کیسی ئاوی سەر جگەر چییە و چۆن خۆتی لێ دەپارێزیت؟

تەندروستی

18/02/2023     ژمارەی بینراو 1323

راچڵەکین -

کرمی (Echinoccoccus) دەتوانێت مرۆڤ تووشی کیسی ئاوی سەر جگەر، سییەکان یان ئەندامی تری وەک ماسوولکە و ئێسقانەکانیش بکات، ئەم کرمە لە بنەڕەتدا لە گیانەوەری وەک (سەگ، ڕێوی یان مەڕ و بزن) گەشە دەکەن.

ئەم گیانلەبەرانە هێلکەی کرمەکە لەگەڵ پیسایی دەکەنە دەرەوە و بەهۆی پیس بوونی خواردەمەنی وەک سەوزە و میوە بە هێلکەی کرمەکە یان ژینگەی دەوروبەر مرۆڤ توش دەکەن.

کیسەکە دەکرێت یەک دانە بێت و گەورە بێت یان چەنەها کیسی بچوکیشی لەگەڵ بێت، لەسەر جگەری مرۆڤ یان بەشەکانی تر دروست دەکات و دەبنە هۆی ناڕەحەتی بۆ کەسی توشبوو.

*نیشانەکانی
- بەگشتی نیشانەی زۆری نییە بەتایبەتی لە سەرەتای تووش بوون، لەوانەیە نەخۆشەکە هەست بە بێ هێزی و کەمی ئارەزووی خواردن بکات.

- بوونی ئازار، ڕشانەوە، خراپی کرداری هەرس و تەنگەنەفەسی بەپێی شوێنی کیسەکە دەگۆڕێت

*چارەسەر

- هەندێک جار ئەگەر کیسەکە بچووک بێت و نەخۆشەکە باش بێت، دەتوانرێت بەپێدانی جۆرە حەبێک لەگەڵ چاودێری بەردەوام چارەسەر بکرێت.

- بەڵام بەگشتی پێویستی بە نەشتەرگەرییە بەتایبەتی ئەگەر کیسەکان گەورەبن کە هەندێک جار قەبارەیان دەگاتە ١٠سم، وە لەڕێی نازوورەوە دەکرێت ئەنجام بدرێت بەبێ هەڵدڕینی سک.

*خۆپاراستن
- شوشتنەوەی سەوزە و میوە زۆر بە باشی، وەک شوشتنەوەی کاهوو بە خوێ
- خۆپاراستن لەکاتی مامەڵەکردن لەگەڵ سەگ و مەڕ ئەگەر لەنزیکت هەبێت
- دەست شوشتن پێش نان خواردن بەتایبەت لە مناڵاندا
- پێنەدانی گۆشتی نەکوڵاو وەک هی مەڕ بە سەگ
- مرۆڤ لەڕێگەی خواردنی گۆشتی توشبوو، تووشی ئەم کرمە نابێت
- ئەم نەخۆشییە لە مرۆڤ بۆ مرۆڤ ناگوازرێتەوە

ئەژین هاشم علی، پسپۆڕی نەشتەرگەری گشتی

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن