راچڵەكین -
وەزارەتی بەرگریی توركیا ناوەڕۆكی لێكتێگەیشتنە ئەمنییەكەی لەگەڵ عیراق ئاشكرا دەكات و رایدەگەیەنێت: ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگیی ئەمنیی لە بەغدا دادەمەزرێت كە كارمەندانی تورك و عێراقی بەیەكەوە كاری تێدا دەكەن و پلانی ستراتیجی سەربازیی دادەنێن.
ئەدمیراڵ زەكی ئاكتورك، ڕاوێژكاری پەیوەندییەكان و ڕاگەیاندن لە وەزارەتی بەرگریی توركیا، لەمیانی كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ، ناوەڕۆكی ئەو لێكتێگیشتنە ئەمنییەی ئاشكراكرد كە رۆژی 15ی ئەم مانگە لەشاری ئەنكەرە لەنێوان فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوەی عیراق و هاكان فیدان، وەزیری دەرەوەی توركیا واژۆكرا.
ئاكتورك ڕایگەیاند: بەگوێرەی لێكتێگەیشتنەكە لەبارەی هاریكاریی ئەمنیی و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگیی ئەمنیی لە بەغدا دادەمەزرێت، كە كارمەندانی تورك و عێراقی بەیەكەوە كاری تێدا دەكەن و، تیایدا زانیاری هەواڵگریی لەنێوان هەردوولا ئاڵوگۆڕ دەكرێت و پلانی ستراتیجی سەربازییش دادەنرێت، سەرباری هەماهەنگیی بۆ وەستانەوە دژی ئەو رێكخراوە تیرۆریستییانەی كە مەترسی لەسەر هەردوو وڵات دروستدەكەن.
وەزارەتی بەرگریی توركیا ئاماژەی بەوەشكرد، پلان دادەنرێت لە ڕێگەی ناوەندی هاریكاریی و مەشقی هاوبەش كە هەر لە ڕێگەی ئەم ڕێككەوتنەوە لە باشیك دروستدەكرێت، مەشق بە هێزە ئەمنییەكانی عێراق بكرێت بە ئامانجی زیادكردنی تواناكان لە ڕووی ئەمنیی و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر.