کۆمپانیای فۆرد سێ هەزار و ٢٠٠ کارمەندی دەرکرد

ئابوری

24/01/2023     ژمارەی بینراو 144

راچڵەکین –

بەهۆی زیادبوونی تێچووی پاتری ئۆتۆمبێلی کارەبایی و پاشەکشەی پێشبینی کراو لە ئابووریی ئەمریکا و ئەوروپادا، کۆمپانیای فۆرد بۆ بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێل کە بارەگا سەرەکییەکەی لە ئەمریکایە، سێ هەزار و ٢٠٠ کارمەند لە کارگەی شاری کۆڵنی ئەڵمانیا لە کار دووردەخاتەوە.

ئاژانسی هەواڵیی DPAی ئەڵمانی بڵاوی کردەوە، ئەنجومەنی کاری کۆمپانیاکە لە میانی دوو کۆبوونەوەدا زانیاری دا سەبارەت بە دەرکردنی کارمەندەکانی.

کۆمپانیای فۆرد کە لەو کارگەیەدا، هەلی کار بۆ ١٥ هەزار کەس دابین دەکات، هێشتا هیچ روونکردنەوەیەکی بۆ رای گشتیی لەو بارەیەوە بڵاونەکردووەتەوە.

گەورەترین سەندیکای ئەڵمانیا "IG Metall" لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە کۆمپانیاکە پلانی هەیە دوو هەزار و ٥٠٠ کارمەند لە بەشی پێشخستنی بەرهەم و ٧٠٠ کەس لە بەشی کارگێڕیی لە کار دووربخاتەوە.

لە راگەیەندراوەکەی "IG Metall"دا باس لەوە کراوە کە بە گشتیی زۆر نیگەرانن لە بارەی داهاتووی دامەزراوەکانی فۆرد لە ئەڵمانیا و ئەگەر کۆمپانیاکە پلانی دەرکردنی کارمەندەکان پەیڕەو بکات، ئەوا چالاکی وازهێنان لە کار ئەنجام دەدرێت.

فۆرد کە ساڵی رابردوو رایگەیاند، بەبڕی دوو ملیار دۆلار وەبەرهێنان دەکات بۆ گۆڕینی کارگەکەی لە شاری کۆڵن بۆ دامەزراوەیەکی بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێلی کارەبایی لە کارگەکانی ئەڵمانیادا، هەلی کار بۆ ٤٥ هەزار کەس دابین دەکات.

کۆمپانیای فۆرد کە لە کارگەکانی ئەوروپایدا، پرۆسەی سەرلەنوێ بنیاتنانەوە ئەنجام دەدات، ساڵی رابردوو رایگەیاند کە بەهۆی خۆگونجاندن لەگەڵ کارگەکان لەبارەی بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێلی کارەبایی، چەندین هەزار کەس لە ئەمریکا و هیندستان لە کارەکانیان دووردەخرێنەوە.

ئەوەی بووەتە جێگای سەرنج، پلانی فۆرد بۆ دەرکردنی کارمەندانی لە کاتێکدایە کە بەهۆی یاسای کەمکردنەوەی هەڵئاوسان لە ئەمریکا هاندانێکی زۆر هەیە بۆ بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێلە کارەباییەکان و لە ئەوروپا نیگەرانی گۆڕینی شوێنی بەرهەمهێنەرانی ئۆتۆمبێل زیادی کردووە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن