رەئیسی لەسەر مەرگی ژينا ئەمینی هەڵوێستی خۆی ئاشكراكرد

کوردستان

5 رۆژ پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 195

راچڵەكین-

سەرۆككۆماری ئێران، جەختی لەوە كردەوە،دۆسیەی لێكۆڵینەوە لە مەرگی مەھسا ئەمینی "ژینا" دەكرێتەوە. وتیشی:" لەراپۆرتی پزیشكیدا ئاماژە بەهیچ پێشێلكارییەك نەدراوە لەلایەن پۆلیسەوە."

ئیبراھیم رەئیسی لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانییدا كە لە پەراوێزی كۆبوونەوەی كۆمەڵەی گشتی نەتەوەیەكگرتووەكان لە نیویۆرك ئەنجامی دا، لە وەڵامی رۆژنامەنووساندا كە مەھسا ئەمینی بەھۆی ئەشكەنجەی ھێزە ئەمنییەكانی وڵاتەكەیەوە گیانی لەدەستدابێت، ئاماژەی بەوەدا، لە راپۆرتی پزیشكی دادوەرییدا ئاماژە بە ھیچ پێشێلكارییەك لەلایەن پۆلیسەوە نەكراوە و وتی "نامەوێت زۆر خێرایی بە پێش ئەنجامەكان بكەوم".

رەئیسی جەختی لەوە كردووەتەوە، ئەگەر یەكێك لە لایەنەكان ھەڵەی كرد، ئەوا پێویستە لێكۆڵینەوەی لەسەر بكرێت و راشیگەیاند، پەیوەندیی بە بنەماڵەی مەھسا ئەمینییەوە كردووە و بەڵێنی ئەوەی دا بە جددی لێكۆڵینەوە لە رووداوەكەدا بكات.

ئێوارەی رۆژی سێشەممە 13-09-2022 ژینا ئەمینی لە تاران بە تۆمەتی دانەپۆشینی قژی بە باشی، دەستگیركرا و دواتریش بە شێوەیەكی تەمومژاوی رۆژی 16-09-2022 لە نەخۆشخانەی كەسرا لە تاران گیانی لەدەستدا.

دوای مەرگی (ژینا)  خۆپیشاندان لە ژمارەیەك لە شارەكانی ئێران بەتایبەتی رۆژهەڵاتی كوردستان سەریهەڵداو بەگوێرەی زانیاریەكان تائێستا زیاتر لە 25 كەس بەتەقەی هێزە ئەمنییەكان شەهید بوون و دەیانی تریش برینداربوون.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندۆرید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن