بڕیاری كۆتایی لەبارەی گەڕاندنەوەی پاشەكەوتی مووچەی فەرمانبەران دەدرێت

کوردستان

25/05/2023     ژمارەی بینراو 1872

راچڵەكین -

لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، كۆتایی بە گفتوگۆكانی هێنا لەبارەی ئەو ماددانەی پرۆژەیاسای بودجە كە تایبەتن بە هەرێمی كوردستان و ئەو بڕگەیە جێگیركرا كە حكومەتی هەرێمی كوردستان پابەند دەكات مانگانە رێژەی 10%ی مووچە پاشەكەوتكراوەكانی فەرمانبەران بگەڕێنێتەوە.

هەرێم كەمال ئاغا، سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، بە كوردسات نیوزی راگەیاندووە، لیژنەی دارایی لەدوایین كۆبوونەوەدایە بۆ ئامادەكردنی راپۆرتی كۆتایی لەسەر بودجە و بۆ تێپەڕاندنی هەردوو ماددەی ١٣ و ١٤ی تایبەت بە شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان، لەگەڵ فراكسیۆنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی لەگفتوگۆدان.

وتیشی:" یەكێتی نیشتمانی كوردستان هەروەك چۆن بەڵێنیدابوو كە پرسی بودجە و موچە و داكۆكیكردن لە قوتی هاووڵاتیان، پێشینەی كار و ئەركەكانی بێت لە ئەنجومەنی نوێنەران، ئەمڕۆش یەكێتی ئەو بەڵێنەی بردەسەر و بابەتی ( موچەی فەرمانبەران و خانەنشینانی هەرێم، مافی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستانی لە بودجەی بەگەڕخستن و وەبەرهێنان و گەشەپێدانی هەرێمەكان، گەڕاندنەوەی پاشەكەوتی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بەرێژەی ١٠%ی مانگانە) لە پرۆژە یاسای بودجەی ساڵەكانی ٢٠٢٣، ٢٠٢٤ ، ٢٠٢٥ جێگیركردووە.

بەگوێرەی ئەو بەڵگەنامەیەی كە لەچەند میدیایەكی عیراقی بڵاوكراوەتەوە، لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، بڕگەی 11 لە ماددەی 14ی پرۆژەیاسای بودجەی گشتی، بەم شێوەیە داڕشتووە: پێویستە لەسەر حكومەتی هەرێمی كوردستان مانگانە رێژەی (10%)ی مووچە پاشەكەوتكراوەكانی فەرمانبەران و مووچەخۆران بۆ ساڵانی رابردوو، بخاتە سەر مووچەكانیان تا ئەوكاتەی تەواوی پارە پاشەكەوتكراوەكان دەداتەوە.


داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن