سەبارەت بە گرینلاند؛ روسیا وەڵامی ترەمپ دەداتەوە

جیهان

پێش 2 هەفتە     ژمارەی بینراو 321

راچڵەکین-

سەبارەت بە لێدوانەکەی دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا لەبارەی کڕینی دوورگەی گرینلاند لە باکووری دانیمارک، روسیا وەڵامی ترەمپ دەداتەوە.

بە گوێرەی میدیاکانی روسیا، ئەمڕۆ پێنجشەممە، کۆشکی سەرۆکایەتیی روسیا-کرێملین پشتڕاستی کردەوە کە "لە نزیکەوە بەدواداچوون" بۆ وتارە "سەیر"ەکەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا دەکات، کە باسی کڕینی هەرێمی جەمسەری باکووری دانیمارک "گرینلاند"ی کرد، کە روسیا بەرژەوەندیی سەرەکی تێدایە.

دیمیتری پێسکۆڤ، وتەبێژی کرێملین رایگەیاند: وڵاتەکەمان بەرژەوەندیی لەو هەرێمەدا هەیە، "ئێمە لە نزیکەوە بەدواداچوون بۆ هەر پێشهاتێک لەو بارەیەوە دەکەین، کە خۆشبەختانە تا ئێستا تەنها قسەیە".

ترەمپ چەندین جار خواستی خۆی بۆ بەدەستهێنانی ئەو دوورگەیە دەربڕیوە کە دەکەوێتە نێوان زەریای جەمسەری باکوور و زەریای ئەتڵەسی و هەرێمێکی سەربەخۆیە لە چوارچێوەی شانشینی دانیمارک.

ئەمریکا لە ساڵی 1957ـەوە بنکەیەکی سەربازی گەورەی لە گرینلاند هەیە و هەردوولا پەیوەندییەکی قووڵی سەربازی و ئابووری لەنێوانیاندا هەیە.

هـ . یـ

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن