زانیاری لەسەر كۆبوونەوەكەی هاوینەهەواری دووكانی لایەنە سیاسییەكان ئاشكرا دەكرێت

کوردستان

24/11/2022     ژمارەی بینراو 296

راچڵەكین-

بەشێكی زۆر لەكەسی یەكەمی لایەنە سیاسییەكانی كوردستان لەسەر بانگهێشتی بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتی، لەهاوینەهەواری دووكان كۆبوونەوەو داوایانكرد كار بكرێت بۆ دروستكردنی ئەنجوومەنێكی باڵا لە هەرێم بە بەشداری هەموو لایەنەكان بۆ بڕیاردان و دۆزینەوەی چارەسەر بۆ تەواوی كێشەكان و ئەو پرسانەی رەهەندی نەتەوەیی و نیشتمانییان هەیە.

لەدوای تەواوبوونی كۆبوونەوەكە، راگەیەندراوێك بڵاوكرایەوەو تێیدا ناوەڕۆكی كۆبوونەكە ئاشكراكرا.

دەقی راگەیەندراوەكە:

راگەیاندراوی كۆبوونەوەی لوتكەی بافل جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی و لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان

‏‎ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢٤ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢ لەسەر بانگهێشتی بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، لە هاوینەهەواری دوكان لە ماڵی مام، كۆبوونەوەی لوتكەی لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان لە چوارچێوەی دیالۆگی نیشتمانی بە ئامانجی یەكڕیزی و چارەسەری كێشەكان لە عیراق و هەرێم بەڕێوەچوو.

‏‎تەوەری سەرەكی كۆبوونەوەكەی هاوینەهەواری دوكان گفتوگۆكردن بوو لەسەر دوایین گۆڕانكاری و پێشهاتە سیاسی، ئابووری و ئەمنییەكانی هەرێم و عیراق و ناوچەكە.

‏‎كۆبوونەوەكە جەختی لە توندوتۆڵكردنی پەیوەندی نێوان هێز و لایەنە كوردییەكان كردەوە و بەپێویست زانرا هەنگاوی كرداری خێرا بۆ چارەسەركردنی كێشەكان بنرێت. هەروەك هاوڕابوون لەسەر زەمینەخۆشكردن بۆ فراوانكردن و بەردەوامی كۆبوونەوەی لایەنە سیاسییەكانی كوردستان، پەرەپێدانی پەیوەندییەكان و یەكخستنی هێز و تواناكان دوور لە تێڕوانینی حزبی بەمەبەستی چارەسەركردنی ئەو كێشانەی رووبەڕووی واقیعی هەرێم و عیراق بووەتەوە، ئەم ئامانجەش لەپێناو زاڵبوون بەسەر تەحەددییەكاندا.

‏‎لە بەشێكی تری كۆبوونەوەی هاوینەهەواری دوكان، كۆی لایەنەكان جەختیانكردەوە لە بەردەوامی دیالۆگی لایەنە سیاسییەكان بە ئامانجی گەیشتن بە پرۆژەیەكی هاوبەشی كوردستانیی یەكڕیزی نیشتمانی.

‏‎كۆبوونەوەكە هەڵوەستەی جددی لەسەر خراپی و نالەباری ژیان و گوزەرانی خەڵك كرد و روونكرایەوە، ژیان و دۆخی خەڵك گەیشتووەتە ئەو ئاستەی هەموو لایەنە سیاسییەكان هەنگاوبنێن و هاوكاربن بۆ چارەسەركردنی كێشەكان و باشتركردنی ژیانی هاوڵاتییان و هەرێمی كوردستان لەرووی ئابووری، سیاسی و ئەمنییەوە. كار بكرێت بۆ دروستكردنی ئەنجوومەنێكی باڵا لە هەرێم بە بەشداری هەموو لایەنەكان بۆ بڕیاردان و دۆزینەوەی چارەسەر بۆ تەواوی كێشەكان و ئەو پرسانەی رەهەندی نەتەوەیی و نیشتمانییان هەیە. ئەم هەنگاوەش بە فاكتەری پاراستنی یەكڕیزی، پارێزگاریكردن لە ئەزموونی هەرێم، بەدیهێنانی خۆشگوزەرانی زیاتر بۆ كۆمەڵانی خەڵك، بەهێزكردن و پارێزگاریكردن لە قەوارەی هەرێم لە قەڵەمدرا.

‏‎كۆبوونەوەكە پێداگری لەسەر ئارامی و سەقامگیریی ئاسایش، سەروەری یاسا و دامەزراوەكانی دەوڵەتداری و بەگژداچوونەوەی گەندەڵی، رووبەڕووبوونەوەی بەهەدەردانی سامانی گشتی و سەرخستنی پرۆسەی چاكسازی راستەقینە كردەوە.

‏‎بڕیاریشدرا ئەم كۆبوونەوانە لەپێناو تەبایی، یەكهەڵوێستی و یەكڕیزیی كوردستانی بەردەوامی هەبێت.

 

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن