فڕۆكەیەكی سەدام حسێن لە تونس دەفرۆشرێت

ڕاپۆرت

25/07/2023     ژمارەی بینراو 991

راچڵەكین- 

ماڵپەڕی فلایت گڵۆباڵ كە تایبەتە بە هەواڵ و زانیاریی تایبەت بە پیشەسازی فڕۆكەوانی، بڵاویكردووەتەوە، هێڵی ئاسمانی عیراقی دوو فڕۆكەی جۆری 747 جامبۆ لە زیادكردنی ئاشكرادا دەفرۆشێت كە یەكێكیان فڕۆكەی تایبەتی سەرۆكی ڕژێمی پێشوو بووە و پێش دەستپێكردنی جەنگی دووەمی كەنداو لە ساڵی 1991، گواستراونەتەوە بۆ تونس و تا ئێستا لەوێ ماونەتەوە.

بەپێی راپۆرتێك كە ئەمڕۆ سێشەممە لەلایەن ماڵپەڕەكەوە بڵاوكرایەوە، ئەو دوو فڕۆكەیەی لە فڕۆكەخانەی تۆرۆزی رۆژئاوای تونس دانراون، لە ساڵی 1991ەوە تا ئێستا لەوێ ماونەتەوە و ڕەنگەكانیان لەدەستداوە و سپی بوون و لە ئێستاشدا توانای فڕینیان نییە. 

هەر لە راپۆرتەكەدا هاتووە، ئەو دوو فڕۆكەیە لە ساڵی 1982 دروستكراون و بە بزوێنەری GT9Dی كۆمپانیای بارت و ویتنی ئەمریكایی تەیاركراون، لە ترسی بۆردومانكردنیان لە كاتی جەنگی كوێت لە ساڵی 1991دا بە قاچاخ ڕەوانەی تونس كران. لەو كاتەوە بەهۆی بڕیاری نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ قەدەغەكردنی گەشتەكانی عیراق، لەو شوێنەدا راگیراون. 

هێڵی ئاسمانی عیراقی رایگەیاندووە كە بەنیازە لە 16ی ئابی داهاتوودا  هەردوو فڕۆكەكە بخاتە زیادكردنی ئاشكراوە بۆ فرۆشتن و بە بەهای مەزەندەكراویش بۆ هەر فڕۆكەیەك 494 هەزار دۆلارە، لەنێو مەرجەكانی بەشداریكردن لە زیادكردنەكەدا، دەبێت بەشداربوو 20%ی ئەو بەهایە رادەستی وەزارەتی دارایی عیراق بكات، هەروەها براوەی زیادكردنەكەش دەبێت لە ماوەی حەوت رۆژدا گرێبەستەكە تەواو بكات و بەو مەرجانەی پەیوەستن بە بەكارهێنانی فڕۆكەكە لەدوای فرۆشتنی. 

پێشتر سەرچاوەكان رایانگەیاندبوو كە دەسەڵاتدارانی عێراق لە ساڵی 2020وە رەزامەندییان لەسەر پێدانی بڕی 4.8 ملیۆن یۆرۆ بە تونس وەك ڕێككەوتنی یەكلاكردنەوەی شایستەی دارایی دەربڕیوە بۆ خزمەتگوزاریی مانەوەی هەردوو فڕۆكە عیراقیەكە لەسەر خاكی وڵاتەكە كە لەنێویاندا فڕۆكەیەكی بۆینگ 747 جامبۆی سەرۆكایەتییە، ئەمەش بەو مانایەی زیانەكانی عیراق لەو نێوەندەدا دوو هێندەی نرخی ئەو دوو فڕۆكەیەن كە لە زیادكردنەكەدا دەفرۆشرێن. 

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن