کازمی: بە هۆی گەندەڵییەوە زیاتر لە 600 ملیار دۆلار بەهەدەر دراوە

عێراق

12/03/2023     ژمارەی بینراو 338

راچڵەکین –
سەرۆكوەزیرانی پێشووی عیراق باس لە گەورەیی قەبارەی ئەو گەندەڵییە دەکات کە عیراق پێوەی گیرۆدە بووە و راشیدەگەیەنێت کە دوای لەسێدارەدانی سەدام حسێن، تەرمەکەی لە شوێنێکی نێوان ماڵی خۆی و نوری مالیکی فڕێدراوە.

مستەفا کازمی سەرۆکوەزیرانی پێشووی عیراق لە چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ رۆژنامەی شەرقولئەوسەت کە ئەمڕۆ یەکشەممە بڵاوکرایەوە، رایگەیاند گەندەڵی، زیاتر لە 600 ملیار دۆلاری عیراقی لەناوبردووە، ئەو پارەیەش لە بەرژەوەندی کەس، قەوارە حزبیی و سەربازییەکان و لایەنی هەرێمیی بەکارهێنراوە.

وتیشی: هەندێك هەن دەیانەوێت وەك شەیتان پیشانم بدەن و بەرپرسیارێتی هەموو هەڵەکانی سیستمی سیاسی و حکومەتەکانی 20 ساڵی رابردوو بخەنە ئەستۆی من.

کازمی ئاماژەشیدا بەوەی سێ جار هەوڵی تیرۆرکردنی دراوە، یەکێکشیان لە رێی درۆنێکی بۆمبڕێژکراوەوە بوو کە ماڵەکەی کردە ئامانج.

لە بەشێکی دیکەی چاوپێکەوتنەکەدا کازمی باس لەو سەرەداوە دەکات کە بووە هۆی کوشتنی ئەبوبەکر بەغدادی خەلیفەی داعش و رایگەیاند دانپێدانانی دەستگیرکراوێك گەیاندنی بە نووسراوێك کە لە بیاباندا شاردرابووەوە.

دوای دۆزینەوەی نووسراوەکە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە، توانرا بە هاوکاری ئەمریکییەکان، ئەبوبەکر بەغدادی لەناوببرێت.

مستەفا کازمی باسی لە رووداوی لەسێدارەدانی سەدام حسێن سەرۆکی رژێمی بەعس کرد و رایگەیاند: دوای لەسێدارەدانی، تەرمەکەیان لە ناوچەی سەوز لە نێوان ماڵی من و نوری مالیکی فڕێ درا، من ئەوەم رەتکردەوە و کۆمەڵێك سەربازم بینی لەسەر تەرمەکەی کۆببوونەوە، وەک رێزێک بۆ تەرمەکە داوام لێکردن لێی دووربکەونەوە.
وتیشی: "شەو مالیکی فەرمانی دا تەرمەکە رادەستی سەرۆک هۆزی نەدا، هۆزەکەی سەدام بکرێتەوە، هۆزەکەشی لە ناوچەی سەوز وەریانگرتەوە".

کازمی راشیگەیاند: تەرمی سەدام لە تکریت بەخاک سپێردرا، دوای ساڵی 2012ش کە داعش دەستی بەسەر ناوچەکدا گرت، گۆڕەکەی هەڵدرایەوە و تەرمەکەی گوازرایەوە بۆ شوێنێکی نهێنێ و تا ئێستاش کەس نازانێت لە کوێیە، بەڵام لەو کاتەدا گۆڕی کوڕەکانی تێکدران.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن