سەرۆککۆمار پەیامێکی نووسراوی لە شا چارڵزی سێهەمەوە پێدەگات

عێراق

23/05/2023     ژمارەی بینراو 173

راچڵەکین -
دکتۆر لەتیف ڕەشید سەرۆککۆمار، پەیامێکی نووسراوی لە شا چارڵزی سێهەم پادشای شانشینی یەکگرتووەوە پێگەیشت.

ئەمڕۆ سێشەمە، سەرۆکایەتی کۆمار بڵاویکردەوە، لەمیانی پێشوازیکردنی سەرۆککۆمار و خانمی یەکەم شاناز ئیبراهیم ئەحمەد ،لە کۆشکی بەغدا، لە شازادە سوفی دیۆکی ئیدنبرە  وشاندی یاوەری و باڵیۆزی بەریتانیا لە عیراق، مارک برایسۆن ڕیچاردسۆن پەیامەکەی بەدەست گەشت.

پادشای شانشینی یەکگرتووی بەریتانیا لە پەیامەکەیدا سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ ئامادبوونی سەرۆککۆمار، دەربڕی کە لە سەرەتای ئەم مانگەدا لە کاتیدرایی وێستمینستەر لە لەندەن بەشداریکرد لە ڕێوڕەسمی تاج لەسەرنانی پادشایەتی شانشینی یەکگرتوو.

شا چارڵزی سێهەم دووپاتی کردەوە کە شانشینی یەکگرتوو و عیراق دۆستایەتیەکی مێژوویی درێژخایەن  بەیەکەیانەوە دەبەستێت، وهیوای دەربڕی کە ئەم پەیوەندییە نزیکانەی لەسەر بنەمای پەیوەندییە مێژووییە کانی نێوان هەردوو وڵات پتەوتر ببن، هاوکات هاوبەشیەکی هاوچەرخ دروست بکرێت کە لەڕێگەیەوە بتوانن پێکەوە کار بکەن بۆ ڕووبە ڕووبوونەوەی ئەو ئاستەنگانەی کە دوچاری هەمووان بونەتەوە، لەوانەش گۆڕانی کەشوهەوا ، ئاسایشی جیهانی و مافەکانی مرۆڤ.

لە پەیامەکەیدا دەڵێت: بیر و نزاکانمان لەگەڵ گەلی عیراقە، کە بەرگەی هەموو ئازار و نەهامەتیەکانیان گرتوە، بەتایبەتی دڕندەیی داعش و تاقمە تیرۆریستییە توندڕەوەکانی دیکە لەم دواییانەدا، هاوکات جەختی لەوە کردەوە کە هەوڵەکانی سەرۆککۆمار لە پشتیوانیکردنی ئەو کەسانەی زیانیان بەر کەوتوە زۆر بەرز دەنرخێنرێن، و جارێکی دیکە هەڵوێستی شانشینی یەکگرتوو بۆ عیراق وەک دۆست و هاوپەیمانێک لە پێناو چەسپاندنی ئاشتی و ئاسایش و بەدیهێنانی خۆشگوزەرانی بۆ هەموو عیراقییەکان دوپات کردەوە.

سەرۆککۆمار و خانمی یەکەم لە رێگەی دیوکی ئیدنبرەوە، سڵاوی خۆیان بۆ خاوەنشکۆ شا چارڵزی سێهەم نارد و هیوای پێشکەوتن و خۆشگوزەرانی زیاتریان بۆ گەلی بەریتانیا خواست، هەروەها سەرۆککۆمار خۆشحاڵی خۆی  دەربڕی بۆ سەردانەکەی شازادە بۆ عیراق، وهیوای سەردانێکی بە سودی بۆ خواست.

سەرۆککۆمار ئاماژەیدا بە پەیوەندییە بەهێزەکانی نێوان عیراق و شانشینی یەکگرتوو، جەختیکردەوە لەسەر پێویستی کارکردن بۆ بەهێزکردن و پەرەپێدانیان لە بوارە جیاکان بە شێوەیەک کە بەرژەوەندی هاوبەشی هەردوو وڵات و گەل بەدیبهێنێت.

سەرۆککۆمار دووپاتی کردەوە کە شارەکانی عیراق سەقامگیری و ئۆقرەیان بەخۆوە بینیوە، بەو پێیەی حکومەت لە ڕێگەی بەرنامەی کاری خۆی پلانی دروستکردنی قوتابخانە و نەخۆشخانە و نۆژەنکردنەوەی ژێرخانی ئابوری و بەرزکردنەوەی ئاستی ژیان و خزمەتگوزاری بۆ هاووڵاتیان داڕشتوە، ئاماژەیشی بەو هەوڵەنە  کرد کەلە ئارادان بۆ پەلەکردن لە پەسەندکردنی بودجە و دەستکردن بە جێبەجێکردنی بڕگەکانی کارنامەی حکومەت.

سەرۆککۆمار باسی لە بارودۆخی ئاوارەکان و ئەو ئازار و  نەهامەتیە مرۆییە و نەبوونی خزمەتگوزاری تەندروستی و پەروەردە کرد کە تیایدا ژیان دەگوزەرێنن، جەختیشیکردەوە کە حکومەت مەبەستێتی کۆتایی بێنێت بە دۆسییەی خێزانە ئاوارەکان و گەڕاندنەوەیان بۆ زێدی خۆیان بە تایبەت دوای نۆژەنکردنەوە و ئاوەدانکردنەوە ناوچەکەیان و جێبەجێکردنی ڕێککەوتنامەی شەنگال، هەروەها پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری باشتر بۆ هەموو گەلی عیراق، هیواشی خواست کە نەتەوە یەکگرتووەکان کە بەرپرسیارن لەم دۆسییەیە هەوڵی زیاتر بدات کە وەڵامدانەوەی قەبارەی ئەو کارەساتە مرۆییە بێت کە ئاوارەکان تیایدا دەژین.

هەروەها خانمی یەکەم باسی لە دۆخی منداڵان کرد لە عیراق و بوونی منداڵ لە نێو خێزانە ئاوارەکاندا و ئەو بارودۆخە سەختەی کە ڕووبەڕوویان دەبێتەوە، کە خێزان و کەسوکار و شوێنی حەوانەوەیان نییە، بەتایبەتی ئێزیدییەکان، ئاماژەی بەوەدا کە سەرەڕای ئەو بەرنامانەی کە لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پشتیوانی خێزان و منداڵانی ئاوارە پێشکەشکراوە ، ئەوان ڕووبەڕووی ڕێکاری قورس دەبنەوە.

لە بەرامبەردا، شازادە دیوکی ئیدنبرە سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ سەرۆککۆمار و خانمی یەکەم دەربڕی بۆ ئەو پێشوازییە گەرمە، خۆشحاڵی خۆیشی نیشاندا بۆ سەردانیکردنی عیراق، هەروەها پاڵپشتی خۆی بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکانی هاوکاری و دۆستایەتیی هاوبەشی نێوانیان هەردوو وڵات دووپاتکردەوە بە ئاماژەدان بە بەڕێوەبردنی دۆسییەی ئاوارەکان و گەڕاندنە وەیان بۆ زێدی خۆیان و دروستکردنی خانوو و شوێنی حەوانەوە، کە کێشەیەکە پێویستە چارەسەر بکرێت کە پێویستی بە ژیری و سەرکردایەتی سەرۆککۆمارە لەو ڕوەوە. شازادە دیوکی ئیدنبرە پیرۆزبای لە سەرۆککۆمار کرد سەبارەت بە هەوڵەکانی بۆ وەرگرتنەوەی پارچە شوێنەوارییەکان لە بریتانیا. هاوکات سەرۆککۆمار  بانگهێشتی بەڕێزیانی کرد بۆ ئەوەی سەردانی مۆزەخانەی نیشتمانی بکات .

سەرۆککۆمار و خانمی یەکەم دیارییەکیان پێشکەشی بەڕێزیانکرد لە پای  پێزانین بۆ هەوڵەکانی پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات، هاوکات دیوکی ئیدنبرە سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ ئەم دەستپێشخەرییە پڕ میهرەبانیە دەربڕی.

ئەمەش دەقی پەیامەکەی شا چارڵزی سێهەمی شانشینی یەکگرتووە بۆ سەرۆککۆمار د. لەتیف ڕەشید:

کۆشکی باکینگهام
١٨ی ئایاری ٢٠٢٣
جەنابی سەرۆککۆمار
زۆر خۆشحاڵم کە گەرمترین و دڵسۆزانەترین سڵاوم ئاراستەی بەڕێزتان و گەلی عیراق بکەم و زۆر سوپاسگوزارم بۆ پەیامە پڕ بەخشندەکەتان بە بۆنەی ئاهەنگەکانی نەورۆز و هەروەها  ئامادەبوونتان لە مەراسیمی تاج لەسەر نانی پادشایەتی کە لە کاتیدرائی وێستمینستەر لە لەندەن سەرەتای ئەم مانگە بەڕێوەچوو.

شانشینی یەکگرتوو و عیراق دۆستایەتییەکی دوقۆڵی مێژوویی  پێکەوە گرێیان دەدات. هیواخوازم  سەردەمی حوکمداری  وڵاتەکەمدا ئەو دۆستایەتییە نزیکە لەسەر بنەمای پەیوەندییە مێژووییەکانی نێوان هەردوو وڵات زیاتر بونیادبنرێت بۆ دروستکردنی هەماهەنگی زیاتر کە لە ڕێگەیەوە بتوانین پێکەوە کاربکەین.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن