاوی ناوە"

کوردستان

04/07/2022     ژمارەی بینراو 176

راچڵەکین-

ئەمینداری گشتیی وه‌زاره‌تی پێشمەرگە و بەرپرسی تیمی راوێژکارانی باڵای سەربازی ئەڵمانیا پرسی رێکخستنەوەی هێزەکانی پێشمه‌رگه‌یان تاوتوێكرد و ئەمینداری وەزارەتەکەش رایگەیاند:"هێزی پێشمەرگە بەرەو قۆناغێکی باشتر و گەشەسەندووتر هەنگاوی ناوە".

وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان راگه‌یه‌ندراوێكی بڵاوكرده‌وه‌ تێیدا هاتووه‌، ئەمڕۆ دووشه‌ممه‌ 4ـی تەممووزی 2022 لیوا روکن بەختیار محه‌مه‌د سدیق، ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە لەگەڵ کۆلۆنێڵ (یان) بەرپرسی تیمی راوێژکارانی باڵای سەربازی ئەڵمانیا لەهەرێم له‌باره‌ی پرسی رێکخستنەوە و یەکخستنەوەی هێزەکان، بەردەوامیدان بەمەشق و راهێنانەکان کۆبوونەوه‌.

بە گوێرەی راگەیەندراوەکە لەکۆبونەوەکەدا، پڕۆسەی چاکسازی وەزارەت، پرسی رێکخستنەوەو یەکخستنەوەی هێزەکان، بەردەوامیدان بەمەشق و راهێنانەکان گفتوگۆی لەبارەوە کرا. 

ئەمینداری گشتیی وەزارەت راشیگەیاندووە:" لەرێگەی هاوکاری و ئەزموونەکانی ئێوە و راوێژکارانی تری وڵاتانی هاوپەیمانان، هێزی پێشمەرگە، بەرەو قۆناغێکی باشتر و گەشەسەندووتر هەنگاوی ناوە، ئەمەش جێی بایەخ و گرنگی زۆری ئێمەیە". 

هەروەها کۆلۆنێڵ یان، رایگەیاندووە، لەهاوکاری و هەماهەنگی وەزارەتی پێشمەرگە بەردەوام دەبن و بۆ ئەمەش جەختی لەسەر کاری هەمەلایەنەی نێوان راوێژکارانی سەربازی ئەڵمانیا و هێزەکانی پێشمەرگە کردەوە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن