لە مردن بترسین یان تووشبوون بە کۆرۆنا؟

تەندروستی

24/03/2020     ژمارەی بینراو 454

کۆرۆنا


ڕاچڵه‌كین-

ئێمە میللەتێکین زۆر ناخۆشی و دەرد و بەڵای جۆراو جۆرمان تێپەڕاندووە بەڵام بۆ ئەم پەتای سەردەمە هێشتا ناتوانین بڕیاری لەسەر بدەین کە ئایا ئەتوانین بەبێ قوربانی زۆر تێیپەڕێنین یان نا؟!

بەڵام ئەوەی گرنگە و جێگای باسکردنە ئەوەیە ؛ چونکە ئێمە نازانین کاتێک تووشی ئەم ڤایرۆسە دەبین یەکسەر دەمرین یان نا، بۆیە گرنگە لەجیاتی بیر لەمردن بکەینەوە بیر لە گرنگیەکانی پێش تووشبوون بکەینەوە و زیانەکانی تووشبوون بزانین.

ئەگەر یەکێکمان لە خێزانەکەمان تووش ببێ ؛ دەبێ کەسی تووشبوو جیابکرێتەوە و ئەندامانی تری خێزانەکەش کەرەنتین بکرێن لە ئۆتێلەکان ئەگەر ڕێژەی تۆمارکراو کەم بوو لە ووڵات ٫ بەڵام ئەگەر ڕێژەکە بە ڕاددەیەک بوو کە هەموو کەرەنتینەکان پڕ بوون ئەوە دەبێت هەر خێزانێکی توشبوو لە ماڵی خۆی کەرەنتین بکرێت و دەرگایان لەسەر دابخرێت ٫ ئینجا دوای ۵ ڕۆژ پشکنینیان بۆ بکرێت و لە ئەنجامی هەموویان دڵنیابینەوە (لەوانەیە VTM ی پشکنینیش نەمێنێ) 

ئەی ئەگەر لەو خێزانەدا کەسێکیان نەخۆش بوو بەڵام بەرگری لەشی زۆر کەم بوو بەهۆکاری جیاواز تا چەند دەتوانێت بەرگەی ڤایرۆس بگرێت.

ئەی ئەگەر پێویستی بە نەخۆشخانە و ئۆکسجین و هەناسەی دەستکرد بوو ؟ (لە هەموو هەرێمی کوردستان تەنها ۱۵۰ دانە ئامێری دەستکرد هەیە !)

ئەی ئەو کەسەی تووش دەبێت و یەکێکە لە سەربازە وونەکانی وڵات و لە بەرەنگاربوونەوەی کۆڕۆنادا دەورێکی باڵای هەیە و ووڵات پێویستیەتی ؛ دەبێت کەرەنتین بکرێت یان داخڵ بکرێت لە نەخۆشخانە و بەمەش لەدەستدانی سامانێکی مرۆیی گرنگە بۆ ماوەی ۳۰ ڕۆژ !

لە ئەگەری ڕوودانی ئاوتبرێک ؛
کارمەند و پزیشکان بەشی ئاوتبرێک ناکەن و کەل و پەلی پزیشکی و توانای گواستنەوە و دەرچونی تیمی تەندروستی و ئەمبیوڵانس سنووردارە !

دوای چاکبوونەوە لە ڤایرۆس هێشتا زیانەکانی تەواو نابن لەوانە : لەدەستدانی ڕێژەی ۲۰٪ بۆ ۳۰٪ کاری سییەکان،هەروەها کەمبوونەوەی توانای سێکس و ژمارە و جوڵەی سپێرمی پیاوەکان، کاریگەری خراپی لەسەر چەندین هۆڕمۆن و ئەنزیمی جەستە دەبێت .

بۆیە ئێوە بیر لە مردن مەکەنەوە بەتەنها چونکە بەدەست خوای باڵادەستە ٫ بەڵکو بیر لە زیانەکانی تووش بوون بکەنەوە و خەمی کەس و کارتان بێت و نەبنە هۆکاری بڵاوبوونەوەی ئەو دووژمنە نادیارە کوشندەیە بەناو ئازیزانتان .

ن: د. رەوەند عبدولرەحمان عیسا
پسپۆڕی نەشتەرگەری سینگ و دڵ

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن