راچڵەكین-
مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە رۆژی شەھیدی یەكێتیدا پەیامێكی بڵاوكردەوە و رایگەیاند، رۆژی شایەتی یەكێتییە لەسەر خەباتی نەپساوەی گەلەكەمان لەڕێی مافی چارەنووسدا.
دەقی پەیامەكەی مەكتەبی سیاسیی....
(۲۱ی۱۱) رۆژی شەھیدی یەكێتیی رۆژی شایەتی یەكێتییە لەسەر خەباتی نەپساوەی گەلەكەمان لەڕێی مافی چارەنووسدا.
رۆژی رێبازی (كەم بژی و كەڵ بژی)یە كە سەردەقشكێنانی شەھادەت؛ خاڵە شیھاب ، جەعفەر و ئەنوەر مۆری یەكێتیانەیان لێ دا و لەم كاروانە دوور و درێژەدا سەركردە ، فەرماندە، پێشمەرگە قارەمانەكانی سەنگەری نەبەردی لە شاخە سەركەشەكان ، تێكۆشەرانی زیندان و رێكخستنە نھێنییەكانی شۆرشی نوێ و شەھیدانی راپەڕین و رزگاری و بەرەنگاری تیرۆر و تۆقاندن و ستەمی ھەمە چەشنی دوژمنان گیانبازییان نواندووە و بەخوێن بوونەتە شەھید وشایەتی ئەم داستانە دوور و درێژە.
لەو رۆژەوە شار و ئاوایی ، رۆژ نییە و ساڵ نییە لە تەقویمی ژیانی نزیكەی پێنج دەیەی خەباتی گەلەكەمان یەكێتیی شەھیدی تیا نەدابێ و خەڵاتی ئازادی ئاوێتەی گوڵاڵە سوورەی قوربانیدان نەكردبێ.
یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان حزبی شەھیدانە ، بەڵام شەھیدخواز نییە، شەھیدپەروەرە ، ژیاندۆست و ئایندەخوازە لێ كە كوردایەتی و رزگاری و دیموكراتی خوێنی بوێ قەت درێغی ناكات، ئەگەرچی بژاردەی یەكەمی تێكۆشانی بێوچانی ھەمەلایەنەی سیاسیی و شارستانی و دیموكراتییە، بەڵام بۆ رزگاری كوردستان ھیچی لێ چاو نییە.
لەم رۆژە پیرۆزەشدا ھەم خەباتی ئاوەدانی درێژەپێدەدا و ھەم بەڵێن و وەفاداری بۆ رێبازی شەھیدانی بەڵێن و وەفای تاسەرە.
ھەروا پابەندێتی بە یادگارە شیرینەكانیان كە كەسوكاری شەھیدانن دووپات دەكاتەوە .
سڵاو لە گیانی پاكی شەھیدانی یەكێتیی و شۆرشی نوێ و تێكرای شەھیدانی كوردستان.
رۆحی سەرۆكی نەمر سەرۆك مام جەلال
شاد و ئاسوودە بێت.
مەكتەبی سیاسیی
یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان