راچڵەکین-
سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند، عێراقیان لە شەر و ململانێی ناوچەکە
پاراست و لانەیەکانی دیکەش هەوڵیاندا
گۆڕانکاریی سوریا ببەستنەوە بە گۆڕینی سیاسیەوە لە عێراق.
ئەمرۆ شەممە،محەمەد
شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق، لە وتارێكدا لە مەراسیمی یادی ماتەمینی
ئایەتوڵاسەید محەمەد باقر حەكیم رایگەیاند،ماوەی زیاتر لە ساڵێكە عێراق و ناوچەکە
پەرەسەندنی بنەڕەتیی بەخۆوە دەبینێت و گۆڕانكاری سیاسی كاریگەریی لێكەوتوەتەوە.
ئاماژەی بەوەش کرد،لەسەرەتای
رووداوەكانی سوریاوە سوربوون لەسەر ئەوەی عێراق لایەنگری هیچ لایەن و گروپێك نەكات
و، بژاردە بۆ خەڵكی سوریا خۆیان بەجێبهێڵین بڕیار لەسەر چارەنوسی خۆیان بدەن، بەڵام كەسانێك
هەوڵیاندا گۆڕانكاریی لە سوریا ببەستنەوە بە قسەكردن لەسەر گۆڕینی سیستەمی
سیاسییەوە لە عێراق، ئەمەش بابەتێكە كە بواری گفتوگۆی تێدا نییە.
سودانی باسی لەوەش کرد، سیستەمێكی
فرەیی دیموكراتیان هەیە كە هەمووان لەخۆدەگرێت و زامنی ئاڵوگۆڕی ئاشتییانەی
دەسەڵاتە و رێگە بە چاكسازیی و راستكردنەوەی كەموكورتییەكان دەدات لەژێر چەتری
دەستورو یاسادا و هیچ كەسێك مافی ئەوەی نییە گۆڕانكاریی و چاكسازیی لە هیچ
دۆسیەیەكدا بەسەر عێراقدا بسەپێنێت، ئابوری بێت یاخود ئەمنیی، ئەمە لەگەڵ ئەوەدا
كە دان دەنێن بە بوونی پێویستیی بە پرۆسەی چاكسازیی لە سەرجەم جومگەكاندا.
ئەوەشی روونکردووەتەوە کە دەبێت پێداچوونەوە بە دەوتکەوتەکانیاندا بكەن، بەوانەشدا كە تێیدا
دواكەوتوون، دەستكەوتەكان گەورەترو زۆرترن، چونكە سیستەمێكی سیاسییان بنیادناوە كە
پشتبەستە بە دەستورێك كە نوێنەرایەتیی هەموو عێراقییەكان دەكات، هەروەها ئاستی
جێبەجێكردنی بەرنامەكانی حكومەت گەیشتوەتە زیاتر لە 60%، چونکە چاکسازیان لە
پەیكەریی ئیداری و ئابوریدا كردووە.
سودانی لەبارەی دەستکەوتەکانەوە ئەوەشی ئاشکرا کرد، کە وەک حکومەتی عێراق زۆر كاری گرنگیان تەواو كردووە
لەوانە سازدانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان، سەرژمێریی دانیشتوان، رێكخستنی
پەیوەندیی لەگەڵ هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی، چوارچێوەدانان بۆ پەیوەندییەكی نوێ لەگەڵ
نێردەی نەتەوە یەكگرتووەكان.وتیشی،"حكومەتەكەمان بەردەوامە لە چاكسازیكردن لە
دامەزراوە ئەمنییەكان، ئەمەش لەرێگەی لیژنەیەكەوە كە بە سەرۆكایەتیی ئێمە
دروستكراوەو نەخشەرێگایەكی داناوە بۆ بەدیهێنانی ئەو چاكسازییانەی كە
چاكسازییەكانی تر لە بواری ئابوری و ئیداریدا تەواو دەكات".
سەرۆک وەزیرانی عێراق لە کۆتایی وتارەکەیدا
جەختی لەوە کردەوە، کە حکومەتی
عێراق كاریكردووە بۆ دووبارە بنیادنانەوەی پەیوەندی عێراق لەگەڵ وڵاتان، لەسەر
بنەمای "دیپلۆماسیەتی بەرهەمدار"و دەستپێكردنی شەراكەتی ئابوریی و
گەشەپێدان كە عێراق دەكات بە خاڵی بەیەكگەیشتنی بەرژەوەندییەكان نەك مۆڵگەیەك بۆ
ململانێی و بەریەككەوتن و بۆ ئەومەبەستەش لەماوەی مانگەكانی رابردوودا كارمان
كردووە بۆ دورخستنەوەی عێراق لەوەی ببێت بە گۆڕەپانی جەنگ.