چین؛ حەوت كەس لە وۆهان بەكۆرۆنا گیانیان لەدەستدا

جیهان

24/03/2020     ژمارەی بینراو 280

راچڵەكین-

حەوت تووشبووی كۆرۆنا لە شاری وۆهان-ی چین گیانیان لەدەستداو، ژمارەیەكی نوێی تووشبوون بەو ڤایرۆسەش تۆماركرا.

ئاژانسی هەواڵیی شینخوا بڵاویكردەوە، لیژنەی تەندروستی نیشتمانی چین لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردووەتەوە، رۆژی دووشەممە 24-3-2020،  78حاڵەتی تووشبوون بەڤایرۆسی كۆرۆنا‌ تۆماركراون كە 74 یان ‌ لە دەرەوەی وڵات گەڕاونەتەوە.

لە راگەیەندراوەكەدا باس لەوە كراوە كە ژمارەی حاڵەتەكانی توشبوون بە پەتاكە لەو هاووڵاتیە بیانیانەی لە دەرەوەی وڵاتەوە چوونەتە ئەو وڵاتەوە و بە ''حاڵەتەكانی هاوردە'' ناودەبرێت گەیشتووەتە 427حاڵەت.

 ژمارەی ئەوانەی دوای تووشبوونیان بە ڤایرۆسی كۆرۆنا لە چین گیانیان لەدەستداوە بەرزبووەتەوە بۆ سێ هەزار و 281 كەس.

تا ئێستا لەناوخۆی چین تێكڕا 81هەزار و 558حاڵەتی توشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ تۆماركراوە. 

ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ كە لە كانوونی یەكەمی ٢٠١٩دا لە شاری وهان سەربە ویلایەتی هوبای رۆژهەڵاتی چین سەریهەڵدا، لە ماوەیەكی كورتدا بەتەواوی ئەو وڵاتە و وڵاتانی جیهاندا، بڵاوبووەوە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن