راچڵەکین-
بەگوێرەی میدیا ناوخۆییەکانی عێراق،
ماوەی چەند رۆژێکە ئێران دەستی كردووە بە درووستكردنی بەنداوێك لەسەر سنووری
عێراق، کە 70٪ـی ئاوی باران و لافاو گلدەداتەوە.
ئەكرەم خەززاعی، قایمقامی پێشووی
مەندەلی بە میدیا ناوخۆییەکانی عێراقی راگەیاندووە، ئێران دەستی كردووە بە
درووستكردنی گەورەترین بەنداو لە سەر سنوورەكانی عێراق، كە كاریگەری گەورە بۆسەر
ئاستی ئاو لەو وڵاتە دروست دەكات.
ئاماژەی بەوەش کرد،ناوی بەنداوەكە شەریف
شایە و دەكەوێتە سەر لێژاییەكانی دۆڵی حەران، كە ساڵانە ڕێژەیەكی زۆری ئاوی باران
و لافاوی تێدا كۆدەبێتەوە و پاشان دەڕژێنە نێو خاكی عێراق، هەروەها درووستكردنی
بەنداوەكە كەوتووەتە بواری جێبەجێكردنەوە، کە دەتوانێت 70٪ـی ئاوی لافاو و باران
گلدەداتەوە و 30 كیلۆمەتر لە سنووری عێراقەوە دوورە و لە داهاتوودا كاریگەری گەورە
بۆسەر ئاستی ئاو لە عێراق دروست دەكات.
ئەو بەرپرسە عێراقییە لەکۆتایدا وتی،"95٪ـی
ئاوی باران و لافاو لە عێراق بەهۆی نەبوونی بەنداوی پێویست گل نادرێتەوە و سوودی
لێ نابیندرێت".