محەمەد حاجی مەحمود: دەبێت پارتی و یەکێتی رێکبکەون، بەڵام هەرگیز پێشمەرگە یەکناگرێتەوە

چاوپێکەوتن

10/01/2023     ژمارەی بینراو 384

راچڵەکین – 

سەرۆکی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان، محەمەد حاجی مەحمود لەبارەی ناکۆکییەکانی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رایگەیاند "لە ئەگەری بەردەوامی ناکۆکییەکانی نێوان پارتی و یەکێتی و یەکنەگرتنی هێزی پێشمەرگە، هەڵوێستی هاوپەیمانان کە مەشق بە هێزەکان دەکەن و بوودجەیان بۆ تەرخان دەکەن، رەنگە گۆڕانکاری بەسەردا بێت" و پێشیوایە "هەرگیز" پێشمەرگە بەو شێوەیە یەکناگرێتەوە کە خەڵك دەیخوازێت.

محەمەد حاجی مەحمود یەکێکە لەو کەسانەی کە یاداشتەکانی زۆرترین دەنگدانەوە بەدوای خۆیدا دەهێنێت و لەبارەی ئەو کتێبانەی نووسیونی وتی: "من ئەوەی واقیعە ئەوە دەڵێم، بەڵگەنامەم لایە، ناوی هەر کەسێکم هێنابێت لەناو کتێبەکەمدا، دوو سێ نامەی ئەو کەسە خۆیشی تێدایە. هەمووان پێیان حەقە راستییەکان بگوترێت، ئینجا پێویستە راستییەکان کاتێک بگوترێت ئەو کەسە خۆی مابێت، تاکو ئەگەر وانەبێت بڵێت وانییە. من یەکەم جار کە کتێبم نووسی یەکەم جار بوو ناوی کەسانێک بهێنم و بڵێم فڵان وای کرد و فڵان وایگوت یان فڵان حزب وای کرد. کەس لەوەوپێش ئەوەی نەدەگوت و نەدەکرد. ئەو بەڵگەنامەی لای منن هەندێکیان دوای ١٥ ساڵ و هەندێکیشیان دوای ٢٥ ساڵ بڵاویان دەکەمەوە، ئیتر ئەو کەسە خۆی لێی بەرپرسە نەک من".

سەرۆکی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان، محەمەد حاجی مەحمود لەبارەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ جەلال تاڵەبانی و مەسعود بارزانی وتی: "نێوانم لەگەڵ مام جەلال باش بوو، من نێوانم لەگەڵ هەموویان باش بووە، بەڵام ئەوان چەندێک باشن لەگەڵ من ئەوەیان نازانم. نێوانم لەگەڵ کاک مەسعوودیش باشە و کەم کەم سەردانی دەکەم".

سەرۆکی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان، محەمەد حاجی مەحمود سەبارەت بە تەبایی حزبەکانی هەرێمی کوردستان، دەڵێت: "لە راستیدا لە باسی تەبایی حزبە کوردییەکاندا، پێویستە تەرکیز بخرێتە سەر دوو حزبی دەسەڵاتدار لە هەرێمی کوردستان. دوو حزب کە هەموو جومگەکانیان لە دەستدایە. لە رووی سیاسییەوە لە پەرلەمان و حکومەت سەدا ٥٠ زیاتریان بەدەستەوەیە. لە رووی سەربازییەوە لەسەدا ٩٥یان لەدەستدایە. لە رووی ئاساییش، دەسەڵات، دارایی و ئابوورییەوە لەسەدا ١٠٠یان لە دەستدایە. لە رووی سیاسییەوە لەسەدا ٧٠یان لە دەستدایەوە و رەنگە حزبەکانی دیکە لەم رووەوە لەسەدا ٣٠ بن. ئەگەر ئەوان بیانەوێت رێک بکەون یان تەبا بن ئەوا ئەو لەسەدا ٣٠یە هاوکاریان دەبێت، بەڵام ئەگەر نەیانەوێت ئەوا ئەو لەسەدا ٣٠یە ناتوانێت هاوکار بێت. من زۆر لام سەیرە زۆربەی خەڵک و راگەیاندنەکانی کوردستان دەڵێن 'حزبەکانی کوردستان بەیەکەوە رێک ناکەون'. حزبەکانی کوردستان کێن؟ دوو حزبن. ئەگەر ئەو دوو حزبە رێک بکەون، ئەوا حزبەکانی دیکە کە لەسەدا ٣٠ پێکدەهێنن، هاوکار دەبن و ئەوکات حزبەکانی کوردستان رێکدەکەون".

