بۆچی مێروولە یەكێكە لە سەرسوڕهێنەرترین و بەتواناترین زیندەوەری سەر هەسارەكەمان..؟

هەمەڕەنگ

28/03/2023     ژمارەی بینراو 381

نوسینی: لوقمان حەوێز

مێروولە یەكێكە لە سەرسوڕهێنەرترین و بەتواناترین زیندەوەرەكانی سەر ڕووی هەسارەكەمان، تاكە زیندەوەرە كە دەتوانێت تەنێك بەرزبكاتەوە و بیجوڵێنێت لەگەڵ خۆی كە كێشەكەی تا ڕادەی بیست هێندەی كێشی لەشی خۆی دەبێت، بۆ مەزەندەكردنی ئەمە وەكو ئەوە وایە كە منداڵێكی هەشت ساڵان توانای بەرزكردنەوەی ئۆتۆمبێلێكی بچوكی هەبێت.

مێروولەكان لە پۆلینكردنی زیندەوەراندا لە پۆلی Arthropoda ن و بەشێكن لە جۆرەكانی مێرووەكان Insects، مێروولەكان پتر لە 12000 جۆری جیاوازیان هەیە، بەڵام هەموویان لە خەسڵەتە گشتییەكان هاوبەشن.

سەرسوڕهێنەری و تواناكانی مێروولە لە كارەكانی و لە ژیانیدا بە وردی لە نێو شارەكانی مێروولەدا هەستی پێدەكرێت، هەر شارە مێروولەیەك بە گشتی لە نێوان 20 هەزار مێروولە بۆ 100 هەزار مێروولە تیایدا دەژیت، هەمووشیان لەلایەن یەك شاژنە مێروولەوە سەرپەرشتی دەكرێن، ئەو تاكە شاژنە ئەوەندەی هەیە لە ماوەی ژیانیدا كە یەكسانە بە ماوەی ژیانی شارە مێروولەكە لە هەموو كاتەكاندا كۆنتڕۆڵی ئەو هەموو دەیەها هەزار مێروولەیە دەكات بەبێ هیچ كێشەیەك، هەندێك جار شاژن چەندەها ساڵ دەژیت و لەو ماوەی ژیانیشیدا ملیۆنەها بەچكە مێروولە دروست دەكات.

مێروولە گوێچكەی نییە، بەڵام هەست بە فریكوێنسی هەموو دەنگەكانی دەوروبەری دەكات لەڕێگەی هەندێك مووە ڕێشاڵی ورد كە لەسەر قاچەكانیدا هەن، لەو ڕێگەیەوە هەست بەو دەنگانە دەكات كە زیندەوەرەكانی تری دەوروبەری دروستی دەكەن لەسەر ڕووی زەوی بە وردی ئەوانەی نزیكن لە خۆیان، لە ڕاستیدا ئەو ڕیشاڵە موییانە زۆربەی لەشی مێروولەی داپۆشیوە و پێی دەووترێت setae، ئەوانەی تر كە لەسەر لەشیدان وەكو هەستەوەر كاردەكەن بۆ دۆزینەوە و ناسینەوەی پێكهاتە كیمیاییەكانی دەوروبەریان كە لەهەوادا هەن، مێروولە سییەكانی نییە بۆ هەناسەدان، بەڵام لەڕێگەی كونی بچوك كە لەسەر هەموو لەشیدا هەیە هەوا دەچێتە ژوورەوە و لەو ڕێگەیەوە ئۆكسجین لە هەوا وەدەگرێت.

لە نێو هەر یەكێك لە شارەكانی مێروولەشدا سێ جۆر مێروولە هەن، ئەوانیش شاژن كە یەك دانەیە، لەگەڵ نێرینەكان و مێینە كاركەرەكان، نێرینەكان و شاژنیش باڵیان هەیە، كاری نێرینەكان تەنیا پیتاندنی هێلكەكانی شاژنەو بە دەگمەن دەچنە دەرەوەی شارە مێروولەكە، مێینە كاركەرەكانیش كاریان كۆكردنەوەی خۆراك و پاراستنی شارە مێروولەكەیە، هەندێك جاریش هێرش دەكەنە سەر شارە مێروولەیەكی تر ئەگەر نزیك بوو لێیان بۆ بردنی خواردنەكانیان و دواتر دزینی هێلكەكانیان، ئەگەر هێلكەكانیان بردن ئەوا دەیهێننەوە شارەكەی خۆیان و هەڵیان دەگرن و تا دەپیتێن دەیانپارێزن، دوای دەرچوونیان دەبن بە موڵكی ئەو شارە مێروولەیە، مێروولەی یەك شار قەت شەڕ ناكەن، بەڵام كە شەڕی كرد لەگەڵ مێروولەی شارە مێروولەیەكی تر هەموو كاتێك شەڕەكە تاوەكو مردنە، دەبێت یەكێكیان ئەوی تر بكوژێت ئینجا شەڕەكە كۆتایی دێت واتە تا یەكێكیان نەمرێت ئەوەی تر هەرگیز كۆڵ نادات.

هەموو مێروولەیەك ئەوەندەی دەجوڵێتەوە پێكهاتەیەكی كیمیایی دوای خۆی جێدەهێڵێت كە پێی دەووترێت pheromone.trail كە تایبەتە بە مێروولەكانی ئەو شانەیە و دەبێتە ڕێ نیشاندەرێك بۆ ناسینەوەی ڕێگای خۆی و ئەوانی دوای خۆی دێن.

زۆربەی جۆری مێروولەكان دوو چاوی ئاڵۆزیان هەیە، هەریەكەیان لە نێوان 500 بۆ 600 چاوی زۆر بچوكتریان تێدایە كە پێیان دەووترێت ommatidia، لە ڕێگەی ئەو دوو چاوە ئاڵۆزەوە مێروولە دیمەنێكی ئەو تەنەی كە لە بەرامبەریەتی دروست دەكات و دەیبینێت، بەڵام هەست و هەستەوەرەكانی مێروولە بۆ پێكهاتە كیمیاییەكان و فریكوێنسی دەنگەكان زۆر بەهێزترە لە هەستی بینینی، لەو ڕووەوە بەڕاستی توانای مێروولە زۆر سەرسوڕهێنەرە، چونكە هەر مێروولەیەك بەو بچوكیەی خۆی وەكو تاقیگەیەكی كیمیاییە بۆ پشكنینی پێكهاتە كیمیاییەكانی نزیك لە خۆی، هەروەها وەكو ڕادارێكی بچوكی فریكوێنسیەكانی دەنگ و لەرەلەرەكانی دەوروبەری خۆیەتی.


داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن