نەتانیاهۆ سەردانی غەززە دەكات

جیهان

26/11/2023     ژمارەی بینراو 786

راچڵەكین -

سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل سەردانی كەرتی غەززە دەكات و لە لێدوانێكدا بۆ سەربازانی وڵاتەكەی رایدەگەیەنێت: دەبێ دڵنیابن كە چیتر ئەو ناوچەیە نابێتە هەڕەشە بۆسەر ئاسایشی ئیسرائیل.

نوسینگەی سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، ئەمڕۆ یەكشەممە، بنیامین نەتانیاهۆ بەمەبەستی بەسەركردنەوەی هێزەكانیان، سەردانێكی چاوەڕواننەكراوی بۆ ناوچەكانی كەرتی غەززە ئەنجامدا.

لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە، نەتانیاهۆ چەند ناوچەیەكی باكووری غەززەی بەسەركردەوەو چاوی بە سەربازانی ئیسرائیلی كەوت كە ئێستا كۆنترۆڵی بەشێك لەناوچەكانی غەززەیان كردووە، هاوكات چووە ناو یەكێك لە تونێلەكانی حەماس كە هێزەكانی ئیسرائیل لەچەند رۆژی رابردوودا دەستیان بەسەریدا گرت.

سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل لەمیانی چاوپێكەوتنی لەگەڵ ژمارەیەك لە ئەفسەرو سەربازانی وڵاتەكەی لەناو غەززە، رایگەیاند: ئامانجمان لە جەنگی غەززە، رزگاركردنی بارمتەكان و لەناوبردنی چەكدارانی حەماسە، دەبێ دڵنیابین كە جارێكی دیكە غەززە نابێتەوە بە هەڕەشە بۆسەر ئاسایشی ئیسرائیل.

سەردانەكەی نەتانیاهۆ بۆ غەززە، هاوكاتە لەگەڵ رێككەوتنی ئاگربەست لەگەڵ چەكدارانی حەماس، كە بەنێوەنگیری ئەمریكاو قەتەرو میسر ئەنجامدراوە، كە هەردوولا رێككەوتن لەسەر ئازادكردنی دیل و بارمتەكانی ئیسرائیل و فەلەستین و گەیاندنی كۆمەكی مرۆیی بۆ دانیشتووانی غەززە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن