راچڵەكین-
وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان سزای ئەو كارمەندانەی سەربەهێزە ئەمنییەكان دەدات كەلە كاتی جێبەجێكردنی ئەركەكانیاندا "كەمتەرخەمی دەكەن."
وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان، ئەمڕۆ هەیینی جارێكی تر ماوەی قەدەغەی هاتوچۆی لەشارەكانی هەرێم تا 16ی ئەم مانگە درێژكردەوە.
لە خاڵی 10 و 11ی رێنماییەكانی وەزارەتی ناوخۆ كەبۆ درێژكردنەوەی ماوەی قەدەغەی هاتوچۆ بڵاویكردووەتەوە، ئاماژە بەوەكراوە:" هەر كەسێك سەر بەهێزە ئەمنییەكانی راسپێردراو بەجێبەجێكردنی رێكارەكان كەمتەرخەمی بنوێنێت لەجێبەجێكردنی ئەم بەیانە لەكاتی ئەركدا یان پێشێلی بكات ئەوا (5) رۆژ زیندانی دەكرێت."
ئاماژە بەوەشكراوە:" هەر لیژنەیەك رێگە بدات بەبێ ئەوەی پێویست بێت، ئەگەر ئەندامەكەی لەسەر راژەی هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ بێت، بەهەمان بڕگە سزا دەدرێت، وەئەگەر لەسەر راژەی شارستانی بێت بەسزای سەرنجڕاكێشان و دوورخستنەوەی لەپۆستەكەی سزا دەدرێت."