راچڵەكین -
سەرۆكوەزیرانی عیراق رایدەگەیەنێت: وڵاتەكەی بە هەماهەنگی لەگەڵ هاوبەشە نێودەوڵەتییەكانی، هەموو هەوڵێكی خستووەتەگەڕ لەپێناو راگرتنی شەڕ لە لوبنان و كەرتی غەززە.
ئەمڕۆ یەكشەممە، محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆكوەیرانی عیراق، لەگەڵ عەباس عیراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران كۆبووەوە، كە بە سەردانێكی فەرمی لە بەغدایە.
نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆكوەزیرانی عیراق لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، لە كۆبوونەوەكەدا، گفتوگۆ لەبارەی پەیوەندییە دووقۆڵییەكانی نێوان عیراق و ئێران و دوایین پەرەسەندنەكان لەسەر ئاستی هەرێمی و نێودەوڵەتی كرا.
سوودانی بە وەزیری دەرەوەی ئێرانی راگەیاند، ئەولەویەتی حكومەتی عیراق لەئێستادا، كاركردنە بۆ راگرتنی هێرشەكانی ئیسرائیل بۆسەر باشووری لوبنان و كەرتی غەززە و گەیاندنی كۆمەك و هاوكاریی مرۆییە بۆ دانیشتووانی ئەو دوو ناوچەیە.
سەرۆكوەزیرانی عیراق وتیشی:" بەغدا بەهەماهەنگی لەگەڵ دۆست و هاوبەشە نێودەوڵەتییەكانی، بەتایبەتیش وڵاتانی ئەندامی یەكێتی ئەوروپا، هەموو هەوڵێك دەخاتەگەڕ لەپێناو راگرتنی شەڕ لە لوبنان و كەرتی غەززە، حكومەتی عیراقیش بەردەوام هۆشداریی لە پلانەكانی ئیسرائیل داوە بۆ فراوانكردنی پانتایی شەڕەكە، كە ئێستا ئەو پلانە بۆ تەواوی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ئاشكرا بووە".
سوودانی جەختی لەوەشكردەوە كە هەوڵەكانی وڵاتەكەی لەپێناو رێگریكردن لە فراوانبوونی ململانێكان، لە بەرژەوەندیی ئاسایشی نیشتمانیی عیراق و پاراستنی ئاسایشی تەواوی ناوچەكەدایە.