محەمەد حاجی مەحمود سەبارەت بە هۆکاری ناکۆکییەکانی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئەوەی خستە روو کە "مێژووی ناکۆکییەکانیان دەگەڕێتەوە بۆ پێش ساڵی ١٩٦٤، لەو کاتەیشەوە ناکۆکییەکان بەردەوامن. ناکۆکییەکانی ئەوسا رەنگە لەسەر بابەتێکی فیکریی بووبێت یان لەسەر گومرکێک بووبێت، بەڵام ناکۆکییەکانی ئێستا لەسەر ناوچە، دەسەڵات و داهاتی وڵاتە. لە لایەکی دیکەیشەوە، هەردوو حزب دوو دید و بۆچوونی جیاوازیان هەیە، هەر یەکەیان بەشێوەیەک بیر دەکەنەوە".

سەرۆکی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان، محەمەد حاجی مەحمود لەبارەی قەبارەی کێشەکانی نێوان یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان و ئەگەری گەیشتن بە ڕێککەوتن یان لێکتێگەیشتن وتی: "دوای ئەوەی کێشەکان هەندێک زەق بوونەوە، کۆبوونەوەی دوکان کرا، هەموو حزبەکان بێجگە لە پارتی بەشدار بوون. کۆبوونەوەکەی دوکان یەکلایەنە لای یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانەوە پێشنیاز کرابوو، بۆ ئەوەی ئەنجوومەنێکی سیاسیی دروست بکرێت، ئەو حزبانەی تێدا کۆببێتەوە و پێکەوە بڕیارێکی سیاسییان هەبێت. لەو ماوەیەدا ناکۆکییەکان زۆر توند بوونەوە. لەم چەند رۆژەدا، چەند کۆبوونەوەیەکیان کردووە و دەگەنە ئەنجام، چونکە ئەو دوو حزبە هیچ چارەیەکیان نییە جگە لە پێکەوەکارکردن. ئەگەر پێکەوە کارنەکەن، هێزەکانی هاوپەیمانان کە مەشق بە پێشمەرگە دەکەن، یان ئەمریکا کە پارە دەدات بە هێزی پێشمەرگە و دەزگا ئەمنییەکانی کوردستان و دژەتیرۆر، رەنگە هەڵوێستێکی دیکەی هەبێت ئەگەر ئەو دوو حزبە ناکۆک بن، چونکە ئەوان داوای یەکگرتنەوەی هێزی پێشمەرگە دەکەن. ئەگەر ئەمان دژ بن ئەوانیش هەڵوێستێکی تریان دەبێت".


سەرۆکی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان، محەمەد حاجی مەحمود لەبارەی یەکگرتنەوەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لەژێر کاریگەری بارودۆخی ئێستای ناوچەکەدا وتی: "من پێموانییە هێزی پێشمەرگە بەو شێوەیەی خەڵک دەیەوێت یەکبگرێتەوە، هەرگیز یەکناگرێتەوە، بەڵام ئێمە تاکو ئێستا دوو ئەزموونمان هەیە، ئەزموونی یەکەم لە دوای یەکەم هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە ساڵی ١٩٩٢، هێزی پێشمەرگە بوو بە یەک هێز. هەڵبەتە پەنجا بە پەنجا بوو ئەگەرچی ئێمەیش بەشداربووین تیایدا، بەڵام کاتێک شەڕی ناوخۆ دەستی پێ کرد هەموو هێزەکانی پێشمەرگە لە ماوەی یەک کاتژمێردا جیابووەوە. نەک تەنها جیابوونەوە بەڵکو شەڕی یەکتریشیان کرد. ئەزموونی دووەمیشمان لە کاتی شەڕی داعش بوو کە زیاتر لە ١٤ لیوای هێزەکانی پێشمەرگە یەکیان گرتبووەوە. هێزەکانی ٧٠ و ٨٠یش لە بەرەکانی شەڕ بوون و بەرگرییان دەکرد، بەڵام کاتێک ١٦ی ئۆکتۆبەر و هێرشی عیراق بۆسەر کەرکووک، خانەقین، شنگال و ئەو ناوچانە روویدا و دەستی پێ کرد لە ماوەی کاتژمێرێکدا لیواکانیش جیابوونەوە و چەکەکانیان لەنێوان خۆیاندا دابەش کرد. ئەمەی ئێستایش هەمان شێوەیە. رەنگە لەژێر فشاری ئەمریکا یان لەبەرئەوەی ئەمریکا پارەی پێشمەرگە نەبڕێت، یان لەبەر ئەوەی وڵاتانی هاوپەیمان مەشق بە پێشمەرگە دەکەن. یەکگرتن ئەوەیە ئەوەی ئێستا هێزی پێشمەرگە هەیەتی، هەمووی خانەنشین بکرێت. داوای تەمەن بکرێت ئەوانەی شموول دەکەن. داوا بکرێت تەجنید دابنرێت، داوا بکرێت کێ دێت و لە وەزارەتی پێشمەرگە دادەمەزێت. کۆمەڵێک گۆڕانکاری بکات، ئەو کەسەی دەبێتە پێشمەرگە بۆ داهاتووی خۆی پابەند دەبێت و چارەنووسی خۆی دەبەستێتەوە بەو وەزارەتەوە. وەک کارمەندانی وەزارەتی دیکە. پێویستە خەڵک خۆی بێت بۆ وەزارەتی پێشمەرگە نەک بە تەزکییەی حزبی بکرێت. ئەو کاتە ئەو هێزە دەتوانێت ببێتە هێزی یەکگرتووی کوردستان، ئێستا بەم شێوەیە نابێت".

محەمەد حاجی مەحمود لەبارەی دۆخی عیراق، وتی: "عیراق لەئێستادا عیراقێکی شپرزەیە. هیچ بڕیارێکی سیاسیی لە عیراقدا نادرێت. بڕیارەکان لە دەرەوە دەدرێن. وڵاتانی ئیقلیمی و جیهان کاریگەرییان هەیە لەسەری. لە عیراقدا کە هەڵبژاردن کرا یەک ساڵ و چەند رۆژێکی پێچوو و نەتوانرا حکومەت پێکبهێنرێت. لەکاتێکدا لە بەریتانیا لە پاشنیوەڕۆوە تاکو ئێوارە حکومەتەکەیان پێکهێنا. لە عیراقدا پێکنەهێنانی حکومەت هەموو پێوەرەکانی تێپەڕاندووە. بۆ یەکەمین جارە کورد لەگەڵ بەغدا و سەرۆک وەزیرانی عیراق بە نووسین کار بکات. لە پێشتردا شتەکان زارەکی و بە قسە بوون، بەڵام ئەمجارە خاڵەکانی رێککەوتن بە نووسین کراوە. ئەمە ئیلتیزامێکە لەگەڵ عیراقدا. رێگرییەکانی بەردەم سوودانی لە ئەگەری جێبەجێنەکردنی ئەم خاڵانەدا؟ دەبێت بتوانێت لە ماوەی شەش مانگدا گۆڕانکاری لە عیراقدا بکات لە رووی ئابووری و خزمەتگوزاری و ئیمتیازاتەکانی تایبەت بە خەڵکی عیراق، هەروەها ئەو پارە زۆری ئێستا لە عیراق کەڵەکە بووە دەبێت دابەشی بکات بەسەر پارێزگاکان و لەنێویشیاندا هەرێمی کوردستان".

سەرۆکی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان، محەمەد حاجی مەحمود لەبارەی خاڵەکانی رێککەوتنی نێوان کورد و حکومەتی عیراق ئاشکرای کرد "خاڵەکانی رێککەوتنی پارتی دیموکراتی کوردستان لەگەڵ سوودانی پەیوەندی بە بەشەبوودجەی کوردستان، هێزی پێشمەرگە و ماددەی ١٤٠ەوە هەیە. سوودانی بەر لەوەی رێککەوتنەکە بکات رای وابووە کە بابەتی پارە و بوودجەی هەرێمی کوردستان چارەسەر دەکات، چونکە دەڵێت ئەو نەوتەی دەفرۆشرێت پارەکەی دێتەوە بۆ هەرێمی کوردستان و ناڕواتە دەرەوە، کەواتە بۆتان چارەسەر دەکەین. بەرلە رێککەوتنە نووسراوەکەشیان بەڵێنی ئەوەی داوە، بەڵام پێویستە ئێستا کورد پێ لەسەر ئەو خاڵانە دابگرێت، پێویستە شاندی کوردی لە بەغدا بێت و لەوێ نەیەتەوە و نوێنەرایەتی دابنێت تاکو لە ماوەی شەش مانگ بۆ کەمتر لە ساڵێک خاڵەکان جێبەجێ بکات".

محەمەد حاجی مەحمود سەبارەت کۆسپ و تەگەرەکانی بەردەم سەرۆک وەزیرانی عیراق، وتی: "سوودانی ئێستایش ترسی لە سەدر هەیە. ئەگەر لە ماوەی نزیکەی شەش مانگدا نەتوانێت ٧٥ تاکو ١٠٠ هەزار کەس لە دەرچووی پەیمانگا و زانکۆکان دابمەزرێنێت، یان لە هەموو پارێزگاکان کاری خزمەتگوزاری دەست پێ نەکات و ئەو پارەیەی هەیە دابەشی نەکات بەسەر پارێزگاکاندا و دابەشی سەر حزبەکانی بکات، ئەوکات سەدر دێتەوە سەر شەقام، بەڵام ئەگەر هەموو ئەم کارانەی کرد، ئەوکات سەدر خەڵکە رەشوڕووتەکەی بەدەستەوە نامێنێت و خەڵک نایەتە سەر جادە. لە ئەگەری ئەوەی سەدر رێگری لە حکومەتەکەی بکات، سوودانی ناتوانێت بەردەوام بێت لەکاتێکدا ملیۆنێک کەس لەسەر جادە بن".

AA

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن