سەرۆكی نوێی دەستەی دەستپاكیی عیراق دەستنیشان دەكرێت

عێراق

23/10/2024     ژمارەی بینراو 202

راچڵەكین -

سەرۆكوەزیرانی عیراق كەسێكی دیكە لە شوێنی حەیدەر حەنون بۆ پۆستی سەرۆكی دەستەی دەستپاكیی عیراق دەستنیشان دەكات و بڕیارە لەچەند رۆژی داهاتوودا دەستبەكاربێت.

نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆكوەزیرانی عیراق بڵاویكردەوە، ئەمڕۆ چوارشەممە، محەمەد شیاع سوودانی، بڕیاریدا محەمەد عەلی لامی، بۆ پۆستی سەرۆكی دەستەی دەستپاكیی عیراق دەستنیشان بكات لەشوێنی حەیدەر حەنون، كە دوێنێ بەفەرمی لە پۆستەكەی بەخشراو گواسترایەوە بۆ وەزارەتی داد بەپلەی راوێژكاری تایبەت.

سوودانی، لە دیدارێكدا لەگەڵ هەریەك لە حەیدەر حەنون و محەمەد عەلی لامی، ستایشی كارەكانی سەرۆكی پێشووی دەستەی دەستپاكیی كرد كە بەدرێژایی ساڵانی رابردوو هەوڵی بێوچانی دا بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵكاران و ئاشكراكردنی دۆسییەكانی گەندەڵی.

سەرۆكوەزیرانی عیراق هیوای سەركەوتنیشی بۆ سەرۆكی نوێی دەستەی دەستپاكی لە ئەركەكەی خواست، كە یەكێكە لە كۆنترین بەڕێوەبەرە گشتییەكانی دەستەی دەستپاكی و ئەزموونێكی زۆری لەهەردوو بواری یاسایی و كارگێڕیدا هەیە.

بڕیاری لابردنی حەیدەر حەنون لە پۆستی سەرۆكی دەستەی دەستپاكی، لەدوای چەند سكاڵایەك دێت كە لەدژی ناوبراو تۆماركرابوون و تێیدا تۆمەتباریان كردبوو بە گەندەڵی و وەرگرتنی بەرتیل لە چەند كەسایەتییەك كە تۆمەتباربوون بە گەندەڵی.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن