راچڵەكین -
حكومەتی ئیسپانیا بڕیاریدا رێگە بە بەشداریكردنی ئیسرائیل و كۆمپانیاكانی ئەو وڵاتە لە پێشانگای نێودەوڵەتی بۆ بەرگری و ئاسایش، نەدات، كە بڕیارە ساڵی داهاتوو لە مەدرید بەڕێوەبچێت.
ئەمبارۆ فالكارسی، وەزیری دەوڵەت بۆ كاروباری بەرگری لە حكومەتی ئیسپانیا، لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: پێشانگای نێودەوڵەتی بۆ بەرگری و ئاسایش (FEINDEF) كە مانگی ئایاری 2025 لەشاری مەدرید بەڕێوەدەچێت، زیاتر لە 400 كۆمپانیای بەرگریی لەسەر ئاستی جیهان بەشداریی تێدا دەكەن.
وتیشی:" بەدڵنیاییەوە رێگە بە هیچ كۆمپانیایەكی بەرگریی ئیسرائیل نادرێت بەشداری لە پێشانگاكەدا بكات، ئەمەش هەڵوێستی فەرمی ئیسپانیایە بەرامبەر پێشێلكردنی یاسای نێودەوڵەتی لەلایەن ئیسرائیلەوە بەهۆی هێرش و بۆردومانەكانی لە لوبنان و فەلەستین".
پێشانگای نێودەوڵەتی بۆ بەرگری و ئاسایش (FEINDEF)، بە یەكێك لە 10 گەورە پێشانگا نێودەوڵەتییەكان لەسەر ئاستی جیهان دادەنرێت، كە بە بەشداری زیاتر لە 400 كۆمپانیای بەرگریی جیهانی، لەرۆژانی 12-14ی ئایاری 2025 لەشاری مەدرید-ی پایتەختی ئیسپانیا بەڕێوەدەچێت و تێیدا نوێترین ئامێرو كەرەسەتە جەنگییەكانی بواری بەرگری نمایش دەكرێت.
بڕیارەكەی ئیسپانیا لەدژی ئیسرائیل لەكاتێكدایە پەیوەندییەكانی نێوان ئەم دوو وڵاتە بە دۆخێكی ئاڵۆزدا تێپەڕدەبێت، بەتایبەت دوای بڕیارەكەی حكومەتی مەدرید بە دانپێدانان بە دەوڵەتی فەلەستین، ئەمەش كاردانەوەی توندی تەلئەڤیڤ-ی لێكەوتەوەو بڕیارەكەی وەك خەڵاتێك وەسفكرد كە ئیسپانیا پێشكەشی بزوتنەوەی حەماس-ی كردووە.