زیاتر لە دوو ملیۆن كەس بەهۆی گۆڕانكاری و رووداوەكانی كەشوهەواوە گیانیان لەدەستداوە

هەمەڕەنگ

26/05/2023     ژمارەی بینراو 241

راچڵەكین-

رێكخراوی كەشناسیی جیهانیی رایگەیاند، بەهۆی گەرمای تاقەتپڕوكێن و كارەساتەكانی ئاووهەوا لە 1970ەوە تاكوو 2021 زیاتر لە دوو ملیۆن كەس گیانیان لەدەستداوە، ئەم كارەساتانە بە بەهای چوار ترلیۆن و 300 ملیار دۆلار زیانیان بە ئابووری گەیاندووە.

راپۆرتی كۆنگرەی كەشناسیی جیهانیی كە چوار ساڵ جارێك بڵاو دەكرێتەوە راگەیەندرا و ئاماژەی بەوە داوە لە 1970ەوە تاكوو 2021، 11 هەزار و 778 كارەساتی سروشتی روویان داوە.

لە راپۆرتەكەدا سەرنج خراوەتە سەر ئەوەی، بەهۆی گەرمای تاقەتپڕوكێن و كارەساتەكانی ئاووهەوا لەو 50 ساڵەدا زیاتر لە دوو ملیۆن كەس گیانیان لەدەست داوە و ئەم كارەساتانە بە بەهای چوار ترلیۆن و 300 ملیار دۆلار زیانیان بە ئابووری گەیاندووە.

ئەوەش ڕوونكراوەتەوە، بەهۆی سیستەمی هۆشداری پێشوەختە و هەماهەنگی لەگەڵ دامەزراوەكانی بەڕێوەبردنی كارەساتەكان لە ماوەی ئەم 50 ساڵەدا ژمارەی قوربانییانی كارەساتەكان كەم بووەتەوە.

وەك لەراپۆرتەكەدا هاتووە، لەسەدا ٩٠ی گیانلەدەستدانەكان لە سەرتاسەری جیهان لە وڵاتانی تازە پێشكەوتوودا بووە، زیانە مادییەكانی كارەساتەكانی وڵاتانی كەم پێشكەوتوو و وڵاتانی دوورگەییی بچووكدا ئێجگار زۆر بووە و نووسیوویشیەتی: "بەهۆی كارەساتە سروشتییەكانی 2020 و 2021 بە تێكڕایی 22 هەزار و 608 كەس گیانیان لەدەست داوە".

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن