سەدان بازرگان و بەكارهێنەری ماددەی هۆشبەر دەستگیركران

کوردستان

پێش 2 هەفتە     ژمارەی بینراو 303

راچڵەكین -

ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان، رایگەیاند، سەدان بازرگان و بەكارهێنەری ماددە هۆشبەرەكانیان دەستگیركردووەو دەستیشیان بەسەر بڕێكی زۆر ماددەی هۆشبەردا گرت.

بەگوێرەی راگەیەندراوێكی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان، كە ئەمڕۆ چوارشەممە بڵاوكراوەتەوە، تێیدا هاتووە، دامەزراوەكانی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان، 107 گەورەبازرگانی ماددە هۆشبەرەكان و 481 كەس بە تۆمەتی بەكارهێنانی ماددە هۆشبەرەكانیان دەستگیركردووەو دەستیش بەسەر نزیكەی 381 كیلۆگرام ماددەی هۆشبەر و 110 شیت حەبی هۆشبەردا گیراوە.

لە بەشێكی راگەیەندراوەكەدا هاتووە، ئەو ماددە هۆشبەرانەی دەستیان بەسەردا گیراوە، بریتین لە 10.596 كیلۆگرام كریستاڵ، 876 گرام هیرۆین، 1,881 كیلۆگرام حەشیش، 177 گرام جامایكا، 71 گرام ماریجوانا، 367.240 كیلۆگرام حەبی هۆشبەر لە جۆری كبتاگۆن، 110 شیت حەبی ترامادۆڵ، 8 مەركانە لە ڕووەكی چاندراوی ماریجوانا و دوو ئامێری گەورەی جلشۆر كە 367.240 كیلۆگرام حەبی هۆشبەری لە جۆری كبتاگۆنی تێدا شاردرابووەوە.

ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان راشیگەیاندووە سەرجەم تۆمەتبارانی دەستگیركراو پەڕاوی لێكۆڵینەوەیان بۆ كراوەتەوەو ڕەوانەی بەردەم دادوەر كراون.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندۆرید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن