راچڵەكین -
دەستەی دەستپاكیی عیراق گەندەڵییەكی گەورە لە بانكێكی حكومی ئاشكرا دەكات و رایدەگەیەنێت، بەڕێوەبەری بانكەكە دەستگیركراوەو لەژێر لێكۆڵینەوەدایە.
دەستەكە لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، بەتۆمەتی زیانگەیاندن بە سامانی گشتی و پێدانی قەرز بەشێوەی نایاسایی بە هاووڵاتییەك، فەرمانی دەستگیركردن بۆ بەڕێوەبەری لقی سەقڵاویەی بانكی رافیدەین دەرچوو.
لە راگەیەندراوەكەدا ئاماژە بەوەكراوە، بەڕێوەبەری سەقڵاویەی بانكی رافیدەین كە لەسەر فەرمانی دادوەری دادگای لێكۆڵینەوەی ئەنبار دەستگیركراوە، بەشێوەیەكی نایاسایی بڕی پێنج ملیار دیناری بە قەرز داوەتە هاووڵاتییەك بەمەبەستی كردنەوەی زانكۆیەكی ئەهلی لە شاری فەلوجە.
دەستەی دەستپاكیی عیراق ئاشكراشیكردووە، لەو كەیسە فەرمانی دەستگیركردن بۆ تۆمەتبارێكی دیكەش دەرچووە، بەڵام بەهۆی نادیاریی شوێنی تۆمەتبارەكە، تائێستا دەستگیر نەكراوە.