راچڵەکین-
هەمواری بڕگەی "ج" لە ماددەی 12ـی یاسای بودجەی گشتیی عێراق كە تایبەت بە نرخی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوتە لە هەرێمی كوردستان، ئەمڕۆ لە پەرلەمانی عێراق پەسەندکرا و بڕیار لەسەر تەرخانکردنی 16 دۆلار وەک تێچووی بەرهەمهێنانی بەرمیلێک نەوت درا. دەقی هەموارەکە چی دەڵێت و چۆن هەموار کرایەوە
دەقی ماددەی 12ـی بڕگەی "ج" پێش هەموارکردنەوە :
دەقی ماددەی 12 بڕگەی " ج" پێش هەموارکردنەوەی لەلایەن پەرلەمانی عێراق، پەیوەستبوو بە هەناردە و بەکارهێنانی بۆری نەوتی عێراق - تورکیا بەبێ گەڕانەوە بۆ حکومەتی فیدڕاڵ هەر بۆیە لەسەر سكاڵای حكومەتی عێراق و لەسەر بەكارهێنانی بۆری نەوتی جەیهان بۆ هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان بەبێ وەرگرتنی رەزامەندی بەغدا، لە رۆژی 8ـی شوباتی 2023ـدا دادگای باڵای ناوبژیوانی نێودەوڵەتی پاریس بە بڕی یەک ملیار و 500 ملیۆن دۆلار قەرەبووی بەسەر توركیادا سەپاند، ئەمەش توركیای ناچاركرد لە رۆژی 25ـی ئازاری 2023ـدا هەناردەی نەوتی هەرێم رابگرێت.
هاوکات سەرباری ئەوەی لە مانگی ئۆكتۆبەری هەمان ساڵ توركیا بەهۆی هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا لەگەڵ عێراق كەوتە گفتوگۆکردن بۆ رێككەوتن لەسەر چارەنوسی قەرەبووەكە و ئامادەیی خۆی نیشاندا بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم بەوشێوەی كە حكومەتی فیدراڵی عێراق دەیەوێت، بەڵام هەناردەی نەوت دەستی پێنەكردەوە.
حكومەتی عێراق لەسەرەتاوە بەدوای ئەوەدا دەگەڕا کە یاسای نەوت و غازی گشتی دەربكات، لەم یاسایەدا چارەسەری ریشەیی بۆ ناكۆكییەكانی نێوان هەولێر و بەغداد سەبارەت بە چۆنیەتی ئیدارەدانی سامانی نەوت و غاز بدۆزێتەوە، هەروەها ئەم یاسایە كە دەبوو لە ساڵی 2005 دوای پەسەندكردنی دەستوریی هەمیشەیی عێراق دەربكرایە بەڵام تا ئێستا ئامادە نەکراوە، ئەم جارەش عێراق شكستی هێنا لە سەرەتای ئەمساڵەوە هەردوو حكومەت دەستیان كرد بە تاوتێكردنی رەشنوسێكی نوێی یاسای نەوت و غاز، بەڵام بۆچونیان زۆر لەیەكترەوە دوور بوو، بۆیە ئەمجارە سەری بابەتەكە نرایەوە.
لە رۆژی 5ـی مانگی رابردووی ئەمساڵ، ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق پرۆژە یاسایەکی پەسەند کرد بۆ هەموارکردنەوەی ماددەی " 12ی دووەمی بڕگەی ج" لە یاسای بودجەی فیدڕاڵیی سێ ساڵەی عێراق بە پشتبەستن بە یاسای ژمارە 13ی ساڵی 2013ـی تایبەت بە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان کە پەیوەستە بە گرێبەستە نەوتییەکانی هەرێم.
دەقی ئەو ماددەی یاسایانەی بودجە کە هەموار کراونەتەوە:
ماددەی 12:
شایستە داراییەكانی نێوان حكومەتی فیدراڵی و حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ ساڵانی 2004 بۆ 2022 پاكتاو دەكرێت، دوای وردبینیكردنی لەلایەن دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵ بە هەماهەنگیی لەگەڵ دیوانی چاودێری دارایی لە هەرێم، پشتبەست بەو ماف و پابەندییانەی كە لە یاساكانی بودجەی فیدراڵی تایبەت بە هەر ساڵێكی دارایی هاتووە.
بڕگەی ئەلف: حكومەتی هەرێمی كوردستان پابەندە بە هەماهەنگیكردن لەگەڵ وەزارەتی نەوتی فیدراڵ لە بارەی نەوتی خاوی بەرهەمهێنراو لەو كێڵگانەی دەكەونە هەرێم بۆ کۆگاکردنی كۆمپانیای سۆمۆ کە هەڵدەستێت بە بازاڕخستنی نەوتی عێراق لە بەندەری جەیهانی توركیا، بەجۆرێك لە 400 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە كەمتر نەبێت، چونکە بەگوێرەی داتای مانگانەی پێشكەشكراو لەلایەن وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێمی كوردستان و پەسەندكردنی لەلایەن وەزارەتی نەوتی فیدراڵ و دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵ بەهەماهەنگیی لەگەڵ دیوانی چاودێری دارایی هەرێم، كۆمپانیای سۆمۆ بە هەماهەنگیی لەگەڵ وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێم، بە هەمان نرخ و میكانیزمی پشت پێ بەستراوی فرۆشتن لەلایەن كۆمپانیای سۆمۆوە هەناردەكردنی ئەو بڕە لە ئەستۆدەگرێت و داهاتەكانی وەكو داهاتی كۆتایی بۆ خەزێنەی فیدراڵ، تۆماردەكرێت.
بڕگەی با: لە حاڵێكدا نەتوانرا لەرێگەی بەندەری جەیهانی توركی یان هەر دەروازەیەكی فەرمی ترەوە كە وەزارەتی نەوتی فیدراڵ دیاری بكات، نەوتی هەرێم هەناردە بكرێت ئەوە راستەوخۆ حكومەتی هەرێمی كوردستان پابەندە بە رادەستكردنی بڕی نەوتی ئاماژەبۆكراو لە بڕگەی دووەم/ا ـی ئەم ماددەی 12 لەژێر سەرپەرشتی وەزارەتی نەوتی فیدراڵ، بەمەبەستی بەكارهێنانی لەناوخۆدا و بەگوێرەی ئەو پێداویستییەی كە وەزارەتی نەوتی فیدراڵ دیاری دەكات.
بڕگەی "ج" مشتومڕە گەورەکەی لەسەرە کە وەزارەتی دارایی فیدراڵ قەرەبووكردنەوەی خەرجییەكانی وەبەرهێنان و گواستنەوەی بڕی ئەو نەوتە وەبەرهێنراوەی هەرێم دەگرێتە ئەستۆ، كە رادەستی وەزارەتی نەوتی فیدراڵ دەكرێت بەگوێرەی هەردوو بڕگەی " ئەلف و با " ی هەمان ماددە، بەمەرجێك خەرجی وەبەرهێنان و گواستنەوە هاوتای خەرجی وەبەرهێنان و گواستنەوەی یەك بەرمیل نەوت بێت لە وەزارەتی نەوتی فیدراڵ و بە لێدانی لەگەڵ ژمارەی ئەو بەرمیلانەی كە رادەستدەكرێن، بەگوێرەی حوكمەكانی ئەم ماددەیەبێت.
بڕگەی دال: حكومەتی هەرێم پابەندە بە رادەستكردنی داهاتە نانەوتییەكان بە خەزێنەی دەوڵەت بەگوێرەی یاسای ئیدارەی دارایی عێراق، بەمەرجێك دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵ بەهەماهەنگیی لەگەڵ دیوانی چاودێری دارایی هەرێم وردبینی بكات لەو تۆمارانەی كە تایبەتن بەم داهاتانەوە.
بڕگەی هـ: وەزارەتی دارایی فیدراڵ پابەند دەبێت بە پێدانی شایستەكانی هەرێم بەشێوەی مانگانە، بەگوێرەی حوكمەكانی ئەم یاسایە، دوای جێبەجێكردنی بڕگەكانی " ئەلف، با،،ج،دال"ـی هەمان ماددە کە دەبێت هەماهەنگیی لەگەڵ وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێم بكرێت، هەروەها وەزارەتی دارایی و سامانە سروشتیەکانی هەرێم بودجەی پێداچونەوەی مانگانە بۆ فەرمانگەی ژمێریاری عێراق بنێرێت، بۆ ئەوەی بخرێتە ناو تێكڕای حساباتی مانگانەی دەوڵەتەوە، بەمەرجێك حسابی تایبەت بە ماف و پابەندییە نەوتی و نانەوتییەكانی هەردوولا پاكتاو بكرێت، دوای وردبینیكردنی لەلایەن دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵ و بەهەماهەنگیی لەگەڵ دیوانی چاودێری دارایی لە هەرێم لەسەر بنەمای وەرزیی کە بە بەجۆرێك گرەنتی پێدان و پاكتاوی ئەو شایستانە بكات بەشێوەیەكی رێكوپێك.
بڕگەی و : ئەو پارانەی کە بانكی بازرگانی عێراق لە ئەستۆی حكومەتی هەرێمی كوردستاندایە لە بانكە حكومی و تایبەتەكاندا پاكتاو دەكرێت و وەزارەتی دارایی فیدراڵ هەڵدەسێت بە دانانی خشتەی قیستی مانگانە و لە پشكی هەرێم دەبڕدرێت، ئەمەش بە پێدانەوەی قیستەكانی عێراق لە ساڵی دارایی 2023ـەوە دەستپێدەكات تاوەکوو ساڵی 2030.
ئەمڕۆ یەکشەممە، ماددەی 12 بڕگەی "ج" کە کێشەی نێوان هەرێم و عێراق بوو بەم جۆرە هەموار کرایەوە:
رۆژی 11ـی 11ـی ساڵی رابردوو ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق خوێندنەوەی یەكەمی بۆ هەمواری یەكەمی یاسای بودجەی سێ ساڵە 2023-2024-2025 کرد و هەموارەكە لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقەوە رەوانە كراوە بۆ پەرلەمان، تێیدا تەنیا یەك بڕگە هەموار كرا كە پەیوەندی بە نەوتی هەرێمی كوردستانەوە هەیە، هەروەها ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەقی پرۆژەی هەموارەكەی بڵاوكردەوە، كە تەنیا بۆ "بڕگەی ج/ دووەم"ـی ماددەی 12ی یاسای بودجەیە و بڕگەکانی دیکە ناگرێتەوە.
دەقی هەموارەكە بەمجۆرەیە:
ماددەی 1ـی دەقی بڕگەی "ج" لە بەندی دووەمی ماددەی 12ـی یاسای بودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵە داراییەكانی 2023-2024-2025 هەڵدەوەشێتەوە و ئەم هەموارە دەخرێتەوە شوێنی بە ژمارە و نوسینی بەندەکانەوە:-
بڕگەی "ج" بەندی یەک: وەزارەتی دارایی فیدراڵ لە خەرجی سیادی قەرەبووی تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی ئەو بڕە نەوتە دەكاتەوە كە لە هەرێم بەرهەمدەهێنرێت و لەلایەن كۆمپانیای بەبازاڕخستنی نەوتی عێراق سۆمۆ یاخود راستەوخۆ لەلایەن وەزارەتی نەوتی عێراقەوە بە گوێرەی هەردوو بڕگەی "ئەلف و با"ـی ئەم بەندە وەربگیرێت بەو مەرجەی تێچووی خەمڵێندراوی دادپەروەرانەی بەرهەمهێنان و گواستنەوە لە هەر كێڵگەیەك لەلایەن دەستەیەکی راوێژكاری هونەریی نێودەوڵەتیی پسپۆڕەوە كە وەزارەتی نەوتی عێراق بە رێككەوتن لەگەڵ وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێم دیاری دەكەن هەڵدەستێت بە خوێندنەوە و بەدواداچوون لەبارەی تێچووی راستەقینەی نەوتی کێڵگەکانی هەرێم لە ماوەی 60 رۆژدا، هەر بەگوێرەی هەمان بەند ئەگەر لەو ماوەیەدا خەرجی دیاری کرا و هەردوو حکومەت نەگەیشتنە رێککەوتن ئەوە بۆ جاری دووەم ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق هەڵدەستێت بە دیاریکردنی دەستەیەکی راوێژکاری بۆ هەمان پرس.
ئەو لایەنە راوێژكارییە هونەرییە كە لە خاڵی 1ـی ی ئەم بڕگەیەدا هاتووە، خەرجی خەمڵێندراوی بەرهەمهێنان و گواستنەوە پێشكەشی هەردوو وەزارەتی دارایی و نەوتی فیدراڵ و حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكات و بۆ مەبەستی ئەم یاسایە پشتی پێدەبەسترێت هەروەها ئەو قەرەبووەی كە لە خاڵی 1ـی ئەم بڕگەیەدا هاتووە لەسەر بنەمای تێچووی بەرمیل لێكدانی ژمارەی بەرمیلی رادەستكراو بەگوێرەی بڕگەكانی "ئەلف و با" ئەم بەندە ئەژماردەكرێت و وەزارەتی دارایی فیدراڵی ئەركی پێدانی ئەو بڕە پارانە بە حكومەتی هەرێم لەئەستۆ دەگرێت.
بەشێوەیەكی خێرا دەستدەكرێت بە رادەستكردنی نەوتی بەرهەمهێنراوی هەرێم بە كۆمپانیای بەبازاڕخستنی نەوتی عێراق لەلایەن کۆمپانیای سۆمۆ یاخود وەزارەتی نەوتی فیدراڵ بەگوێرەی بڕگەكانی "ئەلف و با" قەرەبووی تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوە بەشێوەی پێشینە دەبێت لەلایەن وەزارەتی دارایی فیدراڵەوە، بەبڕی 16 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێك بۆ هەرێم تەرخان دەکرێت كە دوای تەوابوونی كارەكانی لایەنە راوێژكارییە هونەرییەكە پاكتاو دەكرێت كە لە خاڵی 1ـی ئەم بڕگە هەموارکراوەدا هاتووە.
ئەم یاسایە لە رۆژی بڵاوبوونەوە و پەسەندکردنی لەلایەن پەرلەمانەوە دەكەوێتە بواری جێبەجێكردنەوە و ئامانجی دەركردنی ئەم یاسایە، وەكو لە دەقەكەدی هاتووە (دانانی لایەنێكی راوێژكاریی هونەریی نێودەوڵەتییە كە كاربكات بۆ ئەژماركردنی تێچووی خەمڵێندراوی دادپەروەرانەی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوتی بەرهەمهێنراو لە هەرێمی كوردستان، هەر كێڵگەیەك و بە جیا، لەپێناو پاراستنی سامانی نیشتمانی و بەهێزكردنی داهاتە فیدراڵییەكان.
هاوکات بەپێی ماددەی 12ـی بڕگەی "ج"ـی هەموار کراو تاوەکو ئەوکاتەی دامەزراوەیەکی راوێژکاریی نێودەوڵەتیی تایبەتمەند، نرخی بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان دیاری دەکات، حکومەتی عێراق لە بەرامبەر بەرهەمهێنان و گواستنەوەی بەرمیلێک نەوت 16 دۆلار دەداتە هەرێمی کوردستان کە ماوەکەی دوو مانگە و لەو ماوەیەشدا ئەگەر هەرێمی کوردستان نەوت رادەست بکات و پابەند بێت پێوەی ئەوە مانگانە دەکاتە 12 ملیۆن بەرمیل و پارەى تێچووەکەى 192 ملیۆن دۆلارەکە کە ئەگەر ئەو بڕە دۆلارە بە 130 هەزار دینارى نرخی فەرمی هەژمار بکرێت دەکاتە 249 ملیار و 600 ملیۆن دینار دەکات کە لەلایەن بەغداوە وەک تێچووی بەرهەمهێنانی نەوت دەدرێتە هەرێم.