سەرۆكی حكومەت لەبارەی دابەشكردنی مووچەی مانگی ئادار روونكردنەوە دەدات

کوردستان

03/04/2024     ژمارەی بینراو 804

راچڵەكین -

سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت توانراوە چارەسەرێكی گونجاو بۆ كێشەی خەرجكردنی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێم دابنرێت و هەوڵ دەدەین بەر لە جەژن، دەست بە دابەشكردنی مووچەی مانگی ئاداریش بكرێت.

مەسرور بارزانی، لە راگەیەندراوێكدا كە ئەمڕۆ چوارشەممە بڵاویكردووەتەوە، رایگەیاندووە، دوای هەوڵ و كۆششێكی زۆر، بە هاوكاریی هەردوو تیمی سەرۆك وەزیرانی حكومەتی فیدرال و تیمی حكومەتی هەرێمی كوردستان، توانرا چارەسەرێكی گونجاو بۆ كێشەی خەرجكردنی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێم دابنرێت.

سەرۆكی حكومەتی هەرێم روونیشیكردووتەوە، لەم دوو ڕۆژەدا دابەشكردنی مووچەی مانگی شوبات كۆتایی دێت و هەوڵ دەدەین بەر لە جەژن، دەست بە دابەشكردنی مووچەی مانگی ئاداریش بكرێت.

مەسرور بارزانی سوپاسی محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆكوەزیرانی فیدراڵ و هەموو ئەو هێز و لایەنانەی كرد كە هاوكار بوون تاكوو پێكەوە بتوانن بەسەر ئەو كۆسپ و تەگەرانەدا زاڵ ببن، وتیشی: لە ماوەی ڕابردوودا، هەوڵی زۆر دراوە كە هاووڵاتییانی هەرێم نائومێد بكرێن، بۆیە جارێكی دیكەش سوپاسی خۆڕاگریی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێم دەكەم. 

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن