راچڵەکین –
کەشناسی هەرێمی کوردستان پێشبینی بۆ کەشوهەوای رۆژی
نەورۆز و پشووەکان رادەگەیەنێت و داواش لە هاووڵاتییان دەکات بۆ خۆپاراستن لە
مەترسییەکانی هەورە تریشقە لە شوێنە بەرزەکان دووربکەونەوە.
ئێوارەی
ئەمڕۆ یەکشەممە، بەشی پێشبینی لە وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە،
چەند رۆژێك کەشوهەوا لە ناوچەکەمان ناجێگیرد دەبێت و پێشبینی دەکرێت دوای نیوەڕۆی سبەینێ
دووشەممە، باران ببارێت لەگەڵ دروستبوونى هەورە تریشقە.
سەبارەت
بە ڕۆژى نەورۆزیش روونیکردەوە کە لە ئەنجامى بەردەوامى ئەو کەشە ناسەقامگیریەى هەیە ئاسمانى ناوچەکەمان هەور و
کەمێک سارد دەبێت و بەگشتى کاتى دابارینیش دەکەوێتە دواى نیوەڕۆ، لەگەڵ نزم بوونەوەى
پلەکانى گەرما ئەگەرى تەزرە بارین و دروست بوونى هەورە تریشقە هەیە.
بەشی
پێشبینی ئەوەشیخستەڕوو کە رۆژی پێنجشەممە، پێشبینى بۆ دابارین کەمترە بە بەراورد بە
رۆژانى پێشووتر و ئەگەرى باران زیاتر لەسەر
بەشێک لە ناوچە شاخاوییەکان دەبێت.
راشیگەیاندووە: کە بە هۆی کەشە ناسەقامگیرەکەوە ئەگەری هەورە
تریشقە هەیە و بۆیە داوا لە هاووڵاتییان دەکات لە پێناو سەلامەتی خۆیاندا لە شوێنە
بەرزەکان و ناوچە شاخاوییە بەرزەکان دووربکەونەوە.