پۆلیسی كەركوك لەسەر گیانلەدەستدانی كەسێكی بەخشراو دێتەدەنگ

کوردستان

06/08/2022     ژمارەی بینراو 192

راچڵەكین –

پۆلیسی پارێزگای كەركوك، روونكردنەوە لەبارەی هۆكاری گیانلەدەستدانی كەسێكی بەخشراو دەدات و رەتیدەكاتەوە دوای دەرهێنانی گورچیلەكانی، كوژرابێت.

دوای ئەوەی ئەمڕۆ شەممە، لە كەركوك تەرمی هاووڵاتییەكی بەخشراو دۆزرایەوە، لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان وا بڵاوكرایەوە كە هاووڵاتییەكە گورچیلەكانی دەرهێنراوەو پاشان كوژراوە، فەرماندەیی پۆلیسی كەركوك روونكردنەوەیەكی لەوبارەیەوە بڵاوكردەوە.

لە روونكردنەوەكەی پۆلیسی كەركوكدا هاتووە، بەپێی لێكۆڵینەوە سەرەتاییەكان، ئەو هاووڵاتییە بەخشراوە لەگەڕەكی ئازادییەوە بەرەو شەقامی بازنەیی كەركوك رۆیشتووە، دوای ئەوەی بەهۆی گەرماوە لەناوچەیەكی چۆڵەوانیی بووراوەتەوە، تەرمەكەی بەشێوێنراوی دۆزراوەتەوەو شوێنەواریی پەلاماری ئاژەڵی بەڕەڵا بە جەستەیەوە دیارە.

پۆلیسی كەركوك، ئاماژەی بەوەشكردووە، بەپێی راپۆرتی پزیشكی دادوەریی، هاووڵاتییەكە گورچیلەی دەرنەهێنراوەو ئەوەی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانیش بڵاوكراوەتەوە، لە راستییەوە دوورە، هاوكات راشیگەیاندووە كە رێكاری یاسایی بەرامبەر هەر كەسێك دەگرنەبەر كە دەنگۆی ناڕاست بڵاوكاتەوە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن