''رێككەوتنەكەی تاران-ریاز كاریگەریی ئەرێنیی دەبێت لەسەر پەیوەندییەكان وڵاتانی دیكەدا''

جیهان

13/03/2023     ژمارەی بینراو 152

راچڵەكین-

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، رایگەیاند، سەرلەنوێ دەستپێكردنەوەی پەیوەندییە دیپلۆماسییەكانی وڵاتەكەی لەگەڵ سعوودیە، كاریگەریی ئەرێنیی دەبێت لەسەر پەیوەندییەكانی تاران لەگەڵ وڵاتانی دیكەدا.

ناسر كەنعانی لە كۆنگرەی رۆژنامەوانیی هەفتانەییدا، رایگەیاند:" ئەو كەشوهەوا ئەرێنییەی لە دوای سەرلەنوێ بنیاتنانەوەی پەیوەندییە سیاسییەكانی نێوان تاران و ریاز دروست بووە، كاریگەری ئەرێنیی دەبێت لەسەر ئەو پەیوەندییانەی تاران لەگەڵ وڵاتانی دیكەدا هەیەتی بە ئوردن-یشەوە''.

وتیشی:" ئەو رێككەوتنە دوای كۆمەڵە كۆبوونەوە و دیدارێك بەدەستهاتووە كە ساڵ و نیوێكی خایاندووە، ئەوەشی خستەڕوو كە لەگەڵ سعوودیەدا لە ماوەی دوو مانگدا باڵیۆزخانەكانیان دەكەنەوە و دەست بە چالاكی كونسوڵگەریی دەكەنەوە.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، ناسر كەنعانی باسی لەوەكرد، لە ماوەیەكی نزیكدا، وەزیرانی دەرەوەی هەردوو وڵات كۆدەبنەوە و رێككەوتنەكەی تاران و ریازیش رەنگدانەوەی ئەرێنیی دەبێت لەسەر كێشەی یەمەن.

وتیشی: ''بابەتی یەمەن و كۆتایی هێنان بە جەنگی ئەو وڵاتە، هەمیشە كاری لە پێشینەی ئێران بووە. ئەو كەشوهەوا نوێیە ئەرێنییەی لە پەیوەندییەكانی نێوان ئێران و سعوودیە دروست بووە، دەرەنجامی ئەرێنیی و باشی دەبێت لە بابەتی یەمەندا. ئێران باوەڕی وایە كە جەنگ لە یەمەن چارەسەر نییە، بەڵكو زیان بە یەمەن و سعوودیە و هەموو ناوچەكەش دەگەیەنێت''.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن