سێ هاندەر بەهۆی یاریزانێکی ڕیاڵ مەدریدەوە زیندانی دەکرێن

وەرزش

10/06/2024     ژمارەی بینراو 178

راچڵەکین-

سێ هاندەری یانەی ڤالێنسیای ئیسپانیا، بەهۆی سووکایەتیکردنێکی رەگەزپەرەستانە بە ڤینیسیۆس جونیۆر بۆ چەند مانگ زیندانی دەکرێن و دوو ساڵیش بێبەش دەکرێن لە سەردانیکردن بۆ ناو یاریگاکانی تۆپی پێ.

دادگایەک لە ئیسپانیا سزای هەشت مانگ زیندانیکردن و قەدەغەکردنی سەردانیکردنی دوو ساڵ لە یاریگاکانی تۆپی پێ بۆ سێ هاندەری یانەی ڤالێنسیا سەپاندووە، بەهۆی ئەوەی سووکایەتییان بە ڤینیسیۆس جونیۆری یاریزانی بەڕازیلیی یانەی ڕیال مەدرید کردووە.

ئەم بڕیارە دەرئەنجامی ئەو ڕووداوانەیە کە لە ٢١ی ئایاری ٢٠٢٣ لە یاری نێوان ڤالێنسیا و ڕیال مەدرید لە هەفتەی سی و پێنجەمی خولی ئیسپانیا وەرزی ڕابردوو ڕوویانداوە و بەشێک لە هاندەرانی ڤاڵینسیا سووکایەتی رەگەزپەرەستانەیان بە ڤینیسیۆس کرد، کە ئەوکاتیش کاردانەوەی لێکەوتەوە و ئیدانە کرا.

دوای ئەو یارییە ڤینیسیۆس جونیۆر لە هەژماری "ئینستاگرام" پۆستێکی بڵاوکردەوە و نووسی:" لالیگا کە سەردەمانێک هی ڕۆناڵدینیۆ و ڕۆناڵدۆ (نازاریۆ) و کریستیانۆ ڕۆناڵدۆ و لیۆنێل مێسی بووە، ئەمڕۆ هی ڕەگەزپەرستەکانە."

لەمبارەیەوە خافێر تێباس، سەرۆکی لالیگا ڕایگەیاند: ئەم بڕیارە هەواڵێکی زۆر خۆشە سەبارەت بە بەرەنگاربوونەوەی ڕەگەزپەرستی لە ئیسپانیا، چونکە ئەو ئەزمونە هەڵەیە ڕاست دەکاتەوە کە ڤینیسیۆس جونیۆر تووشی بووە و پەیامێکی ڕوونیش بۆ ئەو کەسانە دەنێرێت کە بۆ سووکایەتیکردن دەچنە یاریگاکانی تۆپی پێ.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن